سیاسیشرۆڤه‌
ئاراستەکان

دەربارەی چەکدانانی پارتی کرێکاران

وەک هەموو دیاردەکانی تر، چەکدانانی پارتی کرێکاران دونیای کوردی لە نێوان پشتیوان و دژدا پەرتکردووە. ئەمە ئاسایی دەبوو، ئەگەر ئێمە تەنها بە سەر ئەم دوو بەرەیەدا دابەش نەبووینایە، بەڵکوو خەڵکان و ناوەندی تر هەبوونایە کاری زانستییان بکردایە، بەڵام نییە، یەکێکی ترە لە دەردە زۆرەکانی کورد.

 

بەشی زۆری مشتومڕەکان دەربارەی هەنگاوە هەنووکەییەکانە، چی دەبێت و چۆن دەبێت، دیارە ئەمانە گرنگن، بەڵام کاتین. بۆ من بوونی پارتی کرێکاران بە پارتێکی سیاسی هەنگاوێکی گرنگە. ئەمە نەدەهاتە دی ئەگەر خەباتی چەکداری نەبووایە. بەڵام ئەم دۆخە نوێیە بەبێ ئالانگاریی و ئاڵۆزی نییە.

 

پارتی کرێکاران بە بونیادی دەزگایی سەر بە مارکسیزمی سەردەمی جەنگی ساردە. دەزگاییبوونی مایەی سەرکەوتنی بوو. بەڵام کێشەی دەزگاییبوونی، لەوەدایە کە ئەگەری هەیە ڕەق هەڵبێت، یان توانای خۆنوێکردنەوە و خۆگونجانی نەبێت. پارتی کرێکاران کرۆکێکی جێگیریی هەیە، بۆیە توانیویەتی ڕوواڵەتی زۆر بۆ خۆی بپۆشێت بەبێ ئەوەی هێندە کاریگەریی لە سەری هەبێت. لە زانستی کارگێڕییدا بەوە دەڵێن بەهای کرۆکیی یان core value

 

ئێستا کە پارتی کرێکارانی جاران کە دەچێتە قۆناغی ئاشتییەوە، ڕەنگە ئەم بەها کرۆکییانە چیدی هێندە سوودمەند نەبن. پارتی کرێکاران وەک هەموو هێزێکی تری کوردی نەیار یان ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتە، ئەمە ڕەهەندێکی گرنگە، بەڵام ڕەنگە لە داهاتوودا ناچاربێت لەگەڵ دەسەڵاتدا بێت یان تەبا بێت لەگەڵ دەسەڵاتدا. ئەم وەرچەرخانە پارادایمی دەبێت.

 

گەر بیرتان بێت لە نامەکەی ئۆجەلاندا دێڕێک هەبوو دەربارەی پەیوەندی نێوان کورد و تورک وەک پەیوەندی هەزار ساڵە. ئەم دێڕە پڕ بوو لە کۆد. [دیارە من وەعدم دا هەموو کۆدەکان بخوێنمەوە، بەڵام نەمکرد، ببورن].

 

ئێستا ئەم دێڕە گرنگە، کە چەندین کۆدی گرنگ لە خۆی دەگرێت. یەکەم، لە ڕووی مێژووییەوە ڕاست نییە، بەڵام بۆیە دەگوترێت، هەتا بنەمایەکی نامێژوویی دروست بکات. ئەم دیدەی دیدی ئیسلامییەکانی تورکیایە. بەپێی ئەم دیدە، خەتای کەمالییەکانە کە کورد و تورک کێشەیان هەیە. هەروەها خەتای بیری ناسیۆنالیزمە، کە بیرێکی دەرەکییە، بەپێی نامەکەی ئۆجەلان و دیدی ئیسلامییەکان. ئەمە ئێستا کۆدی ئەوەیە کە لایەنگرانی پارتی کرێکاران نابێت لەگەڵ جەهەپەدابن، نابێت لەگەڵ کەمالییەکاندا بن.

 

ئایا ئەم دیدە ئیسلامییە دەتوانێت لەگەڵ دیدی پارتی کرێکاراندا تەبا بێت؟ بەپێی هەندێک سەرچاوەی تورکی: ڕەنگە لەگەڵ گۆڕینی دەستووردا، هەتا بوار بۆ بە سەرۆکبوونی ئەردۆغان بسازێنن هەتا مردن، مادەی ٤٢ و ٦٦یش بگۆڕن. لە هیچ کام لەم مادانەدا ناوی کورد ناهێنن، بەڵام چەمکی زمانی دایک بۆ مادی ٤٢ زیاد دەکەن، هەروەها مادەی ٦٦ وەها لێدەکەن کە بڵێن هەموو کەسێک لە تورکیا سەرباری پاشخانی ئیتنی و ئایینی و ئەمانە، هاووڵاتی تورکیایە. ئەم هەنگاوانە ڕەنگە جۆرێک لە تەبایی لە نێوان ئیسلامییەکان و پەکەکەدا دروست بکات.

 

دیارە سەرباری ڕەهەندی ناوەکیی، نەمانی پارتی کرێکاران و پێکەوەکارکردنی کورد و تورک ڕەهەندی ئیقلیمیشی هەیە. تورکیا دەبێتە هێزێکی ئیقلیمی. ئەمە لە واقیعدا بەرجەستە دەبێت، لە پاکساتەوە هەتا سوودان ئاماژەکانی دیارن. تورکیا نەک کورد وەک ڕێگرێک ناهێڵێت بەڵکوو دەتوانێت سوودی لێببینێت. بەڵام لە هەمانکاتدا مانای وەهایە تورک لە ناوچە کوردییەکان نەک ناکشێنەوە بەڵکوو ڕەنگە زیاتر ئامادەبن.

 

چەند ساڵێک لەمەوپێش لەگەڵ ناوەندێکی بیری هۆڵەندیدا کارمان لە سەر ئامادەیی سوپای تورکیا کرد لە باشوور. یەکێک لە هاوەڵەکانم ئەفسەرێکی پێشووی سوپای تورکی بوو. لە یەکێک لە گفتوگۆکانماندا ئەوەی پێ گوتم کە بنکە دروستکراوەکانی کوردستانی عێراق زۆر تۆکمەترن لە بنکە سەربازییەکانی ناو خاکی تورکیا. بە دیدی ئەو، ئەم بنکانە کاتی نین.

 

ئەگەر لە تەماحی فراوانخوازی تورک بنواڕیت لە میانەی پڕۆژەکانی ڕێگای گەشە و گەیشتن بە کەنداو و بە قەڵەمڕەوییکردنی سووریا و ململانێ لەگەڵ ئیسرائیلدا، چاوەڕێی ئەوە ناکرێت سوپای تورک بکشێتەوە، ڕەنگە زیاتر فراوانخوازیی بکات. هەمیشە پارتی کرێکاران بۆ تورک سەرچاوەی مەترسی و دەرفەتیش بوو. دەوڵەت هەمیشە وەها ڕەفتار دەکات.

سه‌ردار عه‌زیز

لێکۆڵەر و رۆژنامەڤان

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button