هه‌ندێك له‌و ڕۆژهه‌ڵاتناسانه‌ی قسه‌یان له‌سه‌ر سروشت و خه‌سڵه‌ته ئەنترۆپۆلۆژی و كه‌سایه‌تییه‌كانی كورد كردووه، وه‌كو هێنری فیڵد و مێجەر سۆن، به‌نده‌ر، میلینگن، گرام، لارش، نیکیتین، مینۆریسکی، سۆلتز، و دەیانی دیکە. ئەمانە هەندێکیان بەپێی سەرنج و تێبینی ڕۆژانە و هەندێکیان لە ئەنجامی توێژینەوە و پێوانە و میتۆدی زانستی تایبەت ئەو بابەتەیان شیکردووەتەوە.
پێش ئەوەی ڕاوبۆچوونی جیاواز و تێبینی هەر یەکێکیان بخەینەڕوو، بەگشتی لە بارەی خەسڵەتە وەرگیراوەکانەوە، نەک جەستەیی و بۆماوەییەکان، به‌لای زۆربه‌یانه‌وه تاكی كورد له ڕووی کەسایەتی و تایبەتمەندییە دەروونییەکانییەوە تاکێکی ڕاستگۆ و نه‌گۆڕ و هه‌قانی كه‌موێنه‌یه، دڵسۆز و میهره‌بانه له‌گه‌ڵ خزم و كه‌سه‌كانی و خاوه‌ن ڕه‌فتاری مرۆڤدۆستانه‌یه، هه‌ندێكیان ده‌ڵێن به تایبه‌تی كوردانی باشوور و ناوه‌ند به‌رانبه‌ر ئافره‌ت زۆر میهره‌بانن و مه‌یل و حه‌زێكی زۆریان بۆ شیعر و ئه‌ده‌ب هه‌یه، ئاماده‌ی قوربانیدانن بۆ خێڵ و هۆز و بنه‌ماڵه‌كانیان، زۆر شانازی به ناوچه و وڵات و نه‌ژاد و بنه‌چه‌یانه‌وه ده‌كه‌ن، زۆر به سه‌ربڵندی و شانازییه‌وه ده‌ڵێن ئێمه كوردین. واتە ڕاستە دەڵێن کوردین، بەڵام هیشتا زیاتر ئامادەی قوربانیدانن لە پێناو گرووپە بچووکەکانی پێش بە نەتەوەبووندا، وەکو هۆز و خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە و حیزب نەک کۆدەنگ بن لەسەر پرسی نەتەوەیی.
ئەوەی پەیوەندی بە ژینگەی کۆمەڵایەتی و کلتوورییەوە هەیە، ئەوەیە کە له ڕووی ده‌روونییه‌وه كورد هه‌میشه ناخی پڕ جۆش و خرۆشه و زوو هه‌ڵده‌چێت، له ناكاودا و به‌بێ هۆ یان به بچووكترین وروژاندن گڕ ده‌گرێت، لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە ئەم بارە دەروونییە ناجێگیرە، پەیوەندی بە ڕەوشی کۆمەڵایەتی ژیانی تاکەکانەوە هەیە، لە ئەنجامی شەڕ و ململانێ و هێرش و پەلامار و گۆڕانی کت‌وپڕ و لەناکاو، ئەو کودەتا یەک لە دوای یەکانەی لە بواری سیاسی و هەندێک گۆڕانی سروشتی خێرا وەکو ئاوهەوا و گەرما و سەرما وا لە مرۆڤەکان دەکەن، لە ڕووی دەروونییەوە ئارام و جێگیر نەبن.
له ڕووی ده‌روونییه‌وه كورد هه‌میشه ناخی پڕ جۆش و خرۆشه و زوو هه‌ڵده‌چێت، له ناكاودا و به‌بێ هۆ یان به بچووكترین وروژاندن گڕ ده‌گرێت
میر شەرەفخان لە پێشەکی شەرەفنامەدا دەڵێت “کوردەکان ئەگەر ئاکارێکی ناپەسندیان هەبێ، هەر ئەوەندەیە، کەسیان سەر بۆ کەسیان ناچەمێنی و بۆ یەکتر نایەنە بەر کەمەند و هەر وەک تاکە –تاکە، هەر کەسە بیر لە سەربەرزی خۆی دەکاتەوە، بە تێکڕایی بیر لە سەربڵندی تێکڕایی ناکەن و پشتی یەکتری ناگرن و نابنە یەک”.
گه‌ڕیده‌ی فه‌ڕه‌نسی (به‌نده‌ر) له ساڵی ١٨٨٧دا سه‌ردانی كوردستانی كردووه و له باره‌ی سروشت و كه‌سایه‌تی كورده‌وه ده‌ڵێت، سه‌ره‌ڕای ژیانی كۆچه‌ری، كورده‌كان گه‌لێكی به‌خشنده و نانبده‌ن، پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانیانن، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان به‌ڵێنی پێدایت به سه‌لامه‌تی له شارێكه‌وه ده‌تگه‌یه‌نێته شارێكی تر، ئه‌وه دڵنیابه خیانه‌تت لێ ناكات و به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت به سه‌لامه‌تی ده‌تگه‌یه‌نێت، به‌ڵام هیچ دوور نییه بۆ به‌یانی بتبینێته‌وه مامه‌ڵه‌یه‌كی زۆر ڕه‌ق و توندوتیژت له‌گه‌ڵدا بكات، ئه‌گه‌ر بخوازێت.
لە ڕووی خەسڵەتە ئەنترۆپۆلۆژییەکانەوە، ڕۆژهه‌ڵاتناس و گه‌شتیاران و توێژه‌رانی مرۆڤناسی، ئه‌وانه‌ی به كوردستاندا تێپه‌ڕیون یان توێژینه‌وه‌ی قوڵیان له سه‌ر مرۆڤی كورد كردووه، كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جه‌سته‌یی و پێكهاته‌ی بایۆلۆژیان تۆمار كردووه، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌ی ئه‌م تێبینییانه زانستی نین و به وردی تۆمار نه‌كراون، بریتین له تێبینی و سه‌رنجی تایبه‌تی نووسه‌ره‌كانیان، به‌ڵام له ڕووی نه‌ته‌وه‌یی و ناو و ناوبانگ و خۆناسیشه‌وه ئه‌مانه گرنگی تایبه‌تیان هه‌بووه بۆ ناسینی كورد، وه‌كو ڕه‌گه‌زێكی جیاواز له‌م ناوچه‌یه‌دا، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌و ڕوانگه‌وه سه‌یر بكه‌ین كه تا ماوه‌یه‌كی زۆر گه‌لانی ناوچه‌كه وه‌كوو عه‌ره‌ب و فارس و تورك له هه‌وڵی شێواندنی مێژووی ئه‌م گه‌له‌دا بوون. بۆیه نووسینه‌كانی ئه‌م توێژه‌رانه له باره‌ی هه‌ر بوارێكی ژیانی كورده‌وه، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بۆ سه‌لماندنی جیاوازییه‌كان و پیشاندانی كورد وه‌كوو ڕه‌گه‌زێكی سه‌ربه‌خۆ و خاوه‌ن پێكهاته و مێژوویه‌كی جیاواز بۆ كورد گرنگ بوون، لێره‌دا ئاماژه به هه‌ندێك له‌و بیروبۆچوونانه ده‌كه‌ین:
خه‌سڵه‌ته ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌كانی كورد لای فرێزه‌ر:
زانای ئەنترۆپۆلۆژی سکۆتلاندی سێر جەیمس جۆرج فرێزەر (١٨٥٤-١٩٤١) لە توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆژییەکانیدا لەسەر گرووپە مرۆییەکان، زیاتر جەختی کردبووە سەر قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمەڵگا و تایبەتمەندی بیرکردنەوە و بیروباوەڕ لای مرۆڤ، بەتایبەت جادووی سەرەتایی و دواتر ئایین و قۆناغی زانستی، لە بارەی کوردەوە سەرنج و تێبینی وردی تۆمار کردووە و دەربارەی جەستە و تایبەتمەندییە جەستەییەکانی کوردەوە دەڵێت، پیاوی کورد جەستەیەکی پتەو و بەهێزی هەیە و تا ڕادەیەک جیاوازن لە دراوسێیە ئێرانییەکانیان، له ڕووی ڕووخساریشه‌وه كورده‌كان ڕه‌نگوڕوویه‌كی جیاواز و تایبه‌تیان هه‌یە، به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕووخسارێكی زەق (حاد)یان هه‌یه، ئێسقانی لووتیان بڵند و چەماوە و درێژە، ده‌م و چه‌نه‌گه‌یان چاڵه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ لووت و نێوچه‌وانیان كه‌مێك بۆ دواوه كشاونه‌ته‌وە، چاویان ڕه‌ش و به‌قوڵاچوون، تیژبین و خێرا ده‌جوڵێن، به‌ڵام سروشتی گشتی ڕووخساری كورده‌كان به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئێرانییەکان به گشتی زیاتر ناسك و نه‌رمونیانترن، به كورتی كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندی له پێكهاته‌ی جه‌سته‌یی كورددا هه‌یه، ده‌كرێ به جوان و قه‌شه‌نگ وه‌سف بكرێن”.
خه‌سڵه‌ته ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌كانی كورد لای میلینگن:
فریدریک میلینگن کە ئەفسەرێکی سوپای عوسمانی بووە لە ئەرمینیا، بەهۆی کارەکەیەوە هەلی تێکەڵاوبوونی بۆ هەڵکەوتووە لەگەڵ کوردەکاندا، دواتر وەکوو گەڕیدە سەردانی کوردستانی کردووە. بۆیە سەرنج و تێبینی وردی لەسەر کۆکردوونەتەوە. له وه‌سفی كورده‌كانی باكوری كوردستاندا ده‌ڵێت، ڕه‌گه‌زی كورد به ژن و پیاویانه‌وه به جوانیان له ڕه‌گه‌زه‌كانی تر جیا ده‌كرێنه‌وه، له ڕووی جوانیه‌وه له تورك جوانترن، جوانی كورد به نموونه دێننه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و كوردانه‌ی له بناری كه‌ژوكێوه‌كانی ئاراراتدا ده‌ژین نموونه‌ی جوانین، كورد به‌گشتی باڵایه‌كی به‌رز و له‌شولارێكی پته‌ویان هه‌یه، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگ و ڕووی هه‌موویان له‌سه‌ر یه‌ك ڕیتم نییه، به‌ڵام ڕه‌نگی زاڵ تیایاندا ئه‌سمه‌رن، واته بۆر و گه‌نمڕه‌نگ (نه سپین نه ڕه‌شن)، قژ و چاویان ڕه‌شه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چاوی شین و قژی زه‌رد یان قژكاڵیان تێدا باوه، جگه له‌مانه‌ش له ناو كورده‌كاندا خه‌سڵه‌تێكی تایبه‌ت هه‌یه، پێی جیا ده‌كرێنه‌وه، ئه‌ویش هێزی به‌ده‌نی یان جه‌سته‌ییه.
ڕه‌گه‌زی كورد به ژن و پیاویانه‌وه به جوانیان له ڕه‌گه‌زه‌كانی تر جیا ده‌كرێنه‌وه، له ڕووی جوانیه‌وه له تورك جوانترن، جوانی كورد به نموونه دێننه‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌و كوردانه‌ی له بناری كه‌ژوكێوه‌كانی ئاراراتدا ده‌ژین نموونه‌ی جوانین
فریدریک میللنگن نزیکەی سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر هاتووەتە کوردستان، بە ناوچەکاندا گەڕاوە، سەفەرنامەیەکی بە ناوی ژیانی سەرەتایی ناو کوردان نووسیوە، جگە لە تایبەتمەندییە جەستەییەکانی کورد، باسی هەندێک لایەنی دەروونی و سایکۆلۆژی تاکی کوردی کردووە، دەڵێت کوردەکان ڕەنگی سووریا‌ن زۆر خۆشدەوێت، هەر کاتێک کوردێک دەبینم باسەکەی ناو کتێبی گەزنەفۆنی سەرکردەی یۆنانیم بیردەخاتەوە، کە پەسنی جلکە سورەکانیان دەکات.
خه‌سڵه‌ته ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌كانی كورد لای هاریس:
هاریس وه‌سفی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی به‌م شێوه‌یه كردووه و ده‌ڵێت، ڕه‌نگی كورده‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی له ڕه‌نگی دانیشتوانی باشووری ئه‌وروپاوه نزیكه، وه‌كو گه‌لانی یۆنانی و ئیتاڵی، ئه‌گه‌رچی کوردەکان زیاتر بۆر و گه‌نمڕه‌نگن، ڕه‌نگی ڕه‌ش زاڵه له ڕه‌نگی چاو و برۆ و برژانگیاندا، لووتیان چه‌ماوه‌یه‌كی جوانه، ده‌میان ڕێكه، ڕوویان درێژ و هێلكه‌ییه، قه‌دوباڵاشیان نزیك به ناوه‌ندییه؛ نه زۆر درێژ و نه كورتەباڵان، ڕیشیان ده‌تاشن و سمێڵ ده‌هێڵنه‌وه، سه‌ریشیان هه‌موو ناتاشن، به‌ڵكو له پێشه‌وه كاكۆڵ به‌جێدێڵن”.
خه‌سڵه‌ته ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌كانی كورد لای مینۆڕسكی:
ڕۆژهەڵاتناسی ڕووسی فلادیمێر مینۆڕسكی (١٨٧٧-١٩٦٦) پسپۆڕ لە کوردناسی، له باره‌ی خه‌سڵه‌ته جه‌سته‌ییه‌كانی كورده‌وه ده‌ڵێت، له ناو كورده‌كاندا ده‌كرێ هه‌ڵگرانی هه‌مان خه‌سڵه‌ته جه‌سته‌ییه‌كانی وه‌كو سه‌رخڕ و ڕووبازنه‌یی ئه‌رمه‌نی و عه‌ره‌به سامییه‌كان و زیاتر وه‌كو نه‌ستورییه مه‌سیحییه‌كان بدۆزینه‌وه، به‌ڵام كورده‌كانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی له‌به‌رئه‌وه‌ی دوور له گه‌لانی تر ژیاون، زیاتر پارێزگاریان له تایبه‌تمه‌ندییه ئێرانییه‌كانیان كردووه، بۆ نموونه نووسه‌ری ئه‌رمه‌نی ئه‌بوڤیان به‌م جۆره وه‌سفی كه‌سایه‌تی كوردی كردووه و ده‌ڵێت، له‌یه‌ك نیگادا ده‌كرێت له كه‌سایه‌تی كوردیدا پیاوه‌تی و سه‌روسیمای جۆرێك له شكۆداری و هێز و توانا ببینین، كه له‌هه‌مان كاتیش‌دا گوزارشت له جۆرێك له دڵه‌ڕاوكێ و ترس ده‌كات، سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ش ڕووخساری كورد هه‌ڵگری دوو چاوی گه‌وره و تیشكده‌ره‌وه‌ی ئاگراوین، جووته برۆیه‌كی چڕ و ناوچه‌وانێكی به‌رزن، لووتێكی درێژ و چه‌ماوه‌یان هه‌یه، زۆر به ده‌سه‌ڵات و بڕوا به خۆبوونه‌وه هه‌نگاو ده‌نێن، به كورتی ده‌كرێ بڵێین كه‌سایه‌تی كوردی هه‌ڵگری هه‌مان ئه‌و خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ن له پاڵه‌وانانی دێریندا هه‌بووه”.
خه‌سڵه‌ته ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌كانی كورد لای هێنری فیڵد:
باشوری کوردستان یەکێکە لەو توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆژییانەی بەسەرپەرشتی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکی ئەنجامدراوە، ئەم توێژینەوەیە لە لایەن شاندێکی تویژەرانەوە بە سەرۆکایەتی هێنری فیڵد لە ساڵانی (١٩٣٤ و ١٩٣٥) دەستی پێکردووە، بۆ تویژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژیش مەرجە توێژەر ساڵێک یان چەند ساڵێک لە کۆمەڵگای تویژینەوەکەدا بمێنێتەوە، بەڵام بۆ ئەم توێژینەوەیە ئەو مانەوەیە مەیسەر نەبوو، چونکە بە هۆی ڕەوشی عێراق و جەنگی دووەمی جیهانی، دەستیان لێ هەڵگرت و دواتر، دوای پازدە ساڵ، لە ساڵی ١٩٥٠ گەڕانەوە ناوچەکە بۆ تەواوکردنی ئەو توێژینەوەیە و لە ساڵی ١٩٥١ توێژینەوەکە تەواو بوو، لە ساڵی ١٩٥٢ لە دوو بەرگدا بڵاو بووەوە. توێژینەوەی یەکەمی لەسەر کوردە ئێزیدییەکان و تورکمان و دوو هۆزی عەرەبی شەمەر و سلبە و توێژینەوەی دووەمی کورد و ئاشوورییەکان دەگرێتەوە. ئەم توێژینەوانە لەسەر ڕوونکردنەوەی خەسڵەت و تایبەتمەندییە جەستەییەکانی ئەم گرووپانەن.
شانده‌كه‌ی هێنری فیڵد بە هۆی ڕەوشی عێراق و جەنگی دووەمی جیهانی، دەستیان له توێژینه‌وه‌كه هەڵگرت و دواتر، دوای پازدە ساڵ، لە ساڵی ١٩٥٠ گەڕانەوە ناوچەکە بۆ تەواوکردنی ئەو توێژینەوەیە
لە بارەی خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی کوردەکانەوە دەڵێت، بە شێوەیەکی گشتی هەموو ئەو تاکانەی وەکو نموونە وەرگیران و پشکنین و پێوانەکردنیان بۆ ئەنجامدرا، کۆمەڵە گرووپێکی یەکانگیر و هەماهەنگ پێکدێنن، لە ڕووی بنەچە و ڕەچەڵەکی نەژادییەوە، تەنیا جیاوازییەک کە لە یەکیان جیا دەکاتەوە، بریتییە لە قەبارەی سەر، بەڵام کاتێک بە ئۆستیسییەکانی باکور لە قەفقاس و عەرەبەکانی هۆزی حەوێزە لە ڕۆژهەڵاتی عیمارە بەراوردیان دەکەین، جیاوازییەکانیان زۆر ڕوونە، واتە لە ناوخۆی گرووپەکە لێکچوونی بایۆلۆژی و پێکهاتەی جەستەیی بەرزە و بە بەراورد بە گرووپەکانی دیکە ئەمان لە یەک دەچن، لە کاتێکدا جیاوزییان لەگەڵ ئەوانیتر زۆرە.
خه‌سڵه‌ته ئه‌نترۆپۆلۆژییه‌كانی كورد لای هادون:
مرۆڤناسی ئینگلیزی ئەلفرێد کۆرت هادون (١٨٥٥-١٩٤٠) کە سەرەتا وەکو پسپۆڕێکی بایۆلۆژی دەستی بە توێژینەوەکانی کرد و دواتر بەراوردی تایبەتمەندییە بایۆلۆژییەکانی مرۆڤەکان و لێکچوون و جیاوازی نێوان گرووپەکان سەرنجی ڕاکیشا و لەم بابەتە قوڵبووەوە، لە چەندین ناوچەی جیاواز لە جیهاندا تویژینەوەی کرد، یەکێک لەو گرووپانەی توێژینەوەی لەسەر کرد، کورد بوو.
هادون لە بارەی کوردەکانەوە پێی وایه کوردەکانی ڕۆژئاوا سەردرێژن، زیاتر له ٥٠٪یان چاوشین و قژكاڵن، له كوردستاندا هه‌تا به‌ره‌و باکور و ڕۆژئاوا بڕۆین، زیاتر كاریگه‌ری تێكه‌ڵاوبوونی كورد ده‌بینین به ئه‌رمه‌ن و به توركه‌كان، كه‌چی كورده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات زیاتر سه‌ری خڕ و ڕه‌نگی بۆر و گه‌نمڕه‌نگ له ناویاندا زاڵه، ئه‌مان جوانییان كه‌متره له كورده‌كانی باكور و ڕۆژئاوا، به‌وپه‌ڕی باوه‌ڕه‌وه ده‌توانین بڕیار بده‌ین، كورده‌كان ده‌چنه‌وه سه‌ر نۆبه‌ره‌ی نۆردییه‌كان (Prto-Nordic) كه له بنچینه‌دا گه‌لێكی شوانكاره بوون، كورده‌كان توانیویانه بۆ زیاتر له سێ هه‌زار ساڵ پارێزگاری له زمانه‌كه‌یان بكه‌ن.
ستۆلز کە زانایەکی ئەنترۆپۆلۆژی بوو، توێژینەوەی لەسەر ڕەنگی ڕووخساری کورد کردووە و بەراوردی ڕەنگی کوردانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای کردووە، پێی وایە کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان کە زانای ئەنترۆپۆلۆژی نەمساوی (فۆن لوسشان ١٨٥٤-١٩٢٤) توێژینەوەی لەسەر کردبوون، مەبەستی باکوری کوردستانە، زیاتر سورە و قژ قاوەییترن لە کوردانی ڕۆژهەڵات، ئەوانەی لە ئیلام و کرماشان و هەمەدان دەژین، ئەمانەی ڕۆژهەڵات گەنمڕەنگ و زیاتر ئەسمەر و ڕەشترن لە کوردانی باکور، بۆیە گریمانەی ئەوە دەکات کە ئەگەری هەیە کوردانی ڕۆژئاوا لە ئەوروپاوە بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچیان کردبێت و لە کوردستان نیشتەجێ بووبن، سەرەتا ئەم زمانەیان نەزانیبێت، بەڵام بەهۆی تێکەڵبوونیان بە گەلانی ئێرانی زمانی کوردیان بەسەردا سەپێنرابێت.
كورده‌كانی باكوور زیاتر سورە و قژ قاوەییترن لە کوردانی ڕۆژهەڵات، ئەوانەی لە ئیلام و کرماشان و هەمەدان دەژین، ئەمانەی ڕۆژهەڵات گەنمڕەنگ و زیاتر ئەسمەر و ڕەشترن لە کوردانی باکور
مێجەر سۆن لە بارەی خەسڵەت و تایبەتمەندییە ئەنترۆپۆلۆژییەکانی کوردەوە دەڵێت، کورد فرەڕەنگ و جۆراوجۆرن، بەڵام یەکانگیر و لێکچوون و لە خەسڵەتە سروشتییە جەستەییەکانیاندا بە وردە جیاوازی دەناسرێنەوە، سەرەڕای ئەوەی کورد لە ناو خۆیاندا دەڵێن “ئێمە بەرەیەک یان بەرەبابێک بووین”.
ئەویش تا ڕادەیەک هەمان سەرنجەکانی فرێزەری هەیە و دەڵێن کوردانی باکور ڕووخساریان هێلکەیی و باریکە، لووتیان درێژ و چەماوەییە وەکو هەڵۆ، دەمیان بچووکە و پیاوەکانیان ڕیشیان دەتاشن و بە سمێڵی گەورە و درێژ دەناسرێنەوە، زۆرینەیان موو زەردن.
لە کۆی هەموو ئەم شیکردنەوە و وەسف و لێکدانەوانەی بۆ خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی کورد کراوە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە کورد وەکو گرووپێکی مرۆیی و ڕەگەزێکی جیاواز خاوەن تایبەتمەندی بایۆلۆژی و سایکۆلۆژی تایبەت بە خۆیەتی و لە گرووپەکانی دیکەی جیا دەکاتەوە، ئەم تایبەتمەندییانەش لە ئەنجامی ڕەوشی ژیانی کۆمەڵایەتی و ژینگەی جوگرافی و ڕووداوە مێژووییە جیاوازەکاندا دروستبوون، کە هەزاران ساڵە لە سنورێکی دیاریکراوی نێوان زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و کەنداوی فارسی و دەریای سپی ناوەڕاست و دەریای ڕەش و قەفقاسدا دەژین.