شرۆڤه‌

پێش بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەت بیدە بە ئیدیتەرێک

ئەزموونی نۆ مانگ لەگەڵ دلاوەر ڕەحیمیدا

 

بە بەراورد بە زۆرێک لە میللەتانی دنیا کە لەمێژە نووسینی ڕۆمان تێیاندا لە دەگمەنەوە بووە بە یەکێک لە کایە ئەدەبییە سەرەکییەکان، کورد درەنگ پێی گەیشتووە. ڕۆمان، ئەدەبی شارە. کەرەستەکانی ڕۆمانی پێ درووست دەبێت، لە شاردا لەدایک بوون و ئێمەش جارێ لە کەرەستەکانی شاربووندا کەموکوڕیمان هەیە، ئەمەش ڕەنگە هۆکارێکی ئەم پاشکەوتنەمان بێت. ئێستە نووسینی ڕۆمان، هەنگاوی بڕیوە و ساڵانە دەیان ڕۆمان دەنووسرێن، ئەمەش ئەگەرچی زۆر نییە، بەڵام لەو دۆخە باشترە کە پێش پازدە بیست ساڵ، تەنیا چەند ڕۆماننووسێکمان هەبوون. پاش هەوڵی زۆربوونی ژمارەی ڕۆمانەکان، ئیدی کاتی ئەوەیە هەوڵ بۆ ڕۆمانی باش بدرێت و هەڵسەنگاندن و خەڵاتی باشترین ڕۆمانەکان بێتە کایەوە. ئەمەش واتە سێ پڕۆسەی جیاواز: فلتەری ئیدیتەر پێش بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە، ڕەخنەی ڕەخنەگرانی ئەدەبی پاش بڵاوبوونەوەی، سێیەمیش کە بریتییە لە خەڵات، پێویستی بە دامەزراوەی زەبەلاحی کەلتووری هەیە، ئەویشمان لە کوردستاندا نییە.

پێش ئەوەی بپەڕینەوە بۆ سێیەم، داخۆ ئیدیتەر و ڕەخنەگرمان هەیە؟ قسە زۆر لەسەر ڕەخنەگری ئەدەبی کراوە، داخۆ ئەو خوێندنەوانەی بۆ ڕۆمانەکان دەکرێن، تا چەند لە ڕووی تیۆرییەوە دەچنە قاڵبی ڕەخنەی ئەدەبییەوە، من لێرەدا نامەوێت هیچی دیکەی بخەمە سەر، بەڵام کەمترین قسە لەسەر ئیدیتەر کراوە. ڕەنگە بڵێم ئەمە هونەرێکە هێشتا لە کوردستاندا نەبووەتە باو و بیری لێ نەکراوەتەوە. ئادەی چەند ڕۆمانی ڕۆماننووسی کوردمان هەیە، ئیدیتەر پێیدا چووبێتەوە و ئیدیتەر بڕیار لەسەر بڵاوبوونەوەی بدات؟ ڕاستییەکەی من نازانم چەندمان هەیە!

چیرۆکنووس و ڕۆماننووسێکی بە ئەزموون، بابەتێکی نووسیبوو، بە شانازییەوە باسی لەوە دەکرد کە تا ئێستە هیچ دەقێکی خۆی پێش بڵاوکردنەوە پیشانی تەنانەت هەڵەگریش نەداوە، نەوەک ئیدیتەر، بیانووەکەشی ئەوە بوو، ئەگەر شتێکی وا بکات، خوێنەر یەکسەر دەڵێن، ئەو ڕۆمانە ئەگەر فڵان بۆی چاک نەکردایە، نەدەبووە ڕۆمان. نووسەری ناونەهاتوو لە ئەوروپاش دەژی و دەزانێت ئەگەرچی ناوبانگی ئیدیتەر وەک ناوبانگی ڕۆماننووس فرەوان نییە، بەڵام بایەخی ئیدیتەر هیچی لە بایەخی ڕۆماننووسەکە کەمتر نییە. بۆ نموونە ئەدەبدۆستانی دنیا دەزانن، هەر ڕۆمانێکی خۆسێ ساراماگۆی پرتوگالی کە “ڕیتا بیس” ئیدیتی کردووە، زۆر جوانترە. مەکسیم گورکی، ئیدیتەری زۆربەی ڕۆماننووسە ڕووسەکان بوو بە لیۆ تۆلیستۆی، باوکی ڕۆحیی ئەدەبی ڕووسیشەوە.

لە ماوەی چەند ساڵی کارکردنم لەسەر ڕۆمانەکەم، بەردەوام بیرم لەوە دەکردەوە، پێویستە پێش ئەوەی بڵاوی بکەمەوە، پیشانی کۆمەڵێک کەسی بدەم کە وەک سەرنج بیخوێننەوە و دوو بۆ سێ کەسیش وەک ئیدیتەر هەڵبژێرم. جگە لەوەی بەردەوام بە دوو زمان لەسەر هونەر و تەکنیکەکانی ڕۆمانم دەخوێندەوە، بیرم لەوە دەکردەوە کێ وەک ئیدیتەر هەڵبژێرم. هەر ناوێکم دەخستە مێشکمەوە، لێی نزیک دەبوومەوە و دەکەوتمە گفتوگۆ لەگەڵیدا، بۆ ئەوەی بزانم دەتوانم ڕۆمانەکەمی بدەمێ یان نا، پاش کۆمەڵێک دزینی سەرنج، ئیدی بۆم دەردەکەوت کە ناتوانێت ببێتە ئیدیتەری ڕۆمانەکەی من. لەناویاندا دلاوەر ڕەحیمی، ئەدیب و ڕەخنەگرم هەڵبژارد.

هەڵسەنگاندنی من بۆ ڕەحمی، لەبەر ئەوە نییە لە بەراورددا لەگەڵ شارەزاکانی دیکە (بێ ناوهێنان) پێوانەم بۆ ئاستی مەعریفی کردبێت کە ئەمە شتێکی خراپە وەک نووسەرێک پلەبەندی بۆ مەعریفەی هاوڕێ نووسەرەکانم دابنێم. بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێکی ڕیشەیی ئەوەیش ئەوەیە، ئەو کەسە سەر بە چ ڕێبازێکە؟ لەناو گفتوگۆکانماندا لەگەڵ هەر یەک لەو بەڕێزانە، بۆم دەردەکەوت جگە لەو شێوازەی خۆی چێژی لێ دەکات، شێوازی دیکە بە پەسەند نازانێت. ئەمە بۆ من زۆر خراپە، چونکە ناکرێت ڕۆمانەکەت بدەیتە دەست ئیدیتەرێک، ڕەنگە لە بنەڕەتەوە شێوازەکەی تۆی پێ هەڵە بێت. (ئێمە لێرە باسی شێواز دەکەین نەوەک ناوەڕۆک، ئیدیتەر بڕیار لەسەر ناوەڕۆک نادات.) واتە ئەگەر من چوارگۆشەیەکی خواروخێچ بدەمە ئەو ئیدیتەرە، هەوڵ دەدات بۆم بکات بە سێگۆشە، ئەمەش وا دەکات ڕۆمانەکەم بشێوێت. پێش ئەوەی ڕۆمانەکەمی بدەمێ، لە گفتوگۆیەکماندا قسەیەکی کرد، زانیم کەسێکی باشم هەڵبژاردووە، گوتی: “من بەپێی بانگەشەکانی خۆی، ڕەخنە لە نووسەر دەگرم.” ئەمە بۆ من زۆر گرینگ بوو. تەنانەت لەناو ئیدیتەکەی دلاوەردا کە هەڵەگریی ڕێنووس ئیشی ئەویش نەبوو، جار جار وشەیەکی بۆ ڕاست دەکردمەوە و دەیگوت: “تۆ بە کتێبی ڕاستنووسی بانگەشەی ڕێنووسێکی ڕاست دەکەیت، پێویستە دەقی خۆت لە ئاستی بانگەشەکەتدا بێت.”

ڕەنگە دنیابینیی من و دلاوەر، ئێرە و بانە لەیەک دوور بن، ڕەنگە هەر نەگەینەوە بە یەک، بەڵام هەرگیز ڕەخنەیەکی لەسەر ئایدیاکانم لە ڕۆمانەکە لێ نەگرتم، هەوڵی نەدا شێواز و ڕیتمی ڕۆمانەکە بخەمە سەر ئەو ئاقارەی خۆی پێی خۆشە، بەڵکوو لەسەر هەمان ئەو ڕێگەیەی ڕۆمانەکە خۆی دەڕوات، گرفتە تەکنیکییەکانی بۆ نەهێشتم. واتە لەجێی ئەوەی چوارگۆشەم بۆ بکات بە سێگۆشە، چوارگۆشەیەکی خواروخێچی بۆ کردم بە چوارگۆشەیەکی ڕێکوپێک.

لەگەڵ دلاوەر، پێوەندییەکی دیشلەمەمان هەبوو، لە دوورەوە یەکمان دەناسی، تا بەهۆی جیاوازییەکەوە، لە فەیسبووک شەڕێکی خەستمان لەگەڵ یەکدی بەرپا کرد و هەردووکمان کۆمەڵێک وشەشمان گوت کە لە هیچمان ناوەشێتەوە. پاشان هەردووکمان ددانمان بەوەدا نا، ئەوەی کردمان بێمانا بوو، بەڵام لەمەوە لەیەک نزیک بووینەوە، تا ئەو ڕادەیەی ڕۆمانەکەم ئیدیت بکات کە ڕەنجی چەند ساڵەمە. بڕیاردان لەسەر ئەوەی ڕۆمانی خۆت بدەیت بە کەسێک کە دوێنێ شەڕت لەگەڵ کردووە، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ڕۆمانی کەسێک ئیدیت بکەیت کە دوێنێ شەڕت لەگەڵ کردووە، بە دوو مرۆڤی ناخبێگەرد دەکرێت.

پێش ئەوەی ڕۆمانەکە بخوێنێتەوە، گوتی: “تا چەند پێداگیری لە ڕستەی خۆت دەکەیت و پێت قورسە ڕستەیەک بسڕیتەوە؟” گوتم: “هیچ ڕستەیەکم موقەدەس نییە، کامەت پێ خراپە بڵێ فڕێی بدە.” گوتی: “کەواتە گونجاین.” ڕۆمانەکەی برد و ترپەکانی دڵم لەو ڕۆژەوە زیاتر بوون، وەک بڵێی خوێندکار بم و کاغەزی تاقیکردنەوەکەم دابێتە مامۆستا و چاوەڕێی ئەنجام بم. پاش ماوەیەک تەواوی کرد و لە قاوەخانەیەک دانیشتین. سێ چوار دەمژمێر، یەک یەک لاپەڕەکانمان هەڵدەدایەوە. ئەمە ئیدیتی سەرەتا بوو، تەنیا گرفتە تەکنیکییە زەقەکانی چاک کردبووەوە، هەروەها زیادەکانی پێ فڕێ دام کە هیچ خزمەتێک بە دەقەکە ناکەن. لەم دانیشتنەدا، زیاتر دڵنیا بووم کە بڕیارێکی دروستم داوە، چونکە تەنیا لەوە دەترسام، ئیدیتەر لە ڕوانگەی خۆیەوە ئیش لە بەرهەمەکەی من بکات. بەپێچەوانەوە، تەواو هاتبووە ناو ژینگەی ڕۆمانەکەی منەوە و لە چوارچێوەی ژینگەکەی خۆمدا ئیشی تێدا کردبوو. دوای چاککردنەوەی ئەو شتانەی بۆی دیاری کردبووم، خۆم دیسان دوو جاری تر بەسەر ڕۆمانەکەدا ڕۆیشتمەوە، ئینجا بۆم بردەوە. ئەمجارەیان سەرنجی وردەکاری بوو، بۆیە کاتێکی زۆرتری ویست. ڕاستییەکەی ڕەحیمی بە مەبەست دەیویست ئەزێتم بدات، دەیویست بزانێت تا چەند ئامادەم چاوەڕێ بکەم و پەلەی بڵاوکردنەوەم نییە. وەک خۆی دەیگوت: “ئەمە ڕۆمانێکی جددییە.” پاش چەند مانگ، ئینجا جارێکی تر دانیشتینەوە و سەرنجەکانی کۆتایی دامەوە. ئەوانەشم چاک کردەوە و دیسان سێ جاری ترم خوێندەوە کە کۆی پڕۆسەکە لەگەڵ دلاوەر ڕەحیمیدا، نۆ مانگی خایاند. بە گشتی لە ماوەی شەش ساڵی کارکردنم لەو ڕۆمانەدا، سەرلەبەریم زیاتر لە پەنجا جار خوێندووەتەوە، بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا ببێت بەوەی خۆم دەمەوێت. ئێستە ڕێک ئەوەیە کە خۆم دەمەوێت، بەبێ ئەوەی گوێ بدەمێ داخۆ ئەوەی من دەمەوێت، چەندە خوێنەران ڕازی دەکات؟ ڕاستییەكەی دوور نابینم خوێنەران بەهۆكاری جیاواز بەگژمدا بچنەوە، بەهۆی ئەو هەموو بڤە و موقەددەسەی دەستم بۆ بردوون!

لێرەوە وێڕای سوپاسێکی زۆر بۆ دلاوەر ڕەحیمی، نامەوێت باسی ئەوەتان بۆ بکەم، هەڵسەنگاندنی ڕەخنەیییانەی ئەو بۆ ئەم بەرهەمەی من چۆن بووە؛ ئەوە بۆ خۆی بەجێ دەهێڵم.

كوردۆ شابان

نووسەر و وەرگێڕ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...