شرۆڤه‌كه‌لتوور

لەبارەی داتاوە؛ داتا و حکومڕانی باش

داتا زمانێکی جیهانییە، بەڵام لەم سەردەمی لێشاوی زانیارییەدا Information Flow داتاش لە سوبجکتێکی ئۆتۆنۆم و سەربەخۆوە بووە بە ئۆبجێکتێکی دەستبەسەرداگیراو/مۆنۆپۆلکراو یان داگیرکراو. ئەم تۆڕ و کۆمەڵگەی زانیارییەی ئێستا چەمکی توێژینەوە و توێژەریشی گۆڕیوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

چێتر توێژەر کەسێک نییە بەتەنها زانیاری و داتاکان نمایش بکات. توێژەر ئێستا دەبێت بکەرێک بێت پشت داتاکان Behind the scene بخوێنێتەوە و مانا و پەیوەندی لۆجیکیانەیان بۆ بنیاتبنێت. داتا لەهەناوی زانستێکدایە بەناوی ئامار Statistic بە عەرەبی <الاحصا‌ء> دوو زاڵترین ئیدیۆمی نێو ئەم زانستە ئەوەیە: یەکەم: ئامار زمانی زانستەکانە Statistic is the grammar of science. دووەم: زانست بەبێ ئامار هیچ نییە Science without statistic it means nothing و دواتریش تێگەیشتنێک زاڵ دەبێت بەوەی کە ئامار و داتا زمانی هەموو زانستەکانە بۆ قسەکردن و نمایش و گفتوگۆ.

 

با بگەڕێینەوە بۆ ئامار و داتا. وشەی ئامار لەبنەڕەتدا لە <State دەوڵەت>ەوە هاتووە کە لەیۆنانی کۆندا بەمانای زانیاری لەبارەی دەوڵەتەوە بەکارهێنراوە. واتە چۆن دەوڵەت زانیاری کۆبکاتەوە لەبارەی ئەوانی تر. ئەمڕۆ پەیوەندی نێوان دەوڵەت و داتا شتێکی ترە. داتا بەشێکی زۆری لای کۆمپانیا و دامەزراوەکانی دەرەوەی دەوڵەتە. کۆمپانیا وەک ئەکتەرێکی نا-دەوڵەتی. نموونەی جەنگی ئەمریکا و چین لەبارەی Chip کە بە قەبارە زۆر بچووکە، بەڵام هەڵگری داتایە. بەکورتی، پڕۆسەی بەرهەمهێنانی داتا بەهەردوو جۆری <چۆنێتی و چەندێتی> ئاڵۆز و پڕ کێشە بووە. لەڕوانگەی کارکردنم لەماوەی ڕابردوودا لە چەند توێژینەوە و پڕۆسەیەکی داتا کۆکردنەوەدا، دەکرێت چەند سەرنجێکی سادە لەبارەی داتا و بەرهەمهێنانی تۆمار بکەین:

 

یەکەم: کردەی لێکۆڵینەوە بەبێ داتا و فاکت تەنها کات بەفیڕۆدانە، بەڵام چۆن داتای پاک و ساغلەممان Pure Data لێرە دەستبکەوێت لە کێڵگەی کاركردنمان! دیارە تا ئێستا نە بانکی زانیاری و داتا، نە دامەزراوەیەکی تایبەت بە بەرهەمهێنانی داتا نییە! ئەمە وادەکات توێژەر خۆی بچێتە مەیدانەوە و دەست بە کۆکردنەوەی داتا بکات، بەڵام ئەو ڕێگەیەش پڕە لە هەوراز و نشێو و بەربەست.

 

دووەم: داتا بۆ کێشەیەک یان دیاردەیەکی نێو کۆمەڵگە کۆدەکرێتەوە. لەسەرەتادا دەبێت کێشە Problem هەبێت، دواتر سەرچاو و ئامرازی داتا Data Collection source and tools دیاریبکرێت. دوای کۆکردنەوە، شیکردنەوەی داتا Data Analysis و پاشانین ڕاڤەی داتا Data Interpretation دێتەپێشەوە، لێرەش بەهۆی کەمی پسپۆڕی بوارەکە و بێ ئاگایی توێژەر لە بەرهەمهێنانی داتا دووبارە داتای پاک دەستناکەوێت.

 

سێیەم: سەرچاوەکانی داتا سەرەکی و لاوەکین Primary and Secondary داتای لاوەکی یان دەستی دوو کێشەی خۆی هەیە. لەکاتێکدا گەیشتن بە داتای سەرەکیش تێچووی زۆرە، بەتایبەت بۆ توێژەرێک ناتوانێت کەرەستەکانی وەک <تێبینکردن، چاوپێکەوتنی قوڵ، گفتوگۆی چڕی بەکۆمەڵ و ڕاپرسی> لەماوەیەکی کەمدا بەتەنها ئەنجامبدات.

 

چوارەم: ئامرازەکانی کۆکردنەوەی داتا چەندێتی لەڕێگەی ڕاپرسی و چۆنێتی لەڕێگەی چاوپێکەوتن و FGD و Key Informant یان بەمۆدێڵی تێکەڵ Mixed Model هەریەکە ئاریشە و گرفتی خۆی هەیە بەهۆی نەبوونی کەلتوور و فەرهەنگی توێژینەوە لە هەرێمی کوردستاندا.

 

پێنجەم: هاووڵاتی یان <کۆمەڵگەی توێژینەوە و نموونەکەی Research Community and Sampling> گرفتێکی ترە بۆ توێژەر بەهۆی ئەوەی زۆرجار کۆمەڵگەی توێژینەوە فرەوانە و ناتوانێت نموونەیەک وەربگریت نوێنەرایەتی کۆمەڵگەکە بکات. دواتریش ڕادەی ڕەوایەتی و پشت پێبەستن Validity & Liability داتاکان دەکەوێتە ژێر پرسیاری گەورەوە. هەندێکجار نموونەی توێژینەوە زۆر بچووک و سنوردارە و ناتوانێت ببێت بە دەنگی ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی توێژینەوەکە.

 

شەشەم: لەپڕۆسەی ڕاپرسیدا، گەورەترین بەربەست ترسی خەڵک و کۆمەڵگەیە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکان. بەتایبەت ئەگەر پرسیارەکان ڕەهەندی سیاسییان هەبێت. جارێک چوومە شارەدێیەک بۆ ڕاپرسییەک بۆ ناوەندێکی توێژینەوە لەبارەی کۆچی گەنجان وەک گۆڕاوێکی ناسەربەخۆ و تۆپبارانی سنورەکانی هەرێمی کوردستان وەک گۆڕاوێکی سەربەخۆ کە چەند پرسیارێکی لەخۆدەگرت، بەڵام بەزەحمەت گەنجان وەڵامی پرسیارەکانیان دەدایەوە.

 

حەوتەم: ڕاپرسی چەندی پرسیاری سادە و یەک بیرۆکەیی و بژاردە Likert Choices واتە سێ بژاردەیی<بەڵێ و نەخێر و تاڕادەیەک> یان <ڕەزامەندم، نازانم و ڕەزامەندنیم> لەخۆبگرێت باشتر و خێراتر وەڵامەکان کۆدەکەیتەوە چونکە هاووڵاتی لێرە ماندووە و توانای وەڵامدانەوەی پرسیاری کراوە Open-Format ی نییە.

 

هەشتەم: گرفتێکی تری داتای ڕاپرسی، کێشەی تحکیم-Jury member و تاقیکردنەوەی پێشوەختەیە Pilot Testing لێرە کەم توێژەر دەچێتە نێو ئەم پڕۆسەیەوە، یان بڕوای بە متمانە و توانای دادوەرەکان نییە و دواتریش ڕەنگە لە پەراوێزی هەڵەی رێگەپێدراو Margins of errors کە بۆ زانستە مرۆییەکان ٥% ڕەنگە دووبارە کێشە بێتەپێشەوە.

 

نۆیەم: داتا لەدنیای ئەمڕۆدا لەزۆر گۆشەوە بنەمای حکومڕانی باش و بەڕێوەبردنە. لەئاستی دنیادا ئەمڕۆ زیاتر ئاماژەپێوەی ڕەزامەندی هاووڵاتییان Citizen Satisfaction Index بەکاردێت بۆ پێوانەکردنی ئاستی ڕەزامەندی هاووڵاتییان بۆ حکومڕانی و بەشداری سیاسی و خزمەتگوزاری و متمانە و پەیوەندی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات. دواتر داتاکان دەبنەوە بە بنەمای بڕیاردان و داڕشتنی سیاسەت Policy-Making وەک دەیڤد ئێستن گۆتەنی داتاکان لێرەوە دەبن بە پاڵپشتی Support بۆ تێکردە Input و دواتریش دەبن بە بڕیار و Output و داڕشتنی سیاسەتەکان.

 

دیارە داتا خۆی پڕۆسەیەکی بەکێشەکراوە، لێرە ئەم بەکێشەبوونە ئاستەکەی بەرزترە، ئاڵۆزترە! بەتایبەت ئێمە ناوەندی داتا و لێکدانەوەمان نییە. دوێنێ هاوڕێیەکی خۆشەویست پەیوەندی کرد، داوای کەسێکی ئەکادیمی دەکرد نامەی ماستەر یان دکتۆراکەی لەبارەی گوتاری ڕقەبەری Hate Speech بێت. کەسم لەخەیاڵ نەبوو! بەڵام ئەوە ئیشی خەیاڵ نییە. دەبوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی داتابەیسێکی هەبووایە ناوی مامۆستا، پسپۆڕی و تایبەتمەندی و ئەدرێسی لەسەربووایە، کراوەبووایە بۆ ئەوەی لەکاتی توێژینەوە، تۆڕبەندی، ڕاهێنان و زۆر بواری تر ئاسان بەیەکتربگەین. داتا چیڕۆکێکی درێژی نەبڕاوەیە، بەڵام جارێ لێرە دەوەستم.

پەیڕەو ئەنوەر

نووسه‌ر و توێژەر

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...