دلزار حەسەن
سروشتى ئایین وایه، وه‌ك له پێناسه‌كه‌یدا بۆى كراوه، ماهییه‌تى دین ( گرێدان و پێكه‌وه به‌ستن)ه.(١) ئه‌م فیگه‌رانه‌ى دین، كه خۆى ده‌نوێنێت له گرێدان و پێكه‌وه به‌ستنه‌وه بووەته به‌شێك له سەرچاوەی مرۆڤدۆستی. به‌شى زۆرى قوتابخانه ئایینیى و په‌رستگاكان ئایین به‌و جۆره پێناسه ده‌كه‌ن، كه فاكتێكه بۆ پارێزگاریكردن له مرۆڤ. ئیدى ئه‌م جیهانبینییهى ئایینزاكان بۆ دین فۆڕم و به‌هاى دیكه‌ى وه‌رگرتووه، له زۆر شوێندا ئایین ئه‌م پێناسه‌یه له‌ده‌ست ده‌دات، مرۆڤ ده‌كاته‌وه به قوربانی، له پێكه‌وه گرێدان و به‌ستنه‌وه‌ى دڵه‌كان، ده‌گوازرێته‌وه بۆ لێكترازان و كوشتنى ئایینداران.
ئه‌م فیگۆر و دالانه‌ش به‌دواى جۆرێك له مه‌دلوولى شاراوه‌دا ده‌گه‌ڕێن له مرۆڤدا، له دهربڕێنێكى مه‌جازییه‌وه ده‌چێته تهلبهندێكى دیكه‌وه، كه ئاماژه‌یه‌كه له باوه‌ڕ و به پیرۆز سه‌یركردنى ئه‌وه‌ى ڕۆحى پیرۆز گوتوویه‌تى، كه له ئیمانێكى ده‌روونییه‌وه خۆى ده‌رده‌خات. ناشتوانین بڵێین ئه‌م ئاكاره ئیمانییه ته‌نیا تایبه‌تە به ئایینى ئیسلام یان هه‌ر ئایینێكى دیكه‌وه، به‌ڵكوو ڕۆحیه‌تێكه هه‌میشه له ژینگه‌ى مرۆڤ و له هه‌ناوى سایكۆلۆژیاى مرۆڤه‌كاندا له دیزاینێكى ئاكارى خۆى مانیفێست ده‌كاته‌وه. به‌و تێگه‌یشتن و ده‌رهاویشتانه بێت، به واتا گشتییه‌كه‌ى دین لوغزێكى نادیاره و وه‌ك ڕووداوێكى ده‌روونی، كه له ئاره‌زووه‌كانى ناوشیاره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، خوێندنه‌وه‌ى بۆ كراوه. ئاره‌زوویه‌ك، كه ده‌یه‌وێت له ڕێگاى ئیمانه‌وه به نادیار یان هه‌ر سوژه‌یه‌كى دیكه‌وه بێت جه‌سته و گیانى ڕزگار بكات. وه‌ك ماكس ڤێبه‌ر ده‌ڵێت: (ته‌نیا شتێك تواناى ڕاگرتنى ئه‌م بهڵانسهى هه‌یه، ئاگایی و هۆشیاریی كه‌سه‌كانه).(٢)
به بۆچوونى من ئه‌مه‌ش ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت كه مرۆڤ ئیدى ده‌ربازى ده‌بێت له ئیمانهێنان به ئایینێك یان كاریگه‌ربوون به هێزێك، كه به ئه‌ودیوى سروشت (میتافیزیقا) ناوزه‌ندكراوه، پێم وایه مرۆڤ له ڕێگاى توانا ئه‌قڵی و ئاگاییه‌كانیه‌وه، ناتوانێت سنوور بۆ فشاره ده‌ره‌كییه‌كان دابنێت، بۆیه هه‌میشه ئایین كه به گریدان و به‌ستنه‌وه وێنای كراوه له زۆر حاڵه‌تدا شوناسه ڕاستهقینهكهى ده‌رده‌كه‌وێت و له كاتى شڵه‌ژانه ده‌روونی و بێهێزیدا له‌به‌رده‌م كاره‌ساته سروشتییه‌كاندا، جارێكى دیكه ده‌بێته‌وه به هاوڕێ بێده‌نگه‌كه‌ى مرۆڤ.
ده‌بێت خواستى قسه‌كردنمان له‌سه‌ر ئایین، سه‌یركردنى بێت وه‌ك خۆى یان بۆنه‌یه‌ك هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى بیدوێنین. پڕ ماناترین بۆنه‌ش، سه‌یركردنیه‌تى وه‌ك به‌ركه‌وتنێكی تیۆرى و زانستى. واچاكه باسه‌كه‌مان به‌و پرسیاره بكه‌ینه‌وه، ئایا ئایین بووەته كێشه بۆمان؟! به مانایه‌كى دیكه ئایا ئایین بووەته كه‌رسته‌یه‌ك له دنیاى مه‌عریفى ئێمه‌دا، وه‌ك ماتریالێك به‌ر مه‌عریفه‌مان كه‌وتووه؟! یان وه‌ك بوونێكى مه‌عریفى به‌ریى كه‌وتووین، بۆته هۆشیارى ئێمه، پرسیارى لا دروستكردووین؟! كاتێك ده‌ڵێین ئایا به‌ر ئایین كه‌وتووین، مه‌به‌ستمان ده باره‌كردنه‌وه‌ى ئه‌و وته بێئهرزشانه نییه كه ئایین به ئاسته‌نگ و ڕێگر له‌به‌رده‌م پێشكه‌وتنى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى ده‌بینن یان پێیان وایه ئایین، ئه‌فیونێكه و گه‌لان بێمه‌یل و خواست ده‌كات. پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه، كه ده‌ڵێین ئایین وه‌ك به‌ركه‌وتن، مه‌به‌ستمان به‌ركه‌وتنى مه‌عریفى كورده به ئایینه‌وه، نه‌ك بانگه‌شه‌كردنى بۆ بێئاینیی و دووركه‌وتنه‌وه له ئایین. ده‌بێت ئه‌و ڕاستییه له‌به‌رچاوبگرین، كه ئایین له دنیاى ئێمه‌دا ئاماده‌گییه‌كى مه‌عریفى و فه‌لسه‌فییانه‌ی نییه، ته‌نیا سرووتێكى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵك بووه. واته نه‌بووەته جێگه‌ى مشتومڕی نه‌ك مه‌عریفه‌دار و ئه‌قڵگه‌راكان، به‌ڵكوو له‌ناو خۆشیاندا په‌یڕه‌وكارانى ئایین نه‌یانتوانیوه وه‌ك پێویست ده‌روازه‌كانى گفتوگۆى ئایینى به‌سه‌ر خۆشیاندا بكه‌نه‌وه، (مه‌به‌ست له دیبهتیى زانستییانه و تیۆریانه‌یه بۆ ئایین). كاتێكیش خواستى قسه‌كردنمان له‌سه‌ر ئایین بۆ درووست ده‌بێت، بێشك خاڵى پێكه‌وه گرێدراوى ئایین و زانست له‌به‌ر چاودهگرین، كه جورئه‌تى توێژینه‌وه و پرسیاركردنمان لێیی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر به‌و ڕۆحیه‌ته‌وه مه‌له له ده‌ریاى قووڵى ئایین نه‌كه‌ین، ئه‌وه ناتوانین به‌و به‌ركه‌وتنه بڵێین به‌ركه‌وتنی مه‌عریفیانه. به دیوێكى دیكه‌وه توێژینه‌وه له دۆخى ئایینى و لێكۆڵینه‌وه له شوێنپێی ئایین له ئاوه‌ز و هۆش و بیرمان، خۆى له خۆیدا كارێكى ئه‌قڵانیی و گرینگییه‌كى ئه‌كادیمییه، چونكه هێنده‌ى ئایین بووەته كۆنه‌ستى تاكى كورد، هێنده ئایدیاكانى دیكه بابه‌تى جه‌وهه‌رى نه‌بووینه له دنیاى كوردیدا، هیچێك له‌مانه تاكو ئه‌مڕۆكه‌مان نه‌كراوه‌ته پرسێكى ئه‌كادیمییانه، كه وه‌ك ده‌ركه‌وته‌یه‌ك خۆیان له ژیانى ڕۆژانه‌ى خه‌ڵكدا مانیفێستكردووه، بەبێ ئه‌وه‌ى مه‌عریفه‌ى ئێمه لاى بۆ بكاته‌وه، كه ئه‌مه‌ش جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ركردنه.
هه‌ر بۆیه مشتوماڵكردنى تیۆرى بۆ ئایین له دنیابینى ئێمه‌دا دواجار ده‌بێته‌وه به جه‌ده‌لێكى جیاوازتر له جاران، به‌مه‌ش ده‌گوترێت ئایین وه‌ك به‌ركه‌وتنێكی مه‌عریفییانه. به‌مانایه‌كی دیكه ئایین یان دین کۆکراوەیەکی سیستەمی کەلتووری و سیستەمی بیر و باوەڕ و تێڕوانینی جیھانییە، کە پەیوەندییەک دادەمەزرێنێت لە نێوان مرۆڤ و ڕۆحانییەتدا، یاخود لەگەڵ چەند ڕێڕەوێکی ئەخلاقیدا. زۆر لە ئایینەکان چیرۆک و ھێماو و نەریت و مێژووی پیرۆزیان ھەیە، کە تیایدا دەیانەوێت مانا بۆ ژیان ببەخشن یان سەرچاوەی ژیان و گەردوون ڕوون بکەنەوە. لەمانەوە ئەخلاق و ئەدەب و یاسایی ئایینی دادەڕێژن یاخود شێوە ژیانێک بەپێی تێگەیشتنی سروشتی مرۆڤ. ئایین وەک پێویسیتییەک بۆ ڕێکخستنی کار و کردەوەکانی (مرۆڤ) بە درێژایی مێژوو و وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی یاسا دادەنرێت لە زۆربەی وڵاتانی دنیادا. ھەر لە ڕێگەی ئایینەوە باس لە ژیانێکی ئەبەدی کراوە و باسی دووبارە زیندووبوونەوە و بەھەشت و جەھەنەم کراوە. هه‌ندێ له توێژه‌ران له بواری ئایینناسی پێیان وایه باشترین پێناسه بۆ مرۆڤ ئه‌وه‌یه، كه (بوونه‌وه‌رێكی ئایینداره).
ئایین سێیەمیین ئامرازی گەورەی یەکخستنی مرۆڤایەتییە، لەبەرئەوەی هەموو هەڕەم و سیستەمە کۆمەڵایەتییەکان وێناکراون، هەموویان ناسکن و چەندەی کۆمەڵگەکە گەورەتر بێت، ئەوەندەش ناسکترە(٣).
سەرچاوە و پەراوێز:
- دراسات في الأديان اليهودية والنصرانية / لسعود بن عبد العزيز الخلف، ص١١.
- الاخلاق البروتستانتية وروح الرأسمالية/ ماكس / ڤیبر – ترجمة / محمد علي مقلد ص٣١.
- یوڤاڵ نوح هەراری. هۆشمەندەکان، پوختیەک لە مێژووی مرۆڤ. وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە، کارزان کاوسێن. چاپ و پەخشی ڕێنما. چاپی دووەم. ٢٠٢٠ ل٣١٦.