
ڕووپێوی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان لە هەرێمی کوردستان و عێراق، لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و بە هەماهەنگی و پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی بانکی نێودەوڵەتی ئەنجامدراوە. ڕووپێوییەکە لە ١ی تەممووزی ٢٠٢٣ دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و لە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٤ کۆتایی پێهێنراوە.
خولی یەکەمی ڕووپێویی ئابووری و کۆمەڵاتیی خێزان لە ساڵی ٢٠٠٧ و خولی دووەمی لە ساڵی ٢٠١٢ ئەنجامدراوە. بە یەکێک لە پڕۆژە ئامارییە گرنگەکان دادەندرێت. مەبەستی ڕووپێوییەکە زانین و دەستنیشانکردنی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێزانەکانە بەگشتی.
ئەنجامەکانی ڕووپێوییەکە کە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندراوە، دەستنیشانی چەند دۆخێکی گرنگ دەکات، لەناویاندا ڕێژەکانی هەژاری و بێکاری لە هەرێمی کوردستاندا.
خشتەی خوارەوە ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستان دیاری دەکات

ڕووپێوی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان لە هەرێمی کوردستاندا، هێڵی هەژاری بە ١٣٧ هەزار دینار بۆ هەر تاکێکی خێزان لە ماوەی ساڵانی ٢٠٢٣ تا ٢٠٢٤ دەستنیشان کردووە. بەو جۆرە، ئەگەر تاکێک مانگانە کەمتر لە ١٣٧ هەزار دینار داهاتی هەبێت، لە خوار هێڵی هەژاری دادەندرێت، بەو جۆرەیش ئەگەر خێزانێک لە پێنج ئەندام پێکهات بێت و مانگانە کەمتر ٦٨٥ هەزار دینار خەرجییان هەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، دەکەونە خوار هێڵی هەژارییەوە.
ئەنجامەکانی ڕووپێوییەکە پیشانی دەدەن کە ڕێژەی نزیکەی ٩٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە خوار هێڵی هەژارییەوە دەژین. بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە ڕێژەی ١٩.٣٪ی دانیشتووان لەخوار هێڵی هەژارییەوە دەژین، بارودۆخی خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان زۆر باشترە.
زۆرترینی تاک و خێزانەکانی هەرێمی کوردستان کە لە خوار هێڵی هەژاریدا دەژین لە پارێزگای دهۆکن کە ڕێژەی ١٤.٨٪ پێکدەهێنێت، لە پلەی دووەمیدا پارێزگای سلێمانی بەڕێژەی ٧.٩٪ و لەپلەی سێیەمیشدا پارێزگای هەولێر دێت کە ڕێژەی هەژاری تێیدا ٥.٩٪ دەبێت.
هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری
ڕووپێوییەکە دەستنیشانی کردووە کە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٨ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤ ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستاندا بۆ زیاتر لە دوو هێندە هەڵکشاوە.

وەک لە خشتەی سەرەوەدا ڕوونکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠١٢دا ڕێژەی هەژاری لە هەرێمی کوردستاندا ٣.٥٪ بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ٨.٦٪ بەرزبووەتەوە، ئەوەش هەڵکشانێکە بە زیاتر لە دوو هێندە لەماوەی ئەو ساڵانەدا.
قەبارەی گەورە لە هەڵکشانی ڕێژەی هەژاری بەگوێرەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە دوو پارێزگای دهۆک و سلێمانی بووە و بەڕێژەیەکی کەمتریش لە پارێزگای هەولێر.
ساڵی ٢٠١٢ ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای سلێمانی تەنیا ٢٪ بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٤ادا بۆ نزیکەی ٨٪ هەڵکشاوە. هاوکات ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەی هەژاری لە پارێزگای دهۆک ٥.٨٪ بووە، بەڵام ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ١٤.٨٪ بەرزبووەتەوە.
بێکاری لە هەرێمی کوردستاندا
بەگوێرەی ڕووپێوی ئابووری و کۆمەڵایەتیی خێزان لە هەرێمی کوردستاندا، ڕێژەی بێکاری لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٤ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.

وەک لە خشتەی سەرەوەدا ڕوونکراوەتەوە، ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٤ ڕێژەی ١٤.٧٩٪ی پێکهێناوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕێژەکە ١٦.٥٪ بووە. هاوکات بەراورد بە عێراق ڕێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستاندا زیاترە، لەکاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە پارێزگاکانی عێراق بە ١٣.٤٨٪ دەستنیشان کراوە لە ساڵی ٢٠٢٤دا.
بەگوێرەی ڕووپێوییەکە زۆرترین ڕێژەی بێکاری لەسەر ئاستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا لە پارێزگای دهۆک بووە کە ڕێژەی ١٧.٤٧٪ پێکدەهێنێت. لە پلەی دووەمیشدا لە پارێزگای هەولێر کە ڕێژەی ١٤.٦٧٪ و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای سلێمانی دێت کە ڕێژەی بێکاری تێیدا ١٣.٦١٪ بووە.



