هاوسۆزیى مەرجدار؛ دەستەبەرکردنى بەرپرسیارێتى لە هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا لە کوردستان
ئەم توێژینەوەیە، لەلایەن هەریەک لەتوێژەران لویسا سیفێریس، د. هەرێم کەریم، پۆڵ هارڤی و بریگێتە ڕاودەر ئەنجامدراوە.
پوختە:
ئەم پوختەى توێژینەوەیە لێکۆڵینەوە و وردبینیى لە ئاست و شێوازى مامەڵەى بەرپرسیارانە دەکات لە چوارچێوەى پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتیدا لە هەرێمى کوردستانى عێراق، سەرنجى تەواو دەخاتە سەر تێڕوانینەکانى کارمەندانى هێڵی پێشەوەى دابینکەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى «واتە ئەو کارمەندانەی کە هاوکارییەکە دەگەیەننە دەستی سوودمەندان»، بەتایبەت لەدواى ساڵى «٢٠١٥»ـەوە کە زیاتر هانا براوە بۆ ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستى دابینکردنى پێداویستییەکانى هاوڵاتییان و کەسانى پەراوێزخراو، ئەمەش لەبەرئەوەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان نەیتوانیوە لەم پرۆسەیەدا ڕۆڵێکى کارا بگێڕێت.
لەم توێژینەوەیەدا بەوردیى کار لەسەر کرۆکى چەمکى «هاوسۆزیى مەرجدار» کراوە، کە چۆن مەرج و ئەولەویەتى دابینکەران و پارەبەخشان کاریگەریی لەسەر پرۆسەى گەیاندنى هاوکارییەکان درووست کردووە، هەروەها سەرنج دەخاتە سەر دیاردەى سیستمى هاوتەریب بە جۆرێک کە هەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە یەک کاتدا کاردەکەن بۆ دابینکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى، بەڵام زۆرجار هەماهەنگى لەنێوانیاندا نییە.
ئەم پوختەى لێکۆڵینەوەیە، لە ڕێگەى هەڵسەنگاندن و شیکاریى ئەزموونەکانى کارمەندانى بەشى پێشەوەى دابینکەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییەوە، دەری دەخات کە لاسەنگییەکى زەق هەیە «Critical Disparities» لەنێوان سیاسەتى داڕێژراو و کاری مەیدانیی لە چوارچێوەى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا. لەم نێوەندەشدا گرفتە سەرەکییەکان تیشکیان خراوەتە سەر کە بریتین لە: کەمیى متمانە، نەبوونى یەکگرتوویی، بەهەندوەرنەگرتن و بەشدارییپێنەکردنى کارەکتەرە ناوخۆییەکان لە پرۆسەى بڕیاردا..
لە لایەکى دیکەوە ئەم توێژینەوەیە جەخت لە بایەخی بەهێزکردنى مامەڵەى بەرپرسیارانە دەکاتەوە و گرنگیى داکۆکییکردن لە بەشدارییکردنى ناوخۆیی بە شێوەیەکى چالاکانە لە پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا دەخاتە ڕوو بۆ دڵنیابوون لە کاریگەریی هاوکارییەکە لەپاڵ ڕێزگرتن و پاراستنى شکۆى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى، ئەمەش لە ئەنجامى سودوەرگرتن لە ئەزموونى ئەو کەسانەى ڕاستەوخۆ بەشدار بوون لە گەیاندنى هاوکارییەکان، لەم پێناوەشدا ئامانجى ئەم توێژینەوەیە زانیارییبەخش دەبێت لە پرۆسەى پێشخستنى سیاسەتى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى لە ڕووى هەمەجۆریى و کاریگەرییەوە لە هەرێمى کوردستانى عێراق.
بەرزکردنەوەى ئاستى بەرپرسیارێتیى و کاریگەرییەکەی لە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى ناوخۆییدا
خۆجێییکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى؛ کارلێکى ڕاستەوخۆ لەنێوان بڕیاردەران و وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا پەرە پێ دەدات، بەم ڕێگەیەش ئاستى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى زیاد دەکات، بنەما سەرەکییەکانى وەک هەڵسەنگاندن و میکانیزمەکانى وەرگرتنەوەى «فیدباک» و ڕەخنە و پێشنیارەکان، هەروەها ناساندن و ئاراستەکردنى وەرگران بۆ ڕێکخراوەکانى دیکە؛ دڵنیاکەرەوە دەبێت لە دابینکردنى پێداویستییەکان بە شێوەیەکى کاریگەر لە چوارچێوەى پرۆگرامەکانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا.
لە هەرێمى کوردستانى عێراق، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان لە ڕێگەى تۆڕە خۆبەخشەکانیانەوە پرۆسەى بڕیاردانى بەکۆمەڵ دەگرنەبەر بۆ بەرزکردنەوەى ئاستى شەفافییەت و بەرپرسیارێتیى و فەراهەمکردنى بەرچاوڕوونیى و پێشبینییکردن لە کارەکانیاندا، ئەمەش بنەماى درووستبوونى متمانەیە لە کۆمەڵگەدا، ئەم تۆڕانە پرۆگرامەکانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى دادەڕێژن کە لەگەڵ پێویستییەکانى کۆمەڵگەکەیاندا هاوتەریب و گونجاو بێت.
بەهۆى نەبوونى پرۆسەى بەدواداچوون و چاودێرییکردنى سەربەخۆ لە چوارچێوەى پرۆسەی هاوکارییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکاندا، زۆرجار ئەو گرووپانەى سەرپەرشتیى دابەشکردنى هاوکارییەکان دەکەن، هەر بۆخۆیان ئەرکى وەرگرتنى ڕەخنە و پێشنیار و سکاڵاکان لە ئەستۆ دەگرن، ئەمەش مەترسیی لەسەر پرۆسەى بەرپرسیارێتیی درووست دەکات.
سەکۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان «Social Media Platforms»؛ کرداری بەخشینى دارایی بۆ ڕێکخراوە لۆکاڵییەکان ئاسانتر و خێراتر دەکەن، بەو هۆیەشەوە ڕووبەڕووى زیانەکانى ئاڵوگۆڕى دراو یان دواکەوتنى بانکیى و «عموولە» نابنەوە، بەڵام ئەم سەکۆیانە زیاتر پشتگیریی کەیسى تاکەکەسیی دەکەن و زۆرجار پاراستنى شکۆ و ناسنامەى وەرگران «Dignity and Agency» بەهەند ناگرن.
ڕێکارە ئاڵۆز و بەربەستە کارگێڕیی و بیرۆکراتییەکان بارگرانیى لەبەردەم وەرگراندا درووست دەکەن، بە جۆرێک کە هەست بە کاریگەریی سیستمى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى نەکەن، لەم نێوەندەدا کارمەندانى پێشەنگ کە ڕۆڵێکى گرنگ دەبینن لە درووستکردنى پردى پەیوەندیى نێوان دەسەڵاتداران و بەخشەراندا، هەر ئەوانیش قورسایی بەرپرسیارێتى شکستەکان لە ئەستۆ دەگرن.
کارمەندانى پێشەنگ؛ هاوشێوەی ڕایەڵەی پەیوەندیى سەرەکیى لەگەڵ ئەندامانى کۆمەڵگەدا؛ ڕۆڵێکى بەهادار دەگێڕن، ئەوان لەو ڕێگەیەوە لە پێداویستییە هەنووکەیی و ئاڵنگارییەکان تێدەگەن، لە هەمانکاتدا ئەرکى جێبەجێکردنى پرۆژەکان و دۆکیومێنتکردن و ئامادەکردنى ڕاپۆرت بە شێوەیەکى ورد و شەفاف لەئەستۆ دەگرن، ڕاپەڕاندنى ئەم ئەرکە جیاوازانە سترێس و ئەرکەکانیان بە شێوەیەکى بەرچاو قورس دەکات.
بەرپرسیارێتى لە پرۆگرامەکانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى بە تەواوەتى پەیوەستە بە ئاستى دەستپاکیى و کۆششى کارمەندانى پێشەنگ لە ڕاپەڕاندنى کارەکانیاندا، هەر هەڵەیەکى بچووک یان بۆشاییەک لە ئەداى کارکردنیاندا هەبێت، بە شێوەیەکى بەرچاو دەبێتە هۆى درووستبوونى کاریگەریی درێژخایەن و کەمیى متمانە لە چوارچێوەى بەرەوپێشچوونى پرۆسەى هاوکارییدا.
زۆرجار ڕێکخراوە ناوخۆییەکان لە هەماهەنگى هاوکارییە نێودەوڵەتییەکاندا دوور دەخرێنەوە، ئەمەش بەهۆى بەربەستە بیرۆکراتیى و ستراتیجییەکانیانەوە، بەهۆى نەبوونى هەماهەنگییەوە ئەم پرۆسەیە سەردەکێشێت بۆ درووستبوونى سیستمى هاوکاریی کۆمەڵایەتى هاوتەریب، هەروەها لە ئەنجامى ئەم پەراوێزخستنەوە، تواناکانى ڕێکخراوە ناوخۆییەکان سنووردار دەبێت بۆ بەشدارییکردنى کارایانە لە پرۆسەى چاکسازیى کۆمەڵایەتییدا.
لەگەڵ فراوانبوونى ئەرکى حکوومەت لە بوارى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا، بایەخى بەشدارییکردنى تۆڕ و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى دەبێتە کارێکى حەتمیى لە پرۆسەى چاکسازى کۆمەڵایەتییدا، ئەم هەنگاوە دڵنیایی دەدات لە بەشدارییکردنى زیاترى کۆمەڵگە لەگەڵ دابینکەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى و بەم هۆیەشەوە بە شێوەیەکى بەرپرسیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ڕاپەراندنى کارەکاندا دەکرێت.
کارمەندانى پێشەنگ و خۆبەخشەکان بڕبڕەى پشتى دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتیین لە هەرێمى کوردستانى عێراق، ناوەڕۆکى دیدگاکانیان دەرخەرى هەستێکى ڕەخنەئامێزە لە ڕووى ئاستى تواناکانیان و پاڵنەرەکانیان و ئەو بێزارییانەى ڕووبەڕویان دەبێتەوە لە گەیاندنى هاوکاریی پێشبینییکراو و ئەو بەرپرسیارێتییانەى دێتەسەر شانییان لە هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا. ئەم پووختەى توێژینەوەیە کار لەسەر ئاوێتەکردنى «Synthesizes» ئەو تێڕوانینانە دەکات و جەخت لە بایەخی کارامەییە نێوانکەسییەکان «Interpersonal Skills» و هەستیاریی جێندەریی و بەشداریی خۆبەخشانە «Volunteer Contributions» دەکاتەوە و هەروەها ئەو ئاڵنگارییە سیستماتیکییانەى ڕووبەڕووى ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەبنەوە پیشان دەدات.
کارمەندانى پێشەنگ ئاشنان بە بەهاى کارامەییە نێوانکەسییەکانیان لە بەڕێوەبردنى دۆخە سەختەکان لەکاتى ئەنجامدانى کارەکانیان، هەر وەک یەکێک لە بەشداربووانى ئەم توێژینەوەیە لە دهۆک ئاماژەى پێدا: پێویستە لەسەرخۆ بیت، ئەگەر ئەوان تووڕە بوون، ئەم کارامەییە زۆر گرنگە لە درووستکردنى متمانە و دڵنیابوون لە گەیاندنى هاوکارییەکە بە شێوەیەکى ڕێکوپێک.
ئەو ڕێکخراوانەى هاوشان لەگەڵ ستافەکانى پێشەنگى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا ڕەگەزى نێر و مێ کاری تێدا دەکەن، تواناى باشتریان هەیە بۆ تێگەیشتن و جێگیرکردنى داواکارییە تایبەتە جێندەرییەکان، گرتنەبەرى ئەم ڕێبازەى هەستیاریی جێندەرى دەبێتە هۆى درووستکردنى کاریگەریی باشتر و گشتگیرتر لە پرۆگرامەکانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا.
هاوکاریی کۆمەڵایەتیى بەهێز لە ئاوێتەکردن و گونجاندنى پاڵنەرە بەهێزەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، لەوانەش: داڕشتنى پلانى بەهێز و بڕوابوون بە کاری خێرخوازیى، وەک یەکێک لە بەشداربووانى توێژینەوەکە لە سلێمانى ئاماژەى پێدا “پێویستە هاوکاریی ڕاستەقینە وەڵامدەرەوەى خواست و پێداویستییەکانى وەرگران بێت بە شێوەیەکى گشتگیر و هەمەلایەنە”.
سەرچاوەى دارایی و مرۆیی گونجاو، ڕێکخستنى بەرنامەڕێژ، هەبوونى ئەزموون و ژێرخانى بنەڕەتیى بۆ دابینکردنى هاوکاریی کاریگەر؛ زۆر گرنگن، لەم بارەیەوە و لە چوارچێوەى توێژینەکەدا، بەشداربووان ئاماژەیان بە پێویستیى تیمى کارا و لێهاتوو کرد و هەروەها تیشکیان خستەسەر مافى ڕەزامەندیى و هاوکاریی لۆجستیى پێویست.
خۆبەخشەکان ڕۆڵى بێهاوتا و کاریگەر دەگێڕن لە ڕێکخراوە ناوخۆییەکاندا، بە شێوەیەکى بەرچاو قورسایی ئەرکى ڕێکخراوەکان لەئەستۆ دەگرن و مەوداى دەستگەیشتن بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى زیاد دەکەن، ئەوان ئەرکى سەرەکیى ئەنجام دەدەن هەر لە سەرەتاى دیارییکردنى هاوکارییەکە تا گەیاندنیان بەو گرووپانەى بەئامانج گیراون، ئەم خۆبەخشانە سەرچاوەیەکى مرۆیی زۆر باش و کاریگەرن کە هاوکاریی ڕێکخراوەکان دەکەن نەک تەنها لە ڕووى لۆجستییەوە، بەڵکو لە ڕووى داراییشەوە ئەرکیان کەم دەکەنەوە.
بە هۆى کەمیى شارەزایی جۆراوجۆر لە بوارە جیاوازەکاندا وەک بوارى تەندرووستیى و ژمێریاریی و ڕێکخستنى کۆمەڵگە بەئامانجگیراوەکان؛ بەربەست و گرفت لە دڵنیایی جۆریى و کواڵیتى هاوکارییەکاندا درووست دەبێت، لەم دۆخەدا قورس دەبێت سەرچاوە مرۆییەکانى وەک شارەزایانى نەخۆشیی دەروونیى و بوارەکانى تر بۆ دابینکردنى هاوکاریی هەمەلایەنە دابین بکرێن.
ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بە تەواوەتیى پشت بە تۆڕەکانی کاری خۆبەخشیی دەبەستن، کە ڕۆڵێکى ئێجگار گرنگ دەگێڕن لە بنیاتنانى متمانە و دابینکردنى شارەزایی تایبەت و جۆراوجۆر لە هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا، خۆبەخشەکان لە پێگە و شارەزایی جیاوازەوە بەشدارن و ئەرکى گرنگ جێبەجێ دەکەن لە بڵاوکردنەوەى زانیاریی تایبەت و پێویست لەناو کۆمەڵگەدا.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە چڕیى جەخت لە پرۆسەکانى ڕاهێنان و ئەزمووندارکردنی ستاف و گرووپە خۆبەخشەکانیان دەکەنەوە، ئەوان سەرنجیان لەسەر پرۆسەى بەڕێوەبردن و زیادکردنى شارەزایی تەکنییکییە، لەم بارەدا هەندێکجار لەگەڵ خواست و پێداویستییەکانى کۆمەڵگەى خۆجێییدا یەکانگیر نابێت و بەریەککەوتن درووست دەبێت.
لەگەڵ ئەوەى کارمەندانى حکوومەت و وەزارەت «کە بە شێوەیەکى سەرەکیى پشتى بە توێژەران و کارمەندانى کارى کۆمەڵایەتى بەستووە»، لە چوارچێوەى جێبەجێکردنى ئەرک و پرۆژەکاندا کارەکانیان ماندوونەناسانە و بەڕێزەوە بەرانبەر بە کۆمەڵگە ئەنجام دەدەن، بەڵام بە هۆى سنووردارکردنى هاوکاریی دارایی و ناڕێکخراوییان؛ هەوڵ و تواناکانیان بۆ خزمەتکردن سنوردار دەبێت.
بەشداربووانى توێژینەوەکە تیشکیان خستە سەر تێڕوانین و تێگەیشتنى باوى کۆمەڵگە بۆ کارەکانیان کە وەک کارێکى خێرخوازیى لێی دەڕوانرێت نەک هاریکارییکردن و گەشەپێدانی کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکان، لێرەوە پێداویستییەکی نکوڵیینەکراو هەیە بۆ گواستنەوە لە هاوکارییە تەرخانکراوە کورتخایەنەکانەوە بۆ چارەسەرە هەماهەنگییئامێزە درێژخایەنەکان کە دەبێت هەردوو لایەنی کۆمەڵگەی خۆجێی و حکوومەتیش پێی هەستن.
هاندەر و بێزارییەکانى دابینکەرانى پێشەنگى هاوکاریی کۆمەڵایەتى
ڕێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان؛ وەک دوو باڵی دابینکەرانى پێشەنگى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستانى عێراق دەناسرێن، ئەوان (وەک دابینکەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى)؛ بەرجەستەکردنى دڵخۆشیى و شانازییە کەسییەکانیان و کارەکانیان لە خزمەت بەرژەوەندیى گشتییدا، هاندەرى سەرەکیین بۆ پێشخستن و بەردەوامبوون لە کارەکانیاندا، ئەم هاندەرانە بە شێوەیەکى ڕوون لە چالاکیى بەشداربوواندا لە چوارچێوەى شیکاریی ژیانى ڕۆژانەى کارکردنیان و شیکاریی بەکۆمەڵ لەناو ۆرکشۆپەکاندا بە ڕوونیى بینران، لەکاتێکدا جەختیان لە هەست و ئامانجە هاوبەشەکانیان دەکردەوە.
هاندەرەکـان
– پێشکەشکەرانی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی لە هێڵەکانی پێشەوەدا؛ هەستێکی بەهێزیان لا گەڵاڵە دەبێت بە سەرکەوتن لە ئەنجامی ئەو بەشدارییەی لە کۆمەڵگەکەیاندا دەیکەن، ئەوەش زۆر لایەن دەگرێتەوە لە نموونەی درووستکردنی پەیوەندیی، فەراهەمکردنی ئاسوودەییەکی دەروونی مەزن کە زۆربەی جارەکان بەهاکەی زۆر لە پێشکەشکردنی هاوکارییەکی ماددیی زیاترە.
– بەبێ لەبەرچاوگرتنى پەیوەندییان لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتى و ناوخۆییەکان، بەشداربووانى توێژینەوەکە هۆکاریی بەهێزکردنى هاندەرەکانیان تۆمار کردووە کە ئاماژەن بەوەی کاریگەرییە کۆمەڵایەتیى و کولتوورییەکان ڕۆڵى بەهێزتریان هەیە و کاریگەریی بەهێزتر درووست دەکەن بەراورد بە کولتوورى کاری ڕێکخراوەیی.
“من هەست بە شانازیى دەکەم کاتێک هاوکاریی کەسانى پەراوێزخراو دەکەم، ئەوە من زۆر دڵخۆش دەکات کاتێک بێبەرانبەر هاوکارییان پێشکەش دەکەم، ئەمە ئەرک و بەشدارییکردنێکى تەواو مرۆڤانەیە”. «Int 17, man, NNGO, Duhok»
“ئاستى ڕەزامەندیى سوودمەندان و وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە کاردانەوە و ڕەخنە و پێشنیارەکانیانەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک ئێمە ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ درووست دەکەین و دەرفەتى کاریان بۆ دەڕەخسێنین و دەبینە شایەتحاڵى باشى دۆخى دەروونیى و ژیانیان”. «Int 2, woman with local NGO, Sulaymaniyah»
“بینینى زەردەخەنەى منداڵێکى خاوەنپێداویستیى تایبەت و دایک و باوکیان هەستێکى تایبەتم پێ دەبەخشێت و دەروونم ئاسوودە دەکات، ئەمە هاندەرێکى بەهێزە بۆ بەردەوامبوونم لە کارەکەم”. «Int 5, woman, Sulaymaniyah»
“درووستکردنى ژینگەیەکى کاری گونجاو و یەکسان بۆ ستافەکانمان تەواو گرنگە، بەجۆرێک تەواو تێدەگەن لە بایەخ و گرنگیى ئەو خزمەتگوزارییانەى پێشکەشی دەکەن، هەروەها ڕێز لە نهێنیى و شکۆ و پێداویستییەکانى ئەو کەسانە دەگرین کە خزمەتیان دەکەین”. «Int 3, woman, INGO, Sulaymaniyah»
– درووستکردنى متمانە و هەستى کاری پێکەوەیی و فەراهەمکردنی دۆخێکى لەبار و پەرەپێدانى هەستى پاڵپشتییکردن لە ناو ئەندامانى تیمەکاندا؛ ئەرکێکى تەواو بەهادارە، لەم بارەیەوە دابینکەرانى پێشەنگ لە ڕێکخراوى خاچى سوور «Red Crescent» جەختیان لەوە کردەوە کە ڕەزامەندیى دەروونیى و دیارییکردنى پێداویستییە مرۆییەکان و پەیوەندیى بەهێزى ئەندامانى تیم لە چوارچێوەى ژینگەى کاردا گەشە دەکەن و پەروەردە دەکرێن.
– بنەماکانى یەکسانیى و هەستى خۆبەخشانە لەناو ڕێکخراوەکاندا سەرچاوەى شانازیین بۆ پێشخستن و سەرکەوتنى پرۆژەکان، وەک هەڵمەتى خوێنبەخشین لەکاتى قەیرانەکاندا کە نموونەى ڕەنگدانەوەى هەماهەنگیى نێوان کۆمەڵگە جیاوازەکانە.
– “لە بواری خێرخوازییدا ئەو ڕەزامەندییە دەرونییەى لە دابینکردنى پێداویستییە مرۆییەکانەوە بەدەست دێت لە پێش هەموو شتێکەوەیە، ئەندامانى تیمەکانمان پەیوەندییەکى بەهێزتر درووست دەکەن لەچاو ئەوەی لە ڕێکخراوە بازرگانیى و کارگێڕییەکاندا هەیە”. «Int 8, man with Red Crescent movement, Sulaymaniyah»
– “بنەماکانى ڕێکخراوەکەمان وامان لێدەکات هەست بە شانازیى بکەین و جەخت لە یەکسانیى و کارى خۆبەخشیى بکەینەوە، دڵخۆشییمان بەرهەمی جێبەجێکردنى پرۆژەکانە بە سەرکەوتوویی، بەتایبەت لە پەرەپێدانى یەکڕیزیى لەنێوان کۆمەڵگە جیاوازەکاندا”. «Int 11, woman, Duhok»
سەرەڕاى هەبوونى فاکتەرە بەهێزەکانى هاندان، دابینکەرانى پێشەنگ ڕووبەڕووى کۆمەڵێک دۆخى بێزاریی دەبنەوە کە لە ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە سەرچاوە دەگرن.
– دەستەبەرکردنى بودجەى گونجاو و بەردەوام بۆ دۆزینەوە و هێشتنەوەى کەسانى بەئەزموون و شارەزا لەپێناو جێبەجێکردنى پرۆگرامەکانى هاوکاریی لە ئاستێکى باش و بەرزدا، یەکێکە لە ئاڵنگارییە بەرچاو و جددییەکان.
– زەمینەى کارى خێرخوازیى لە هەرێم؛ دامەزراوەیی و ڕێکخراو نییە، ئەمەش بووەتە هۆى زیادکردنى بەربەستەکان لە بەردەم کارى ڕێکخراوەکاندا.
“نەبوونى پرۆسەیەکى بەڕێوەبردنى کارا؛ ئاڵنگارییەکى بەرچاوە، بە تایبەت دۆزینەوە و دەستڕاگەیشتن بە کەسانى شارەزا لە ڕێگەى تەندەرەوە پرۆسەیەکى قورسە، ئەمەش کاریگەریی لەسەر جێبەجێکردنى پرۆژەکان درووست دەکات”. «Int 2, woman, Sulaymaniyah»
“دەکرێت دۆخێکى بێزارکەر بێت کاتێک ڕووبەرووى سنووردارکردنى بودجە دەبینەوە، یان تێدەگەین بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکاریی مانادار و پێویست دەبێت سەرچاوەى دارایی و زانیاریی بەرچاو هەبێت”. «Int 3, woman, Sulaymaniyah»
“سەرەڕاى بەربەستەکانى دیکە، بەدامەزراوەیینەکردنى کاری خێرخوازیى لە هەرێم یەکێکى دیکەیە لە ئاستەنگە گەورەکان، بەڵام سەرباری ئەو ئاستەنگەش؛ بەخشندەیی کۆمەڵایەتیى و ئەو ناوبانگە باشەی بە درێژایی ئەو ساڵانە بەدەستی هێناوە، ڕۆڵگەلێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت”. «Int 10, man, Sulaymaniyah»
– نەتوانینى دابینکردنى پێداویستییە ڕاستەقینە و سەرەکییەکان بۆ وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى، بەتایبەتیى لەکاتى سەردانکردنیان دەبینرێت کە داواکاریی نوێ و پێداویستى دیکەیان دەوێت، ئەمە سەرچاوەیەکى بڵاو و باوى بێزارییەکانە.
– بوونى کەسانێک کە دەیانەوێت سوود لە سیستمى هاوکاریی وەربگرن و بیقۆزنەوە، ئەمە بێزارکەرە بەتایبەتى کاتێک کە هاوکارییەکان دیاریکراو و سنووردارن.
“هەست بە بێزاریی دەکەم کاتێک بڕی هاوکارییەکان بەشى پێداویستییە ڕاستەقینەکانی وەرگران ناکات، ئەوەش بێزارم دەکات کاتێک دەبینم هێشتا کۆمەڵگەکەمان چاوپۆشیى لە پێداویستییەکانى کەسانى خاوەنپێداویستیى تایبەت دەکات”. «Int 5, woman, Sulaymaniyah»
“بێزارییەکانمان زیاد دەکات کاتێک وەرگران دەیانەوێت پرۆسەى دابەشکردنى هاوکارییەکان بقۆزنەوە و داواى شتى زیاتر بکەن زۆرتر لە بڕی دیاریکراو، یان کۆمەڵێک پێداویستى داوا دەکەن کە لە دەرەوەى ئەو کەرەستانەن ئێمە دابەشیان دەکەین”. «Int 2, woman, Sulaymaniyah»
– بەربەستە سیاسیی و بیرۆکراتییەکان بە شێوەیەکى بەرچاو دەبنە ڕێگر لە بەردەم هەوڵى کارکردنى سەربەخۆیانە و وەڵامدانەوەى گونجاو و زیادکردنى پێداویستیی و هاوکارییەکان.
– پرسى ئاساییش؛ لەوانەش مامەڵەکردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى ئاساییش و ئاڵنگارییە فراوانەکانى ئاساییش؛ بەربەستى گەورەى کارکردنن.
“دۆخى سیاسیی و ڕێکارە بیرۆکراتییەکان و ڕێنماییەکانى حکوومەت و نیگەرانییە ئەمنییەکان ئاستەنگى بەرچاون”. «Int 14, woman, Duhok»
“لەگەڵ ئەوەى ئێمە ڕێکخراوى ناسیاسیین، بەڵام زۆرجار ڕێکخراوە سیاسییەکان تارماییەکانیان بەسەر کارەکانماندا زاڵ دەکەن و بەربەست لەبەردەم هەمەهانگییەکان درووست دەکەن و ئێمە ڕووبەرووى ئاڵنگاریی دەکەنەوە”. «Int 10, man, Sulaymaniyah»
پاڵنەر و بێزارییەکانى دابینکەرانى پێشەنگى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستانى عێراق؛ ئاشکراکەرى دۆخێکى ئاڵۆزن لە ڕەزامەندى کەسیی و کولتوورى ڕێکخراوەیی و ئاڵنگارییە دەرەکییەکان، کە لە ڕێگەى دابینکردنى هاوکاریی دارایی و پاڵپشتییکردنى دامەزراوەییەوە دەتوانرێت ئەم دۆخە چارەسەر بکرێت، هەروەها هەڵسەنگاندن و ڕێکخستەوەى چالاکییەکان «Streamlined Operations» لەباریدایە کاریگەریی درێژخایەن لە بەرنامەکانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا درووست بکات، ئەویش بە بەکارهێنانى پاڵنەرە بەهێزەکان و نەهێشتنى ئاڵنگارییە دەستنیشانکراوەکان، ئەمەش کارئاسانى دەکات بۆ لایەنە پەیوەندییدارەکان کە ئاستى بەرپرسیارێتیى و کاریگەریی هاوکاریى کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستانى عێراق زیاد بکەن.
ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان »سۆشیاڵمیدیا« لە چوارچێوەى دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا وەک بابەتێکى سەرەکى لە کاتى ئەنجامدانى توێژینەوەى ئەزموونەکانى ژیان «BASIC Lived Experiences Research» لە هەرێمى کوردستانى عێراق کاری لەسەر کرا، بەشداربووان بە شێوەیەکى فراوان تیشکیان خستە سەر جووتئاراستەیی ئەو تۆڕانە، لە لایەک دەبنە هۆى زیادکردنى هاوکاریی، بەڵام بە دیوەکەی دیکەدا هەوڵەکانى پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى ئاڵۆز دەکەن. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ژینگەى عێراقدا ڕۆڵى خۆیان بینییوە لە پەخشکردنى زانیارییەکاندا، لە ڕێگەی ئەو تۆڕانەوە ڕێکخراوەکان دەستکەوتەکانى خۆیان بڵاودەکەنەوە، هەروەها وەک ڕێگەیەکیش بەکار دەهێنرێت بۆ پڕکردنەوەى بۆشایی یان کەمیى هاوکارییە داراییەکان و تێپەڕاندنى بەربەستە بیرۆکراتییەکان.
ۆرکشۆپ و چاوپێکەوتنەکان دەرخەرى وێنەیەکى ئاڵۆزى کاریگەریى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوون، بەراورد بە بەشداربووانى پرۆژەکە لە سلێمانى، بەشداربووانى دهۆک زیاتر جەختیان لە سوودەکانى ئەو تۆڕانە دەکردەوە، هەرچەندە هەردوو گرووپەکە ددانیان بە لایەنە بەسوود و زیانبەخشەکانى تۆڕەکاندا نا، ئەو ئەزموونە خراپانەى ڕووبەرووى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى بوونەتەوە بە تایبەتى کاریگەریی بەرچاو لە ڕووى نیگەرانیى تایبەتمەندییەکانیان و سودوەرگرتن لێیان. لەگەڵ ئەوەى ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بە پشتبەستن بە ستاندارد و شارەزایی تایبەتمەند هەوڵ دەدەن لایەنە ئەرێنییەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەرە پێ بدەن، بەڵام لە هەمانکاتدا وەرگرانى هاوکارییەکان پرسیار دەکەن کە چۆن دەتوانن جیاوازیى بکەن لەنێوان دۆکیومێنتکردنى ڕاستەقینە و ئیستیغلالکردنى ئەواندا.
ڕەهەندى دووبارەبوونەوە و زیادپیشاندانى ئەو کەسانەى بەدواى هاوکارییدا دەگەڕێن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، سەر دەکێشێت بۆ درووستکردنى جۆرێک لە حوکمدانى گشتى لە سەریان و بێزارکردنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتیى ئەم دۆخە زۆرتر کاریگەریی لەسەر ژنان درووست کردووە. ئەم دۆخە زۆرجار کاردانەوە لەلاى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى درووست کردووە بە جۆرێک کە نەتوانن هاوکاریی و پێویستییەکانیان وەربگرن، ئەمەش هۆکارێکە بۆ شکستهێنانى ئامانجى هاوکاریی کۆمەڵایەتى. بەراورد بە پرۆگرامە فەرمییەکانى حکوومەت، سرووشتى نافەرمیى یان نیمچەفەرمیى زۆرێک لە دابینکەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى لە هەرێمى کوردستانى عێراق، ئەم پرسە خراپتر دەکات بە تایبەت کاتێک هەست دەکەن پێویستییەکى گرنگە کە چالاکیى و کارەکانیان بۆ کۆمەڵگە بڵاو بکەنەوە. بەتایبەت بە هۆى نەبوونى ڕێنمایی فەرمیى و بەرپرسیارێتیى لەم سیستمە نافەرمییانەدا دەبێتە هۆى وێنەگرتن و بڵاوکردنەوەى وەرگران بەبێ ڕەزامەندى خۆیان، کە ئەمەش پێچەوانەى ئامانجە ڕوون و ئاشکراکانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییە.
دابینکەرانى پێشەنگى هاوکاریی کۆمەڵایەتى؛ سێ ئاستى بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان لە چوارچێوەى کارەکانیاندا دەستنیشان کرد:
– پەیوەندییکردن: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک کەناڵێکى پەیوەندیى خزمەت دەکەن بۆ بەشداریی زیاترى کۆمەڵگە و پەخشکردنى زانیارییەکان و دۆزینەوەى ئەوانەى پێویستییان بە هاوکارییە و کۆکردنەوە و ڕێکخستنى سەرچاوەکان.
– بەدەستهێنانى هاوکاریی دارایی: تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئامرازێکى ئێجگار گرنگن لە بەدەستهێنانى هاوکاریی دارایی، زۆرجار ڕێگایەکى خێرا و کاراترە لە شێوازە تەقلیدییەکان، کە بە هۆیەوە گرفتەکانى ئاڵوگۆڕی پارە و دواکەوتنى حەواڵەى بانکیى درووست نابن.
– پشتڕاستکردنەوە: دۆکیومێنتکردنى دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى بەشێکە لە جێبەجێکردنى ئەرکى بەرپرسیارێتیى و شەفافییەت ئەمەش بە لاى بەخشەرانەوە بەهەند وەردەگیرێت، بەڵام ئەم پرۆسەیە نیگەرانییەکى دیاری لاى بەشداربووانى »توێژینەوەى ئەزموونەکانى ژیان« درووست کردووە.
لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پەیوەندیی نێوان ڕێکخراو و کۆمەڵگەکان ئاسانتر دەبێت، یارمەتییدەر دەبێت لە درووستکردنى متمانە و بەرجەستەکردنى شەفافییەت، ڕێکخراوەکان بە گشتى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەى چالاکییەکانییان بێئەوەى ناو و تایبەتمەندێتیى کەس ئاشکرا بکەن، ئەم جۆرە بەکارهێنانەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەمترین کێشە درووست دەکات. هەروەها وەک یەکێک لە بەشداربووانى توێژینەوەکە ئاماژەى پێ دا، دەتوانرێت ئاسانتر وەڵامى ئەو ڕەخنە و پێشنیارانە بدرێتەوە کە لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگیراون.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بوونەتە ئامرازێکى ئێجگار گرنگ لە بەدەستهێنان و کۆکردنەوەى پارەدا، کارئاسانى تەواو بۆ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان دەکەن لە بەدەستهێنانى فەند بەبێ بوونى بەربەستى بیرۆکراتیى و مامەڵە نێودەوڵەتییەکان، دۆکیومێنتکردن و پیشاندانى هاوکارییەکان متمانەى زیاتر لاى بەخشەران درووست دەکات بۆ بەشدارییکردنیان، نموونەیەکى بەرچاو لەم ڕوانگەیەوە بڕە پارەیەکى زۆر لە ڕێگەى هەڵمەتى سۆشیاڵمیدیاوە بۆ خەرجیى پزیشکیى یان پێداویستیى هەنووکەیی کۆکراوەتەوە، بەڵام ئاڵنگارییەکان بۆ بەدەستهێنانى فەندى دامەزراوەیی بۆ هاوکارییکردنى کەیسى تاکەکەسى قورس و گەورە دەبن.
لەگەڵ ئەوەى بەشێک لە ڕێکخراوەکان هەوڵەکانیان بە مەبەستى دۆکیومێنتکردنى چالاکییەکان و بەرجەستەکردنى شەفافییەت دەخەنە گەڕ و لە ڕێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام هێشتا بەکارهێنانى ئەو تۆڕانە بە مەبەستى پشتڕاستکردنەوە و دڵنیاکردنەوە جێگەى هەڵوەستە و مشتومڕە، ئەمەش لە شێوازى هاوبەشییکردن و بڵاوکردنەوەى وێنە و چیرۆکەکانەوە سەرچاوە دەگرێت کە جیاوازیى گەورەیان تێدا بەدیی دەکرێت، بنەماکانى وەرگرتنى ڕەزامەندیى پێشوەخت و بڵاونەکردنەوەى زانیاریی کەسیی و لەبەرچاوگرتنى هەستیاریی کولتووریى ئەو ڕەخنە جدییانەن کە لەم پرۆسەیە دەگیرێن، بەڵام تائێستا بەهەند وەرنەگیراون، ئەم تەوەرە لەلایەن بەشداربووانى هەردوو ۆرکشۆپى سلێمانیى و دهۆکەوە جێگەى مشتومڕ بوو، بە تایبەت کاریگەرییە ئاکارییەکان و هاوسەنگیى لەنێوان شەفافیەت و پاراستنى تایبەتمەندى کەسیی؛ بابەتى سەرەکیى مشتومڕەکان بوون.
یەکێک لە ئەگەرەکانى خراپبەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بریتییە لە فێڵکردن بۆ کۆکردنەوەى پارە و ئیستیغلالکردن، ئەمەش یەکێکى دیکە بوو لە نیگەرانییە قووڵەکان، لەم بارەیەوە بەشداربووانى توێژینەوەکە نموونەى دەستکەوتى ساختە و هەوڵى ساختەیان بۆ وەرگرتن و کۆکردنەوەى پارە ئاماژە پێ دا، کە ئەمەش ئاڵنگارییەکى جددیى بوو لەبەردەمیان، چارەسەرکردنى ئەم ئاڵنگارییانە ئەوە دەخوازێت کە چاودێریى زیاتر و ستانداردى کرداریی دابنرێت بۆ بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا.
توێژینەوەکە جەختى لە هەستیاریی و ناسکیى پاراستنى هاوسەنگیى کردەوە لەنێوان بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ دەستخستن و کۆکردنەوەى پارە و پاراستنى شکۆمەندیى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى، لەم دیدەوە ئەوە دەردەکەوێت کە ڕێکخراوەکان ڕووبەرووى ئەو ئاڵنگارییە دەبنەوە کە چۆن بتوانن دەستکەوت و چالاکییەکانیان بڵاو بکەنەوە بێئەوەى پێشێلکاریی بەرانبەر شکۆ و مافى ئەو کەسانە بکەن کە هاوکارییان پێشکەش دەکەن کە زۆرینەی کات دەبێتە هۆى کاردانەوەى نەرێنیى و زەبرى کۆمەڵایەتیى بەرانبەر وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى کە ئەم حاڵەتە زیاتر لە پارێزگاى دهۆک تۆختر و بەرچاوتر بووە.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵێکى جووتئاراستەیی دەگێڕن لە دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى لە هەرێمى کوردستانى عێراق، لە لایەک ڕۆڵى ئەرێنیى وەک: خزمەتى بەرچاو لە پەیوەندییکردن و کۆکردنەوەى فەند و پشتڕاستکردنەوەى چالاکییەکان دەگێڕن، لەلایەکى دیکەوە مەترسییەکانی پەیوەست بە پاراستنى تایبەتمەندێتیى کەسیی و ئیستیغلالکردن و پاراستنى ئاکارییانە گەورەتر دەکەن، چارەسەرکردنى ئەم ئاڵنگارییانە دەخوازێت کە ڕێکاری وردتر بگیرێتە بەر لەوانەش وەرگرتنى ڕەزامەندیى و لەبەرچاوگرتنى هەستیاریی کۆمەڵایەتیى، هەروەها گەشەپێدانى ستاندارد و بنەماى کرداریی بۆ دڵنیابوون لە ڕۆڵى کاریگەر و ئەرێنییانەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هاوکارییکردنى کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکاندا. هاوکات هەماهەنگیى نێوان بەخشەران و ڕێکخراوەکان و کۆمەڵگە زۆر گرنگە بۆ درووستکردنى هاوسەنگیی نێوان بڵاوکردنەوەى چالاکییەکان لەگەڵ ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیى و شکۆى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیی.
ئەم بەشە ڕۆدەچێتە ناو ئاستەنگەکانی پێوانەکردنی ڕێبازە ناوخۆییەکان لە چوارچێوەی پرۆسەکانی چاکسازیی و بەردەوامیی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان و ناوەڕاستی عێراق، وەک ئەوەى لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێنمایی کراوە، تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییەکانى سیستمى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى هاوتەریب لە هەرێمى کوردستانى عێراق لەسەر بەرپرسیارێتیى و پووختکردنەوەى نیگەرانییەکان لە چوارچێوەى توێژینەوەکانى بەشداربووان دەربارەی بەرپرسیارێتیى و ئەزموونەکانى ژیان و نەگونجانی هاوکارییەکان و کاریگەرییەکانی بەپێی بنەمای “زیان پێنەگەیاندن”.
ئێمە لە دیدگاکانى شایستەبوون و ناسینەوەى وەرگران دەکۆڵینەوە، جەخت لە ئامانجەکان دەکەینەوە وەک پرسێکى ناوەند بۆ هەموو گرووپە دەستوپێوەندەکان، لەکۆتاییدا کار لەسەر پێوانەکردنى ئاڵنگارییەکان دەکەین لەپێناو بنیاتنانى متمانەدا، کە بنەمایەکى سەرەکییە لە پاراستنى بەرپرسیارێتى لە چوارچێوەى سیستمى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا، بەتایبەت لەنێوان بەخشەرە ناوخۆیی و ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکاندا، ئەمەش وەک ئەولەویەتێکى سەرەکیى لەلایەن بەشداربووانەوە ئاماژەى پێدراوە.
پەرەپێدان و ڕێبەرایەتییکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى ناوخۆیی؛ هاوتەریب لەگەڵ پێشخستنى دامەزراوە حکومییەکانى چاکسازیی کۆمەڵایەتییدا گەشەدەکات؛ بەتایبەت لە کاتى کەمبوونەوەى هاوکارییە مرۆییەکان لە هەرێمدا.
ئەم بەشە لە گرفت و کاردانەوە سەرەکییەکانى سیستمى هاوتەریب لە هەرێمى کوردستانى عێراق دەکۆڵێتەوە، بە جۆرێک کە نەبوونى هەماهەنگیى سەر دەکێشێت بۆ درووستبوونى نادادپەروەریی »دوورخستنەوەی کەسانێک و دووبارەبوونەوەى کەسانى دیکە لە وەرگرتنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا«، «Exclusion and Duplication»، هەروەها درووستبوونى گرفتى نوێنەرایەتییکردن لە پرۆسەى فەرمییدا و نەبوونى داتاى تەواو بۆ درووستکردتى هەماهەنگیى و هاوکاریی باشتر.
هەماهەنگى لەگەڵ حکوومەت (بە تایبەتیى لەگەڵ موختارى گەڕەکەکان) ڕێگەیەکى تەواو کاریگەرە بۆ دابەشکردنى هاوکاریی، »وەک ئەوەی یەکێک لە بەشداربووانى توێژینەوەکە لە دهۆک ئاماژەى پێ دا«، بەڵام ئەم هەماهەنگییەش زیاتر سەرنج دەخاتە سەر لایەنى لۆجستى نەک داڕشتنى پلانى ستراتیجیى، بۆ نموونە:
“پەیوەندیى لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان زۆر گرنگە بۆ نموونە وەزارەتى پێشمەرگە بۆ پێشکەشکردنى هاوکاریى لەو ناوچانەى نزیکی شەڕ و پێکدادانی چەکداریین، لە دۆخێکی وادا مۆڵەتوەرگرتن لە کارە هەرەلەپێشەکانە، ئێمە لەگەڵ سەرچاوەکان هاوتەریب کار دەکەین، وەک وەزارەتى تەندرووستى لەپێناو دابینکردنى خزمەتگوزاریى بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لە کاتى سەردانمان بۆ کەمپەکان، بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى تەندرووستیی دهۆک ئاگادار دەکەینەوە بۆ زامنکردنی شەففافییەت لە کارەکانماندا، پشتگیریى حکوومەت لە ڕێگەى ئیدارەى پارێزگاوە بەدەست دەهێنین، کارە بێ تێچوو و خۆبەخشەکانمان شایەتى هەوڵەکانمان دەدەن”. «Interview 11, woman, Duhok»
نەخشەسازیی هاوکاریی کۆمەڵایەتیى؛ بەردەوام دەبێت لە پەرەسەندن بە شێوەیەکى هاوتەریب لەنێوان دەستپێشخەریی حکوومەت و هاوکارییە کۆمەڵایەتییە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها پڕکردنەوەى ئەو بۆشاییەى سیستمى فەرمیى بەجێیهێشتووە بە هۆی هاوکاریی ناوخۆییەوە، ئەم بەشبەشیی و پەرتبوونە؛ ڕێگاکانى بەرپرسیارێتیى و شەفافییەت لەنێوان دابینکەران و وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى ئاڵۆزتر دەکات، بەتایبەت کاتێک هاوکارییە هاوشێوەکان لەژێر فەرمان و ڕێکاری جیاوازدا وەک لایەنى بەرپرسیارێتیى و چاوەڕوانییەکانى وەرگر پێشکەش دەکرێن، کە ئەمە ئەندامێکى ڕێکخراوێکى ناوخۆیی پێشەنگ ئاماژەى پێ دا.
“لە دۆخى ئێستادا حکوومەتى هەرێمى کوردستان مووچەى فەرمانبەران دوا دەخات، ئەمەش کاریگەریی لەسەر دۆخى ژیانیان هەیە، بارگرانیى ئابووریى دەبێتە هۆى ئەوەى نەتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانى ژیانیان بکڕن و دابینى بکەن، ئێمە وەک ڕێکخراوێکى مرۆیی مامەڵە لەگەڵ دابینکردنى پێداویستییەکانى ئەو کارمەندانە دەکەین کە مووچەکانیان دوا دەکەوێت و ڕووبەڕووى دواخستنی کرێ و گرفتى نیشتەجێبوون دەبنەوە”. «Interview 11, woman, Duhok»
سەرەڕاى هەبوونى چوارچێوەیەکى کار و پلانداڕێژراو وەک یاساى سندووقى پشتیوانیى کۆمەڵایەتى، بەڵام بەردەوام کەمیى بوودجە ڕێگرە لە دابینکردن و پێشکەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى، وەک ئەوەى وەزیری کاروبارى کۆمەڵایەتیى ئاماژەى پێ دا.
بەشداربووانى توێژینەوەکە ئاماژەیان بە جیاوازییەکى گەورەو توند دا لەنێوان هاوکاریی کۆمەڵایەتى فەرمیى لە ناوەڕاستى عێراق کە مووچەیان پێ دەدرێت و چاودێریى خێزان دابین دەکرێت، بەراورد بە هەرێمى کوردستانى عێراق کە مووچە دوادەکەوێت یان هەر نادرێت، هەروەها تۆڕى سەلامەتیى کۆمەڵایەتییش ڕاگیراوە و هەندێک خێزان بە مەبەستى دەستڕاگەیشتنیان بە هاوکاریی چاودێریى خێزان لە دهۆکەوە دەچنە موسڵ.
لەکاتى قەیرانەکاندا هەماهەنگییەکان زیاتر و باشتر دەبن، بەتایبەت لەکاتى لێشاوى ئاوارەبوونى خەڵکدا کە لە ساڵى ٢٠١٤ ڕووی دا، ڕێکخراوە ناوخۆییەکان لە دهۆک زیاتر ئاشنابوون بە سیستم و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها یەکێک لە بەشداربووان جەختى لە ڕۆڵى ڕێکخراوە ناوخۆییەکان کردەوە وەک دابینکەرى سەربەخۆى هاوکارییە کۆمەڵایەتییەکان لەو ماوەیەدا:
“ئێمە لە دەرەوەى خەڵکى خانەخوێ هاوکارییمان دابەش کردووە، بەتایبەتى لە کاتى لێشاوى کۆچبەران بە هەماهەنگى لەگەڵ حکوومەت و ڕێکخراوەکانى وەک «WFP» بە شێوەیەکى سەرکەوتووانە هاوکارییەکان لە کەمپەکاندا دابەش کران وەک کەمپى کەبەرتوو و دۆمیز”. «Interview 15, man, Duhok»
داڕمانى سیستمى هەماهەنگى مرۆیی لەناو پێکهاتەکانى ڕێبەرایەتییکردنى حکوومەتدا بۆشاییەکى گەورەى هاوکاریی کۆمەڵایەتى بەجێهێشتووە لە پەیوەند بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى ناوخۆیی و چاکسازیى پاراستنى کۆمەڵایەتییەوە، هەروەها لە هەردوو پارێزگاى سلێمانیى و دهۆک بەشداربووانى توێژینەوەکە جەختیان لە نەبوونى هەماهەنگیى نێوان ڕێکخراوەکان کردەوە، بە تایبەت دامەزراوە ناوخۆییەکان کە هەمان جۆر هاوکاریی بۆ هەمان گرووپ و کۆمەڵگە دابین دەکەن.
بەشداربووانى توێژینەوەکە، بە تایبەتیى لە گرووپە پەراوێزخراوەکان و گروپە وەدەرنراوەکان «Excluded Groups»ـی سلێمانى جەختیان لە ناتەبایی جۆرە جیاوازەکانى دابینکەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى کردەوە، بە جۆرێک کە قورسە بتوانرێت جیاکاریی لەنێوان دابینکەران و کاراکتەرە هەلپەرستەکان بکەن، لەئەستۆنەگرتنى بەرپرسیارێتیى لەلایەن دابینکەرانەوە لە دەرەنجامدا دەبێتە هۆى زیانگەیاندن.
– هاوسۆزى مەرجدار: هاوکارییەکان پەیوەست دەکرێن بە ئینتیمای سیاسیی، یان وێناکردنى میدیایی کە پێویستە وەرگرەکان »هەژار و دڵتەنگ« دەربکەون، یان دەبێت پابەند بن بە هەندێک نۆرمى ئایینییەوە.
– سووڕ و بەردەوامیى پەراوێزخراوان و گرووپەکانى هاوکاریی: پێویستى هەڵسەنگاندن و پێشبینییکردن بۆ هاوکارییەکان لە داهاتوودا و ڕێکخستنى لە چوارچێوەى سیستمدا بە تایبەتى بۆ ئەو کەسانەى ناتوانن بە هۆى بارودۆخیانەوە کار بکەن.
– شکۆ و هەڵبژاردن: کارکردن لەسەر پاراستنى شکۆ و دیارییکردنى بژاردەکان لەکاتى وەرگرتنى هاوکارییدا.
– لە شیکاریی بەکۆمەڵى ۆرکشۆپەکاندا بەشداربووان نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە کاراکتەرە هەلپەرستەکان نیشان دا، کە هەژاریى و لاوازیى گرووپە پەراوێزخراوەکان بۆ قازانجى خۆیان دەقۆزنەوە، ئەوان بە هەمان شێوەى ڕێکخراوە تۆمارکراوەکان بەرپرسیارێتیى لەئەستۆ ناگرن.
پێوانەکردنى ئاڵنگارییەکان لە ڕێبازى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى ناوخۆییدا لە هەرێمى کوردستانى عێراق فرەلایەنن، کە بریتیین لە پرسەکانى هەماهەنگیى، بەدەستخستنى داتا و زانیاریی و درووستکردنى متمانە لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بۆ چارەسەرکردنى ئەم ئاڵنگارییانە ئەوە دەخوازێت کە هەوڵێکى هاوبەش هەبێت بۆ زیادکردن و باشکردنى ئاستى هەماهەنگیى، دڵنیابوون لە پاراستنى ڕێز و بەردەوامیى دابەشکردنى هاوکارییەکان، هەروەها دامەزراندنى میکانیزمێکى بەرپرسیارانەى بەهێز بۆ پاراستنى خواست و شکۆى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى.
ا. چەسپاندن و دامەزراندنى میکانیزمێکى سەربەخۆى پشتڕاستکردنەوە بۆ دڵنیابوون لە ئاستى بەرپرسیارێتى و شەفافییەت لە هاوکاریی کۆمەڵایەتى ناوخۆییدا.
ب. کەمکردنەوەی بەربەستە بیرۆکراتییەکان و ڕێکخستنی ڕێکارەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستى تێگەیشتن لە کاریگەریی سیستەمی هاوکاریی کۆمەڵایەتی بۆ وەرگران.
پ. دابینکردنى سەرچاوەى پاڵپشتیى پێویست بۆ کارمەندانى پێشەنگى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى بۆ باشتر بەڕێوەبردنى ئەرک و بەرپرسیارێتییە جۆراوجۆرەکانیان و دڵنیابوونەوە لە کارایی ڕۆڵى نێوەندگیرییان و بەردەوامبوونیان.
ت. ئاسانکاریی بۆ بەشدارییکردنی ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بۆ سوودبینین و هەماهەنگیی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ڕێکخستنی ئەولەویەتەکان و بەکارهێنانی شارەزایی و تۆڕە ناوخۆییەکان.
ج. پەرەپێدانى ڕێنماییەکان بۆ بەرپرسیارانە بەکارهێنانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە چوارچێوەى کۆکردنەوەى فەند و پاراستنى شکۆى وەرگراندا، لە هەمانکاتدا دڵنیابوونەوە لە پێدانى هاوکارییەکان لە کاتى خۆیدا.
چ. بە سەرپەرشتیی حکوومەت، تۆڕە ناوخۆییەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیى بەشدارییان پێ بکرێت لە پرۆسەکانی چاکسازی کۆمەڵایەتییدا بۆ دڵنیابوونەوە لە مامەڵەکردنى بەرپرسیارانە و گەیاندنى هاوکارییەکان بۆ گرووپى مەبەست و لەکاتى خۆیدا.
ح. گەشەپێدان و جێبەجێکردنی بەرنامەی ڕاهێنانی گشتگیر کە بایەخ بە کارامەیی کەسیی و هەستیاریی جێندەریی و شارەزایی پیشەیی دەدات، دابینکردنی میکانیزمی پشتیوانیی بەردەوام بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کارمەندانى پێشەنگ دەتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر ڕۆڵ و بەرپرسیارێتییە جۆراوجۆرەکانیان بەڕێوە ببەن.
خ. ڕێکخستن و پشتگیرییکردنی تۆڕە خۆبەخشەکان هەتا بتوانن زۆرترین بەشداریی بکەن، هەروەها کەڵکوەرگرتن لە کارامەیی و تایبەتمەندییەکانیان لە چوارچێوەى کاری ڕێکخراوەییدا لەپێناو بەرزکردنەوەى ئاستى کاریگەریی و گەیشتن بە کەسانى پەراوێزخراو.
د. باشترکردنی پەیوەندیى بۆ گەیشتن بە سەرچاوە تایبەتمەندەکان و ڕەخساندنى دەرفەتەکانی گەشەپێدانی پیشەیی لە بوارە جیاوازەکاندا، پەرەپێدانی هاوبەشیی لەگەڵ دەزگا پیشەییەکان و دامەزراوە پەروەردەییەکان بۆ بنیاتنانی توانا و بەرزکردنەوەی ئاستى شارەزایی لەناو هێزی کاردا.
ڕ. دڵنیابوون و بەهەندوەرگرتنى هەستیاریی جێندەریی وەک بەردى بناغەى نەخشەسازیی و جێبەجێکردنى پرۆگرامەکان، هەروەها زیادکردنى بەشداریی ژنان لە پرۆسەى بڕیاردان لە ڕێکخراوەکاندا بۆ پێشخستنى دیدگاى جۆراوجۆر و گشتگیر.
ز. نەهێشتنى سنووردارکردنی دارایی و ڕێکخراوەیی لەناو دامەزراوەکانى حکوومەت و بەرزکردنەوەی ئاستى هەماهەنگیی نێوان ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان و دامەزراوەکانى حکوومەت بە مەبەستى باشتر بەڕێوەبردنى چالاکییەکان و باشترکردنی پرۆسەى پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتیی کاراتر و کاریگەرتر.
ژ. هاندان بۆ گۆڕینی مۆدێلەکانى هاوکاریی کورتخایەن بە پرۆسەیەکى بەردەوام و درێژمەودا، بە جۆرێک کە هێزى بڕیاردان لە خواستى کۆمەڵگەکانەوە سەرچاوەبگرێت «Community-Driven solutions»، هەروەها پەرەپێدانى هەماهەنگیى نێوان ڕێکخراوە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگەکان و دامەزراوەکانى حکوومەت بۆ بەهێزکردنى ڕێگاکانى لێپرسینەوە و لەئەستۆگرتنى زیاترى بەرپرسیارێتیى و دڵنیابوونەوە لەوەى پرۆگرامەکانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى کاریگەریی بەردەوام و درێژخایەنیان دەبێت.
ئامانج لە شیکاریی گشتیى و بەکۆمەڵ لەگەڵ بەشداربووانى توێژینەوەکە لە هەردوو پارێزگاى سلێمانى و دهۆک، بەرهەمهێنانى پەیامى سەرەکى بوو بۆ ئەو لایەنە پەیوەندییدارانەی بەشدارن لە سیاسەتى داڕشتن و بریاردانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى فەرمیى لە هەرێمى کوردستانى عێراق، ڕاسپاردەکان ئاراستەى سێ لایەنی پەیوەندییداری سەرەکیى کراون: «ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەکبەخشە ناوخۆییەکان و حکوومەت» کە لە خوارەوە ئاماژەیان پێ دراوە، ئەم ڕاسپاردانە سەرنج دەخەنە سەر سێ بیرۆکەى سەرەکیى بۆ باشترکردنى ئاستى بەرپرسیارێتى لە پرۆگرامەکانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا لە هەرێمى کوردستانى عێراق.
یەکەم؛ گەشەپێدانى ڕێنمایی کارپێکراو لە کەرتى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا بە جۆرێک کە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان بتوانن بەکاری بهێنن بۆ بەشدارییکردنى کۆمەڵگە و ڕێزگرتن لە شکۆ و تایبەتمەندێتیى.
دووەم؛ کەمکردنەوەى ڕێکارە بیرۆکراتییەکانی بەردەم ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنیی بۆ باشترکردنى ئەداى کارکردنیان، ئەمەش لە ڕێگەى ئاسانکردنى ڕێکارەکان لە کردنەوەى هەژمارى بانکیى و داواکاریی ناپێویست لێیان «Unnecessary Approvals».
سێیەم؛ دڵنیابوون لە ئەنجامدانى پرۆسەیەکى سەلامەت و شکۆدار بۆ ئەو کەسانەى پێویستیان بە هاوکارییە:
– بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاریی بۆ ڕێگرتن لە وێنەگرتنى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى.
– درووستکردنى چەند لیژنەیەک بۆ ئەنجامدانى هەڵمەتى »نا بۆ وێنەگرتن« بە مەبەستى پاراستنى ژیانی کەسیی وەرگران.
– کۆکردنەوە و نوێکردنەوەى زانیارییەکان و هەڵسەنگاندنی درووست لە دابینکردنى پێداویستییەکان، ئەمەش لە ڕێگەى هەماهەنگیى نێوان دابینکەرانەوە درووست دەبێت، بۆ دوورکەوتنەوە لە دووبارەبونەوە و درووستبوونى گرژیى.
– دڵنیابوونەوە لە جێگیریی و یارمەتییە پێشبینییکراوەکان و بەشدارییپێکردنى وەرگران لە دانانى پلانەکاندا.
– تێچووی گواستنەوەی تایبەت بە کۆکردنەوەى هاوکارییەکان دابین بکرێت.
– بەشدارییکردنى ڕێکخراوەکان و دڵنیابوونەوە لە خاوەندارێتیى حکوومەت بۆ لەئەستۆگرتنى ئەرک و بەرپرسیارێتیى سەرەکیى، هەروەها پێشخستنى پسپۆڕیى و ڕێزگرتن لە شکۆ و بەهاى یەکدیی «Mutual Respect» بە پێى ئاست و پلەبەندییە هاوبەشەکان «Hierarchical Partnerships».
– درووستکردن و پەرەپێدانى داتابەیسێکى ناوخۆیی کە لەلایەن لیژنەیەکەوە سەرپەرشتیی بکرێت و لە ڕێگەیەوە پەرە بە هەماهەنگیى بدرێت.
– پەرەپێدانی هەماهەنگیی و لێکتێگەیشتنێکی باشتر لەلایەن بەخشەرەکان و حکوومەتەوە بۆ پێشخستنی گۆڕانکارییەکان.
– دیاریکردنى پێداویستییە سەرەتاییەکان کە لە ڕێگەی هاوکاریی ناوخۆوە فەندیان بۆ دابین دەکرێت و گواستنەوەیان بۆ پاڵپشتییەکى بەردەوام و درێژخایەن.
– سوودوەرگرتن لە گرووپ و تۆڕە نافەرمییەکان بە شێوەیەکى ڕێکخراو بۆ درووستکردنى پەیوەندیى و دۆزینەوەى ئەوانەى پێوستیان بە هاوکاریی بەردەوامە و دابینکردنى لە ڕێگەى ڕێکخراوەکانەوە.
– درووستکردنى تۆڕى کۆمەڵایەتیى و کەسیی بۆ باشتر بەڕێوەبردنى کەیسەکان و خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکان.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان »ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان، بەخشەران«
یەکەم؛ لابردنى بەربەستەکان لە بەردەم ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بۆ وەرگرتنى فەند:
– ئاسانکردنى ڕێکارەکانى پرۆپۆزەڵ و هەروەها وەبەرهێنان لە هاوکاریی دامەزراوەییدا.
– هاندان بۆ گەڵاڵەکردنی کارى پێکەوەیی و هەڵسەنگاندنى پێشوەخت بۆ دیارییکردنى بەربەستەکان و بەدواداچوون بۆ کارە پەراوێزخراوەکان.
– باشترکردنی هەماهەنگیی و پشتگیریی بۆ کۆکردنەوەی داتاى ورد و هاوبەشییکردنی لەگەڵ ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بۆ باشترکردنی پلاندانان و نەهێشتنى دووبارەبوونەوە.
دووەم؛ بەرزکردنەوەى ئاستى هەماهەنگیى بەدەر لە هاوبەشیى لە جێبەجێکردندا
– پشتگیرییکردنى هەوڵەکانی حکوومەت بۆ باشترکردنی هەماهەنگیی نێوان ڕێکخراوە ناوخۆییەکان.
– جێگیرکردن و بەشدارییپێکردنى بیرۆکەى ڕێکخراوە ناوخۆییەکان.
– هاوبەشییپێکردنى داتاى ورد لەگەڵ ئەو کەس و ناوچانەى پێویستییان بە هاوکارییە، کە بە شێوەیەکى نموونەیی دەبێت لەلایەن حکوومەتەوە سەرپەرشتیی بکرێت.
– پڕکردنەوەی کەلێنەکانی سیستمی فەرمیی هاوکاریی کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکوومەت.
– تێپەراندنى قۆناغى دابینکردنى هاوکاریی سەرەتایی بە ڕەخساندنى دەرفەتى پەروەردە و درووستکردنى داهات بۆ کەمکردنەوەى پشتبەستنى درێژخایەن بە هاوکارییەکان.
– دڵنیابوون لە شەفافیەت و وەرگرتنى ڕەزامەندیى پێشوەخت لە کاتی دۆکیومێنتکردن و پەخشکردنى زانیاریی دەربارەی وەرگرانی هاوکاریی کۆمەڵایەتى.
– دوورکەوتنەوە لە دانانی مەرجی زیادەڕۆ و ناپێویست لەسەر بودجە کە دەبێتە هۆى تێکدانى هەوڵەکانی هاوکاریی کۆمەڵایەتى.
– دڵنیابوون لەوەى بەخشینە پێشبینیکراوەکان بە گوێرەى ئاستى بودجە و کات ڕێکخراون.
– پەرەپێدانی ستانداردەکان بۆ ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆییەکان بۆ باشترکردنی ڕێکخستن و کەمکردنەوەی فێڵکردن.
– ڕێکخستنی ڕێکارە کارگێڕییەکان بۆ تۆمارکردن و کارکردن، بە تایبەتیی سەبارەت بە ڕێکارەکانى کردنەوەى هەژمارى بانکیى.
– بەسەنتەرکردن و نوێکردنەوەی داتاکانى تایبەت بەو کەسانەى پێویستییان بە هاوکاریی هەیە، ئەمەش بە مەبەستى زیادکردنى ئاستى هەماهەنگیى.
– ئاسانکاریی لە درووستکردنى پەیوەندیی نێوان هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بۆ دڵنیابوون لە وەرگرتنى فەند و پشتگیریی بەردەوام.
– ڕەخساندنى دەرفەت و دەستڕاگەیشتنى ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە سەرچاوەکان لە ڕێگەی ڕاسپاردەکانی حکوومەت و ددانپێدانان بەو دەرفەت و دەستڕاگەیشتنەدا.
– کۆکردنەوە و بەهێزکردنى ڕیفۆرمخوازان لە چوارچێوەى تۆڕێکى ڕێکخراو بۆ ئەوەی لەگەڵ کارمەندانى پێشەنگ بەشدارییان پێ بکرێت لە پرۆسەى بڕیارداندا.
– باشترکردنى ئاستى دەستڕاگەیشتنى هەموو لایەنە پەیوەندییدارەکان بەو دۆکیومێنتانەى پەیوەستن بە سیاسەتى پاراستنى کۆمەڵایەتییەوە.
– بەهەندگرتنى دیدگای هەردوو لایەن »وەرگر و دابینکەرانی هاوکاریی کۆمەڵایەتى« بۆ پیشاندانى ئەزموون و ئاڵنگارییەکانیان.
– دیارییکردنى ئەو بارودۆخ و ڕەگەزە کولتوورییانەى بنەمان بۆ ئاستى بەرپرسیارێتى لە دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا.
بە چارەسەرکردنی ئەم دۆزینەوانە و جێبەجێکردنی سیاسەتی پێشنیارکراو، دەتوانرێت کاریگەریی و ئاستى بەرپرسیارێتى لە هاوکارییە کۆمەڵایەتییە ناوخۆییەکاندا لە هەرێمى کوردستانى عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر بکرێن، ئەمەش دڵنییایی دەدات لەوەی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی کارا و بە ڕێزەوە دەگات بەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی.
ڕێکخراوە ناوخۆییەکانی هەرێمى کوردستان؛ دەتوانن پردێک لەنێوان هاوکارییە ناوخۆییەکان و پرۆگرامە فەرمییەکانى داهاتوو لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا درووست بکەن تەریب بە سیاسیەتى پاراستنى کۆمەڵایەتیى و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەهێزەکان. هەروەها بەهێزکردنى خاوەندارێتیى و هاوبەشییپێکردنى زانیارییەکان لەگەڵ تیمەکانى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پێشەنگەکان، لەباریدایە ببێتە هۆى زیادکردنى پێشبینییەکان لە دابینکردنى پێداویستییەکان بۆ گرووپە پەراوێزخراوەکان و ئاستى شەفافییەت و بەرپرسیارێتییش بەرز دەکاتەوە، نوێکردنەوەى ئەم ئەولەویەتانە دەبێتەهۆى بەهێزکردنى پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتى و دابینکردنى پاڵپشتى زیاتر بۆ ئەوانەى پێویستیان پێیەتى.
لویسا سیفێریس: لەساڵی ٢٠٠٦ەوە لە بوارى هاوکاریی مرۆییدا کاردەکات و سەرنجى لەسەر شیکاریی قەیرانەکان و هەروەها بەرپرسیارێتیى و دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییە، وەک ڕاوێژکار لەگەڵ گرووپە مرۆییەکان و پیشەوەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى و بەخشەرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا کاری کردووە، هەنووکە ڕاوێژکاریی سەربەخۆیە لەو بوارەدا.
د. هەرێم کەریم: بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانە لە ڕێکخراوى پاسەوان لە عێراق، هەروەها نووسەر و توێژەرە لە بوارى زانستە سیاسیی و زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا و بەڕێوەبەرى پرۆژەکانى «باشترکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى لەکاتى قەیراندا» لە عێراق.
پۆڵ هارڤى: بەڕێوەبەرى پرۆژەى «باشترکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى لەکاتى قەیراندا»، هاودامەزرێنەرى سەنتەرى مرۆیی بەریتانییشە، هەروەها سەرنجى کارەکانى لەسەر بەدەستهێنانى هاوکارییە لە کاتى قەیراندا، بایەخیش بە چۆنێتیی کاری پێکەوەیی نێوان ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دەوڵەتان دەدات لە کاتى قەیرانەکاندا.
بریگێتە ڕاودەر: توێژەرە لە پەیمانگەى گەشەپێدانى بەریتانیى «IDS» لەبوارەکانى بەشداریی و گۆڕانکارییەکانى کۆمەڵگەدا. هەنووکە سەرنجى لەسەر دادپەروەریى کۆمەڵایەتیى و یەکسانییە بە تایبەتى بۆ خاوەنپێداویستییانى تایبەت و ڕاگوێزراوان و گرووپە پەراوێزخراوەکان لەپێناو بەدەستهێنانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى لە کاتى قەیرانەکاندا.