شرۆڤه‌كه‌لتوور
ئاراستەکان

لەبارەی نمرە و پەروەردەوە

نمرە وەک کۆتاییهێنان بە کردەی بیرکردنەوە و تێڕامان

تا دێت دنیا گۆڕانی بەسەردا دێت! پەروەردە  و پرسە پەروەردەییەکان هێڵێکی خێرای ئەم گۆڕان و وەرچەرخانەن. چیتر پەروەردە خوێندەواری کردارێکی میکانیکی سادەی وەک <نووسین و خوێندنەوە و نمرەی بەرز> نییە بەتایبەت کاتێک ژیری دەستکرد، تەکنەلۆژیا و پیشەسازی وردیلە-چیپس Micro-Chips بەخێرایی دەستکاری ژێرخانی فەلسەفەی پەروەردە و دینامیکیەتی نێوان چیەتی پەروەردە و ژیان دەکات و لەڕووی <شوێن و کات>ەوە ئەرک و مانای تازەی بەسەردا دەسەپێنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پێشتر وادەبینرا قوڵایی پەروەردە <ئامادەکردنی ئەوی ترە> وەک جۆن دێوی گۆتەنی <دروستکردنی مرۆڤە> مرۆڤ دروستکردن بەڕێگەی سیستمی بانکی! قوتابی وەک بوونەوەرێکی داگیرکراو و خەمگین تەنها وەک هەژمارێکی بانکی لەلایەن مامۆستاکەیەوە پڕ دەکرێتەوە و زانیاری تێدەکرێت بەبێ کرداری بیرکردنەوە، لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی پشت زانیاری و چیڕۆکەکان! وەک چۆن لۆک فرێری وێنای کردووە و هاوشێوەی دەفر قوتابی خانەی سەرەکی لەخۆگرتن و گلدانەوەی چیڕۆک و ڕووداو و ژمارە و بەسەرهاتەکانە بەبێ ئەوەی بتوانێت زانیاری و چیڕۆکەکان بپشکنێت و Manipulate ساغیان بکاتەوە.

ئەمڕۆ قوڵایی پەروەردەی سەردەم چۆنیەتی بنیاتنانی مرۆڤی ئۆتۆنۆم و خاوەن کارامەیی و توانای بیرکردنەوەیە. چیتر زانیاری ئەوەندە گرنگ نییە، چونکە لەسەردەمی لێشاوی زانیاری Information Flaw دەژین و بەبێ قوتابخانە و زانکۆ دەتوانین بگەین بە جیهانی بێسنور و نەبڕاوەی زانیارییەکان. خوێندن بەرەو مۆدێڵی <خوێندن بەبێ قوتابخانە و زانکۆ> دەچێت، چونکە ئەکتەرە پەروەردەییەکان ڕۆڵ و مانایان لەدەستداوە و گۆڕاوە. فەلسەفەی پەروەردەی هاوچەرخی ئەمڕۆ تێدەکۆشێت تاک وەک سوبجێکت-خودێکی سەربەخۆ هانبدات بیربکاتەوە، بەگومانێکی گەورەوە لە جیهان و دیاردە و گریمانەکانی ڕابمێنێت نەک پەرژین بۆ بیرکردنەوە دابنێت و هەمووان ناچار بکات وەک یەکبن و بجوڵێنەوە. بەیەک تۆن و ڕیتم مامەڵە لەگەڵ خۆیان و دەوروبەر و زانستە بەرهەمهێنراو و ئامادەکراوەکانی بەردەستیان بکەن. لەڕاستیدا ئەم مۆدێڵە تا ئاستێکی زۆر لەخودخستن و خەساندنی بیرکردنەوە و ڕامانە، بەتایبەتیش کاتێک تەواوی پڕۆسەکە لەسەر بنەمای نمرە پێوانە دەکرێت و دواتریش وەک سەرمایەی سیمبوڵی و کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و دەخرێتە بازاڕەوە.

ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٠ کارامەیی Skill بۆ فێرخوازان دانراوە لە جیهاندا کە هەموو سیستم و خانەیەکی پەروەردەیی دەبێت تێبکۆشێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ فێرخوازان لەڕێگەیەوە دابمەزرێنێت و بەڕێوەببات. هەر لە کارامەیی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە Critical Thinking تادەگاتە پرسی گومانکردن و ڕامان و کارامەیی دیجیتاڵی و بیرۆکەی داهێنەرانە و هەماهەنگی و دەستپێشخەری و مشتومڕ و ئارگیۆمێنتسازی و کارامەییەکانی ژیان و خوگونجاندن و چەندانی تر بۆ ئەوەی تەنها نمرە وەک ڕێککارێکی تۆتالیتارییانە دیوی ناوەوەی فێرخواز نەخنکێنێت و داگیری نەکات.

سەردەم سەردەمی کارامەیی و چۆنیەتی بیرکردنەوەیە و نمرەی بەرز ئاماژەیەک نییە بۆ پانتایی و سنورەکانی بیرکردنەوە و خەیاڵکردنی فێرخواز. بەچەقکردنی نمرە دانانی عەرەبانە/گالیسکەیە لەپێش ئەسپ Cart before the horse ئەسپ لێرە وەک میتافۆڕێک کە گالیسەکە ڕایدەکێشێت و ئاڕاستەی دەکات. نمرە بەئاسانی خەیاڵ دەکوژێت، ناچارت دەکات نەچیتە نێو کۆدەزگای بیرکردنەوە و گومانەوە. هەموو نمرەیەکی بەرز ناتوانێت نزیکت بکاتەوە لە خەون و کێڵگەی کار و توانا ڕاستەقینەکانت تەنانەت ناتوانێت ستاتۆی ئابووری و کۆمەڵایەتیشت بگۆڕێت. وەک چۆن ئێستا نمرەی بەرز هەڵاوسانی بڕوانامە و بێکاری و زۆر قەیرانی تری بۆ بنیاتناوین. نمرەی بەرز تریاکێکی بەکۆمەڵ و جەماوەرییە!

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...