له‌و ده‌مه‌ی هه‌لی گرنگ له‌ده‌ست لایه‌نه سیاسییه‌كاندا هه‌بوو له‌چوارچێوه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌دا، گفتوگۆی نیشتمانی بكه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای نیشتمانی له پێشه‌وه‌ی كاره‌كانیان دابێت و پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌كاتی خۆی ئه‌نجامبدرێت و كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كارا بكرێت و به‌یه‌كگرتوویی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، سیاسه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی حزبی و بیركردنه‌وه له‌یه‌كتر شكاندن به‌رده‌وامبوو، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو هاووڵاتییانی كوردستان، ئه‌وپه‌ڕی پێویستیان به‌وه بوو، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسیارێتی خۆی له‌ئه‌ستۆ بگرێت به داڕشتنی باشترین سیاسه‌تی ئابووری و خزمه‌تكردنی گه‌لی كوردستان، ئه‌م دۆخه‌ش هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شكستی سیاسه‌تی ئابووری په‌یڕه‌وكراوی ناوخۆیی و مامه‌ڵه‌كردنی ناپرۆفیشناڵ به‌دۆسیه‌ی نه‌وت، كه ڕه‌هه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه و له كۆتاییشدا ململانێی حزبی، وای كرد، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئێستا و ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت.
ئه‌م ڕه‌وشه سیاسی و ئابوورییه، ده‌رگای بۆ سیاسه‌تێكی چه‌وتی به‌غدا خۆش كرد، بۆ قۆستنه‌وه‌ی ناكۆكی ناوخۆیی له هه‌رێمی كوردستان و بوونی دوو دیدی سیاسی، بۆ زیادكردنی فشاری سیاسی و یاسایی و ئابووری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه له قه‌واره و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ده‌ستوریی هه‌رێم و ئه‌مه‌ش له دوا بڕیاری دادگای ئیتحادی ده‌ركه‌وت.
له‌كاتێكدا ده‌ستوری هه‌میشه‌یی عێراقی ساڵی ٢٠٠٥، هیچ شێوه‌یه‌كی بۆ سیستەمی هه‌ڵبژاردن و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن دیاری ناكات، دادگای ئیتحادی له‌بڕیاره‌كه‌یدا یه‌ك بازنه‌یی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناده‌ستوری داده‌نێت، كه‌چی له‌عێراقدا چه‌ندین جار شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن گۆڕدراوه، هه‌ر له‌یه‌ك بازنه‌یی و فره بازنه‌یی و له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و پارێزگاکان و گۆڕینی یاسای ڕێژه‌یی و پاشان بۆ سانت لیگۆ و ئینجا سانتلیگۆی هه‌مواركراو، بەبێ ئه‌وه‌ی هیچ كات ئه‌م دادگه‌یه ئه‌و گۆڕانكارییانه به‌ناده‌ستوری بزانێت.
هه‌روه‌ها دادگای ئیتحادی بڕگه‌كانی ٦ و ٧ و ٣٦ و بڕگه‌ی ٢ له‌ماده‌ی ٥٦ی یاساكه به‌ناده‌ستوری ده‌ستكاری كرد، كه ئه‌م بڕگە و ماددانه سکاڵایان له‌سه‌ر نه‌بوو. هاوكات داوا ده‌كرا كورسییه‌كانی كۆتا دابه‌شبكرێته‌وه نه‌ك نه‌مێنێت، كه‌چی دادگا كورسی كۆتاكانی له په‌رله‌مانی كوردستان به‌ته‌واوی نه‌هێشت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ بوونی كورسی كۆتا له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و له ئه‌نجوومه‌نی هه‌ندێك له پارێزگاكاندا.
بڕیاره‌كه‌ی دادگای ئیتحادی له هه‌ندێك له بڕگه‌كانی، مافی به‌خۆی داوه ڕۆڵی ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان بگێڕێت، ئه‌مه‌ش زیاده‌ڕۆییكردنه له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان له‌هه‌رێمی كوردستان و له‌گه‌ڵ بنه‌مای لێكجیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان ناگونجێت كه به‌پێی مادده‌كانی یه‌ك و ٤٧ و ١١٦ی ده‌ستوری عێراق ئاماژه‌ی پێكراوه.
دادگای ئیتحادی، بڕیاری له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی هه‌رێمی كوردستان داوه، بێ ئه‌وه‌ی دیاری بكات، كه بۆ هه‌تاهه‌تایه یان ته‌نیا بۆ ئه‌م خوله‌ی هه‌ڵبژاردنه.
هەر‌وه‌ها ئه‌م دادگه‌یه، بێگوێدانه ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی، له بڕیاره‌كه‌دا كه مۆركێكی سیاسی هه‌یه بوونی بڕگه‌ی ٢ی له‌مادده‌ی ٥٦ له‌یاسای ژماره ١ی ساڵی ١٩٩٢ به ناده‌ستووری داده‌نێت، به‌مه‌ش ده‌ستی بۆ ئه‌وه بردووه كه مه‌رجه‌عییه‌تی سیاسی له‌پ ه‌رله‌مانی كوردستان بسه‌نێته‌وه كه خۆی مه‌رجه‌عی كێشه چاره‌نووسسازه‌كانی كوردستان بێت. بڕگه‌كانی بڕیاره‌كانی دادگای ئیتحادی ئاماژه‌یه‌کی ڕوونه كه ده‌سه‌ڵاتی به‌غدا و نوخبه‌ی حوكمڕان له سیستەمی فیدڕاڵی په‌شیمان بوونه‌وه‌ته‌وه و له هه‌ر فرسه‌تێك ده‌گه‌ڕێن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له سیستەمی فیدڕاڵی عێراق و گه‌ڕانه‌وه بۆ سیستەمی ناوه‌ندێتی، ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا خراپ به‌كارهێنانی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌یه، كه له ده‌ستووردا به دادگای ئیتحادی دراوه سه‌باره‌ت به بوارنه‌دان به تانه‌لێدانی بڕیاره‌كانی دادگای ئیتحادی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م تابلۆ سیاسییه ئاڵۆزه گرنگه، پێویستە به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت، هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامبدرێت و زه‌مینه‌ی گونجاو بۆ هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد و بێگه‌رد دابین بكرێت و دامه‌زراوه په‌ككراوه‌كان بونیاد بنرێته‌وه. هه‌روه‌ها پێویسته حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌وپه‌ڕی مروونه‌ته‌وه هه‌وڵی دابینكردنی بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خه‌ڵكی كوردستان بدات و به‌رپرسیارێتی خۆی سه‌باره‌ت به ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ئه‌ستۆ بگرێت.