له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو له بیركردنه‌وه و گوتاری سیاسی چه‌ندین لایه‌نی سیاسی‌دا زۆر جار باس له‌وه ده‌كرا، كه مه‌ترسی له‌سه‌ر كوردستان و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی به‌دی هاتووه، نه‌ماوه. ئه‌م ئاڕاسته‌یه دوای ڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری به‌عس و ده‌ستپێكی پڕۆسه‌ی سیاسی نوێ له عێراق و ئاماژه‌كردن بۆ بابه‌تی فیدڕاڵی و بڕیاردانی ده‌ستوور زیاتر به‌ده‌ركه‌وت. هه‌مان ئه‌م بیركردنه‌وه‌یه له چوارچێوه‌ی بوونی بڕیاری ٦٨٨ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له كاتی مانه‌وه‌ی ڕژێمی دیكتاتۆری پێش ٢٠٠٣ له عه‌قڵیه‌تی هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی‌دا هه‌بوو.
دانانی ته‌كتیك و ستراتیجی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌خوێندنه‌وه‌ی ناكۆكی بنچینه‌یی و ململانێی سه‌ره‌كی و جیاوازی نه‌كردنی له ململانێی لاوه‌كی و، ئاڕاسته‌كردنی كار و چالاكی و ململانێی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م قه‌ناعه‌ته‌ی ئاماژه‌مان پێكرد، له جیاتی ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م وزه و توانای مرۆیی كوردستان به‌ره‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه و گه‌شه‌پێدان و دابینكردنی ژیانی شیاو بۆ خه‌ڵك و تۆكمه‌كردنی به‌ره‌ی ناوخۆیی و زه‌مینه‌سازی بۆ كاراكردنی سه‌رجه‌م وزه و تواناكان له چوارچێوه‌ی كاری هاوبه‌شی ناوخۆیی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه ده‌ره‌كییه‌كان بێت و هه‌نگاوه‌كان به ڕێچكه‌ی بازنه‌ی بنیاتنانی چه‌مكی ده‌وڵه‌تی یاسا و مافی مرۆڤ و حوكمڕانی بهرفرەوانی به‌شداریدا بڕوات، به شێوه‌یه‌كی كرده‌یی تا ئێستا ململانێی لاوه‌كی به‌سه‌ر ململانێی سه‌ره‌كیدا زاڵ ده‌كرێت و خولیای قورخكردنی ده‌سه‌ڵات و ئاماده‌نه‌بوون بۆ شه‌راكه‌ت و دانانی ململانێی حزبی به خاڵی پله یه‌ك، به‌ته‌واوی سه‌روه‌ری خۆی به‌سه‌ر ژیانی سیاسی‌دا ده‌سه‌پێنێت و لایه‌نی سیاسی بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌و ململانێیه ناوخۆییه‌دا، گره‌و له‌سه‌ر هێزی هه‌رێمایه‌تی و نه‌یارانی مێژوویی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان ده‌كات و به دۆست دایانده‌نێت.
ئێستاش له‌م چركه سیاسییه ئاڵۆز و مهترسیدارەی ئه‌مڕۆدا، كه چاره‌نووسی ئه‌زموونێك و ده‌ستكه‌وتێكی مێژوویی وه‌دیهاتوو به تێكۆشانی سهدهیەك له قوربانیدان له باشوری كوردستاندا دووچاری هه‌ڕه‌شه ده‌بێته‌وه، ناكرێت هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی كوردستانی كه خۆی به‌رانبه‌ر چاره‌نووسی دۆزی ڕه‌وای گه‌لی كوردستان به به‌رپرس بزانێت، له‌سه‌ر هه‌مان ڕێچكه‌ی جاراندا بڕوات و ڕیتمی پێشتر دووباره بكاته‌وه و بیركردنه‌وه‌ی سیاسی و نه‌خشه‌ی ئایندهی له بازنه‌ی داخراوی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته هه‌رێمایه‌تییه‌كان و ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا به‌دی بكات.
له كاروانی تێكۆشانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان هه‌رده‌م مه‌ترسی نه‌ك ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه، به‌ڵكو له‌سه‌ر ته‌واوی بوونی گه‌لی كوردستان هه‌بووه. مانه‌وه‌ی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه و مانه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان سه‌ره‌ڕای شه‌ڕی جینۆساید بابه‌تێك نه‌بووه، كه به ڕێكه‌وت ڕووی دابێت. هۆكاری مانه‌وه و به‌رده‌وامبوون بۆ به‌هێزی و كارابوونی گیانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه و قوربانیدان و سه‌ركه‌وتوویی له ده‌ستنیشانكردنی ململانێی سه‌ره‌كی له هه‌ر چركه‌یه‌كی تێكۆشان بوو بێت، ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ده‌ستنیشانكردنی ململانێی سه‌ره‌كی له هه‌ر قۆناغێكی میژووی تێكۆشاندا، یه‌كه‌مین هه‌نگاوی سه‌ره‌كییه، كه لایه‌نی سیاسی خه‌مخۆر به جۆرێكی لۆجیكی بیربكاته‌وه و بتوانێت هێزی چه‌واشه‌كاری و دژه شۆڕش ده‌ستنیشان بكات و هێزه‌كانی شۆڕش سه‌ره‌ڕای جیاوازی ئایدیۆلۆژی له‌سه‌ر خاڵی هاوبه‌ش كۆبكاته‌وه و هێز و هۆكاری ناوخۆیی كارا بكات و گوتاری سیاسیی هاوبه‌شی جه‌ماوه‌ر دابڕێژێت.
به‌رهه‌می كاراكردنی هۆكاری ناوخۆیی یه‌ك هه‌ڵوێستی ناوخۆیی هێزه سیاسییه‌كان و جه‌ماوه‌ره سه‌باره‌ت به خوێندنه‌وه‌ی پێشهاته‌كان و خۆئاماده‌كردن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی مه‌ترسییه‌كان و مامه‌ڵه‌كردنی یه‌كگرتووانه له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م مه‌ترسییه‌كاندا.
پێشتر مه‌ترسی هه‌ر هه‌بووه و ئێستاش كۆتایی نه‌هاتووه و، هه‌رده‌م مۆرك و كرۆك و ڕواڵه‌تی ئه‌و مه‌ترسییانه له گۆڕانكاریدا بوونه و، ئه‌گه‌ر له‌م بنه‌مایه‌وه ته‌ماشای پێشهاته‌كانی ڕه‌وشی سیاسی باشوری كوردستان بكه‌ین، ئه‌وا به‌شێك له ورده‌كاری تابلۆی سیاسی بریتین له فشاری سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی و ده‌روونی له لایه‌ن عێراق و ده‌وڵه‌ته دراوسێیهكانهوه و ئامرازه‌كانیش به‌رده‌وامبوونی گۆڕانكاری دیمۆگرافی و فشاری ئابووری و بڕیاره‌كانی دادگای ئیتحادی و هێرشی درۆن و بۆردمانی ڕۆكێتی پالیستی و تۆپبارانكردن میلشیاكانی ده‌وڵه‌تی قوڵی عێراق و هێزی سه‌ربازی ئێران و توركیان، كه له بواری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانه‌وه ناكرێت طیزبهندی له ئاستی مه‌ترسی سه‌رجه‌میان بكه‌ین و پله و ئه‌ندازه‌ی جیاوازیان بۆ دابنێین و، یه‌كێكیان بهمهترسیدارتر له‌وه‌ی دیكه بزانین.
ده‌رئه‌نجامی سه‌ره‌كی له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م تابلۆ ئاڵۆزه ئه‌و ڕاستییه‌مان پێ ده‌ڵێت كه پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی ته‌واو له بابه‌تی فیدڕاڵیزمكردنی ده‌وڵه‌ت له عێراقدا هه‌یه و به‌م پێیه‌ش پاشگه‌زبوونه‌وه له بوونی ده‌ستووری ئێستای عێراق له‌لایه‌ن هێزی نه‌ته‌وه و تایفه‌ی سه‌رده‌ست له عێراقدا هه‌یه و، مه‌ودای ته‌واوكه‌ری ئه‌م بۆچوونه‌ش له هه‌ڵوێستی ئێران و توركیا به جیاوازی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. سه‌ره‌ڕای ململانێی شاراوه و ده‌ركه‌وتووی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته كه پاشخانێكی مێژوویی هه‌یه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی ستراتیجی له كۆتاییدا له‌سه‌ر دژایه‌تیكردنی بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان كۆكن، به‌تایبه‌تی له ڕه‌وشی ئێستادا كه هه‌ڵوێستی ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تی و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان له ناوچه‌كه‌دا ڕوون نییه .
یه‌كێك له هه‌نگاوه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئاسته‌نگه‌كان مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كوردستانی وه‌ك یه‌ك پاكێج و یه‌ك بابه‌ت، چونكه ئه‌م ئاسایشه به‌رگه‌ی له‌تكردن و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵیدا له چوارچێوه‌ی دوو زۆنی و كاردانه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای وابه‌سته‌یی ناگرێت و، ناكرێت له بازنه‌ی سیاسه‌تی كار و كاردانه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت و به‌هێزبوونی كوردستانیش به دابه‌شبوون به‌سه‌ر جه‌مسه‌ره هه‌رێمایه‌تییه‌كان نایه‌ته‌دی.
ئاماژه‌كردن به داستانه‌كانی سه‌ركه‌وتنی سه‌ربازی و سیاسی له كاروانی تێكۆشانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان، ڕاستییه‌كی گه‌شه‌دارمان بۆ ده‌رده‌خات، كه سه‌رجه‌م ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه به ڕێكه‌وت نه‌بووه و هۆكاری سه‌ره‌كی بۆ یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی و كۆبوونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له ده‌وری ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
گه‌لی كوردستان و بزووتنه‌وه ڕزگاریخوازه‌كه‌ی له تێكۆشاندا به‌رده‌وام پێویستییان به هێز هه‌بووه. هێزی سه‌ره‌كی له یه‌كگرتن و كاری هاوبه‌شی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بووه. نهێنی سه‌ركه‌وتنی خۆپیشاندانه‌كان دژ به دیكتاتۆری و سه‌ركه‌وتنی ڕاپه‌ڕینی گه‌ل له ئاداری ١٩٩١ له یه‌كبوونی هێزی جه‌ماوه‌ر و هێزی پێشمه‌رگه بوو.
كوردستان به پشتبه‌ستن بە هێزی نێوده‌وڵه‌تی ده‌ره‌كی ناپارێزرێت و بنه‌مای خۆڕاگری و سه‌ركه‌وتن له بوونی هێزی خۆیدایه، كه ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێك زیاتر گه‌له‌كه‌مان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه نوێكان پێویستی پێیه‌تی و هه‌نگاوه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م بواره‌ش گردبوونهوهمانه له چه‌قی چه‌مكی به‌رده‌وامبوونی شۆڕش و وه‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی متمانه‌ی گه‌ل و ڕێكخستنه‌وه‌ی كاری ئیداری و حكومی و پێشمه‌رگایه‌تی له چوارچێوه‌ی نه‌ریت و به‌های شۆڕشدا، كه به‌داخه‌وه به هۆی ململانێی سیاسی لاوه‌كی حزبییه‌وه خه‌ریكه چه‌مكی شۆڕش له فه‌رهه‌نگی سیاسی گۆڕه‌پانی كوردستاندا نامێنێت.
له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر كوردستان گۆڕانكاری چلۆنایه‌تی به‌خۆوه بینیوه و كوردستانیش هه‌رده‌م پێویستی به هێزه؛ هێزی گه‌ل.