كه‌لتوور

شەوی چلە (جەژنەخۆر) و ڕەنگدانەوەی لە مێژوودا

شەریف فەلاح

 

شەوی چلە، چلە گەورە (یەڵدا) درێژترین شەوی ساڵە کە دەکەوێتە نێوان ٢١ و ٢٢ی کانوونی یەکەمی (دیسەمبەر)ی ساڵی زایینی، ئەم شەوە ھەر لە خۆرئاوابوونی ڕۆژی ٣٠ی سەرماوەز، واتە ٢١ی “کانوونی یەکەم”ەوە تا دەگاتە ھەڵاتنی خۆر لە بەیانیی ڕۆژی ١ی بەفرانبار (٢٢ی کانوونی یەکەم) درێژەی ھەیە. لەو کاتەدا ھەردوو بورجی کاژۆڵە و کەوان لە یەکتری تێدەپەڕن، لە نیوەی باکووری گۆی زەوی بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە بە ئاڕاستەی پێچەوانەی خۆر دەچەمێتەوە، بۆیە ماوەی بەریەککەوتنی تیشکی خۆر دەکەوێتە ئەوپەڕی کەمی، لە دوای ئەمەوە چیتر شەو درێژ نابێت، بەڵکوو دووبارە ڕۆژ بەرەبەرە درێژ دەبێتەوە و تیشکی زێڕینی بەسەر زەویدا پەخش دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

وشەی یەڵدا لە بنەڕەتدا لە زمانی سریانییەوە وەرگیراوە کە یەکێک لە زمانە کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە، و بۆ ماوەیەکی درێژ لای نەتەوەکانی ڕۆژھەڵات زمانی لێکتێگەیشتنی گشتی بووە، (یەڵدا) واتە لەدایکبوون، لە وشەی (ولد، یولد)ەوە ھاتووە، دیارە مەبەست لە ناوی (یەڵدا) لەدایکبوون و درێژبوونەوەی ڕۆژە. چونکە شەو چلە، یان جێژنەخۆرە یەکێک لەو جێژنانەیە لە ڕەچەڵەکی ئایینی مێهردا ھەیە و زۆر لە لێکۆڵەران و ڕۆژھەڵاتناسان بە شەوی لەدایکبوونی “میترا”ی ناو دەبەن و پەیڕەوانی میتراییزم ئەم شەوە بەشەوێکی پیرۆز دادەنێن، بۆیە لەو شەوەدا کۆ دەبنەوە و لە دەوری ئاگر کە سەرچاوەی ڕووناکی و وزەبەخشییە ئاھەنگیان گێڕاوە، میتراییەکان بە ڕێوڕەسمی تایبەت شەوی چلەیان بەڕێ دەکرد، تا ڕۆژی ٢١ی مانگی ١٢ جەژن بگرن، چونکە لایان وابوو ئەو ڕۆژە، ڕۆژی لەدایکبوونی خۆرە.

لە ڕۆژگاری ڕابردوودا دانیشتووانی کوردستان بە شێوەیەکی فرەوان ئەم یادەیان پیرۆز ڕاگرتووە و تا سەردەمانی دەسەڵاتی سیاسی و فەرھەنگی میرنشیینە کوردییەکان لە ھەموو کوردستاندا یادی شەوی چلە دەکرایەوە، تا ئێستاش لە ڕۆژھەڵاتی کوردستاندا یادی دەکرێتەوە و ھەندێک دابونەریتی تایبەت بەخۆی ھەیە، لەو شەوەدا شەوچەرە و چەرەزات و جۆرەھا میوە کە سەرتۆپی ھەموویان ھەنارە، بۆ خواردن دابەش دەکرێت. لەگەڵ بەھێزبوونی دەسەڵاتی عوسمانییەکان ئەم یادکردنەوەیە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا شکستی ھێنا و یادی بۆنە و نەریتە کۆنەکان بەناوی نەگونجان لەگەڵ ئایین قەدەغە کران و لەبیر خەڵک چوونەوە.

شەوی چلە یەکێکە لە جەژن و بۆنە مێژوویی و کۆنەکانی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھاوبەشە لە نێوان نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری میزۆپۆتامیادا، بەڵام سەرچاوە و ھەوێنی ئەم جێژنە کەلتوور کەونارای کوردە و پاشان لەڕێگەی ھزری ئایینییەوە، پێڕەوانی ئیسلام و مەسیحیەت لاساییان کردووەتەوە و بەناوی خۆیانەوە پێناسەیان کردووە. دوایین شەوی پاییز، یان مانگی سەرماوەز، لە نیوەی باکووری گۆی زەوی بە درێژترین شەوی ساڵ دادەنرێت. لە شەوی چلە گەورە بەدواوە درێژیی شەو کەم دەبێت و ڕۆژەکان درێژتر دەبنەوە. فارس و ئێرانییەکان وەک نەریتی ھەمیشەییان کە خەسڵەتی شێواندن، داگیرکردنی مێژوو و کەلتووری گەلانی دیکەیان ھەیە، ویستوویانە شەوی چلەش داگیر بکەن، بۆیە گەرەکیانە وشەی یەڵداش بقاپێنن.

وشەی یەڵدا ڕیشەیەکی سریانیی ھەیە بە واتای “لەدایکبوون” و “ھاتنە دنیا”یە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی، یان میترا. ڕۆمییەکان ئەو ڕۆژە بە “ناتالیس ئانایکتوس” یان “ڕۆژی لەدایکبوونی ڕووناکی” ناو دەبەن. ئەبووڕەیحان بیروونی زانای بەناوبانگ وەک جەژنی “لەدایکبوونی مەزن” یان “میلاد اکبر” باسی لەو جەژنە کردووە، ئەوەش ھێمایەکە بۆ لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی.

لە کۆندا چلە دوو ڕێککەوت بوو لەناو ڕۆژژمێردا، چلەی ھاوین و چلەی زستان، چلەی ھاوین کە دوایین ڕۆژی جۆزەردان و یەکەم ڕۆژی پووشپەڕە و بە درێژترین ڕۆژی ساڵ دادەنرێت و چلەی زستان کە دوایین شەوی سەرماوەزە و درێژترین شەوی ساڵە.

لە ڕابردوودا کشتوکاڵ بناغەی سەرەکیی ژیانی خەڵکی پێک دەھێنا و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا و وەرزەکان، کاریگەری لەسەر کشتوکاڵ و شێوەی ژیانی ئەوان دادەنا. ھەر بۆیە تەنانەت ڕۆژژمێرەکانیش بەپێی ئەو گۆڕانکارییانە داڕێژراون، ئەگەر سەرنج بدەین، ناوی مانگەکانی ساڵنامەی کوردی و زۆربەی نەتەوەکانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کشتوکاڵ و گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوادا ھەیە، بەو پێیەی درێژی و کورتیی شەو و ڕۆژەکان کاری دەکردە سەر چالاکیی کشتوکاڵ و جووتیاری، ئەوانیش ناچار بوون چالاکی و وەرزی داچاندن، دروێنە و ھەڵگرتنەوە و ئاودێری لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییانەدا ڕێک بخەن.

پێشتر و پێش ئەوەی کە زانستی کرۆنۆلۆژیا (کات و ڕۆژژمێری) پەرە بستێنێت، مرۆڤ لەسەر بنەمای گۆڕانی وەرزەکان و بەپێی ئەزموون، ناویان بۆ وەرزەکان دادەنا و ھەندێ کات بۆ تێگەیاندنی زیاتری خەڵک چیرۆک و ئەفسانەیان بۆ ساز دەکرد، بۆ وێنە وەرزی زستان بە سێ ناو دابەش دەکرا.

٤٠ ڕۆژی یەکەم بە “چلە گەورە” ناودێر کراوە کە جەژنی شەوی چلە دەسپێکی بوو و لە سەرەتای بەفرانبارەوە کە بە شەوی “چلە” ناسراوە دەستی پێ دەکرد و ھەتا ١٠ی ڕێبەندان درێژەی دەکێشا. پاشان بەشی دووەم کە بە “چلە بچکۆڵە” ناسراوە، لە ١٠ی ڕێبەندانەوە دەستی پێدەکرد ھەتا کۆتایی ڕێبەندانی دەخایاند، کە لەڕووی سەرما و سۆڵەوە بە سەختترین کاتی ساڵ دەناسرا.

بەشی سێیەمی زستان بە “خاتوو زمهەریر” ناسراوە، مانگی ڕەشەممەیە و ھەتا کۆتایی زستان و سەرەتای بەھار و نەورۆزی دەخایاند. لە ئەدەبی زارەکی و ئەفسانە و چیرۆکی کوردیدا جێگەی تایبەتی ھەیە. لە چیرۆکی زستاندا وا ھاتووە چلە بچکۆلە و چلە گەورە و خاتوو زمهەریر برا و خوشکن و پاشان ھەردوو برا بەدوای یەکدا کۆچ دەکەن و دوایی زمهەریر خوشکی بچووکیان لە کۆتایی ساڵدا بە کڕێوە و بەفر و بەستەڵەکی سارد و ھاتنی زوقم، شین و شەپۆڕ دەگێڕێت و تۆڵەی دوو براکەی دەکاتەوە و دوایی بە “بەفرە پرووشە” ملوانکەکەی دەڕنێت و شیوەنیان بۆ دەکات و ھاوکات لە ھەندێک ناوچەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بە ١٥ ڕۆژی “خاتوو زمهەریر” (چلەی حاجی لەکلەک)یش دەڵێن، چونکە ھێندە سارد دەبێت ھێلکەی حاجی لەکلەک دەیبەستێت.

دوایی وردە وردە و بە ئەزموون مرۆڤەکان بۆیان دەرکەوت لە ھەندێک وەرزدا ڕۆژەکان درێژترن و ئەوان دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر کەڵک لە ڕووناکیی خۆر وەربگرن بۆ کشتوکاڵ کە بناغەی سەرەکیی بژێوییان بوو. ھەر بۆیە ھێدی ھێدی ڕووناکی و خۆر بووون بە ھێمای ژیان و چاکە، تاریکیش بوو بە ھێمای خراپەکاری و ستەم. گەلانی “ھیند و ئەورووپی” دوای ئەوەی ھزری ئایینی بەسەریاندا زاڵ دەبێت، دوایین شەوی پاییزیان وەک شەوی لەدایکبوونی خۆر و ڕووناکی دادەنێن و تەنانەت ڕۆژی یەکەمی زستانیان بە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێ دادەنا، چونکە لەو بڕوایەدا بوون کە ئەھوورامەزدا بە سەر ئەھریمەندا سەرکەوتووە و بە درێژیی ڕۆژ و ڕوناکی زیاد بووە.

لە “ئاسارولباقیە”ی ئەبوڕەیحانی بیرونی و لە قانوونی مەسعوودی ئەو ڕۆژە وەک (خۆرە ڕۆژ)، یان (خوڕەم ڕۆژ) واتە “ڕۆژی پیرۆز” ناوی بردراوە. ھەروەک ئاماژەی پێکرا، تاریکی ھێمای شەیتان و ئەھریمەن بووە، دوایین شەوی پاییزیش کە درێژترین شەو و تاریکترین شەو بووە، بە شەوێکی شووم و پڕ نەھامەتی دانراوە، ھەر بۆیە لە کۆنەوە لەگەڵ خۆرئاوابوونی دوایین ڕۆژی پاییز، خەڵک بە داگیرساندنی ئاگر ھەوڵیان دەدا تاریکی و ھێزە ئەھریمەنییەکان بڕەوێننەوە و لە خۆیانی دوور بخەنەوە.

خەڵک لەو شەوەدا لەلای یەک کۆ دەبوونەوە و بە خواردن و خواردنەوە و گۆرانیگوتن و ھەڵپەڕکێ، شەونخوونیان دەکێشا و چاوەڕوانی ھەڵهاتنی خۆر دەبوون. ئەو سفرەیەی لە شەوی چلە بچکۆلەدا دەڕازێنرایەوە لە لای زەردەشتییەکان بە “مەیزەد” ناسرابوو، چەرەزاتەکەش پێی دەگوترا “لۆرک”. لە نەزرگە و پەرستگەکانی میتراییدا نزا دەکرا بۆ سەرکەوتنی ڕووناکی بە سەر تاریکی و ئەھریمەندا، ئەو نزایەش پێ دەگوترا “نی یەد”. خەڵک کە بە ئاھەنگگێڕان و شەونخوونی، شەوی چلەیان شەق دەکرد، یەکەم ڕۆژی زستان، خۆرە ڕۆژ، یان جەژنەخۆر، کە لایان پیرۆز بووە، دەیانکردە پشوو.

ئەمە ھاوکاتە لەگەڵ کوودەتای زستان بەسەر پاییزدا، یان گۆڕانی کەشوھەوا، بەم ھۆیەوە ڕۆژ درێژتر دەبێت و شەو کورتتر دەبێتەوە، لەلایەکەوە وەرزی خەزان و ماتەمینی سروشت بەسەر دەچێت، لەلایەکی تریش سەرەتا و دەرکەوتنی وەرزی سەرما و سۆڵە، بەفر و کڕێوە، بەستەڵەک و سەھۆڵبەندانە. لە کاتێکدا مرۆڤ گیرۆدەی تووڕەیی سروشتە، چاوەڕێی وەرزی بەھار و گوڵ و گوڵزار و سەرلەنوێ ژیانەوەی سروشت و نوێبوونەوەی ژینگە و گیانەوەرە، ھەر لە کۆنەوە ئەم دیاردە سروشتییە لەسەر خەڵکانی کەونارا و پێشینان کاریگەرییەکی قووڵی داناوە و ئەو شەوەیان بەواتای زاڵبوونی ڕووناکی بەسەر تاریکیدا لەقەڵەم داوە. پیرۆزی و سەرکەوتنی ڕووناکییان بەسەر تاریکیدا جێژن گرتووە، ھەتا سەرکەوتنی مێهر و تێکشکاندنی ئەھریمەن بەچاوی خۆیان ببینن. لەناو زۆرێک لە نەتەوەکانی ڕۆژھەڵات، ئەم جەژنە بەڕێوە دەچێت، بەڵام ھەرکام لەو نەتەوانە لەژێر ناوی جیا و بەشێوەی جیاواز یادی دەکەنەوە و بەھۆی ھزری مەزھەبی و ئایدۆلۆژییەوە گۆڕانکارییان بەسەر نەریت و ناوی بۆنەکاندا ھێناوە. نەتەوەی کوردی خاوەن مێژووی کەوناری دێرینیش لەبەر نەبوونی کیان و دەسەڵاتی سیاسی، ھێما نەتەوەییەکانی لێ زەوت کراوە و شێوێندراوە.

جاران لە ھەموو کوردستاندا بە فرەوانی یادی شەوی چلە دەکرایەوە و لە ھونەر و ئەدەبی کوردیدا  ڕەنگدانەوەی خۆی هەبوو، شاعیرانی کلاسیکی کورد لە سەردەمی یادکردنەوەی شەوی چلە (یەڵدا)  بە شیعرەکانیان بەشداریی ئەو شەوەیان کردووە، نالی دەڵێ:

شەوی یەڵدایە، یا دەیجوورە ئەمشەو

کە دیدەم، دوور لە تۆ بێ نوورە ئەمشەو

لەگەڵ سەرھەڵدانی ئایینی مەسیحی، ناکۆکی و ململانێ لە نێوان میتراییزم و مەسیحی سەری ھەڵدا، بەتایبەت لە سەدەی سێیەمی زاییندا، مەسیحییەکان لە کوردستان تووشی ململانێیەکی ئایدۆلۆژیی توند بوون لەگەڵ پێڕەوانی میتراییزمدا، سەرەنجام بەھۆی بوونی ھێز و دەسەڵاتی سیاسییەوە، بارودۆخەکە بە قازانجی ئایینی مەسیحی کۆتایی ھات، بەڵام مەسیحییەکان بۆ ڕاکێشانی بیری پێڕەوانی میترائیزم بەلای خۆیاندا، ئەو ڕۆژیان کردە یادی لەدایکبوونی عیسای مەسیح، دیارە بەتێپەڕبوونی کات و دوای چەندین جار دەستکاریکردن و ڕێکخستنی ڕۆژژمێر یادی لەدایکبوونی عیسایان لە نێوان ٢١ی مانگی ١٢ەوە گۆڕی بۆ بۆ ٢٥ی مانگی ١٢ و خۆیان لەگەڵ ئایینی میتراییدا گونجاند، زۆر لە مێژوونووسان لەو باوەڕەدان بەھۆی نزیکایەتیی ئایینی میترایی لە ئایینی مەسیحی، شەوی چلە (یەڵدا) بە شەوی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح دەزانن.

ئەگەر لە کوردستان ئاوڕێکی کورت لە مێژووی شەوی چلە بدەینەوە و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی ئەم جەژنە لەبەرچاو بگرین، دەبێت بیگەڕینەوە بۆ سەر ڕەچەڵکی ئایین لە کوردستان و دابونەریتی کوردەواری لەسەردەمی کۆندا. وەک دەزانین بنەماکانی ئایین لە مێژووی کورددا دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، ھەر لە سەرەتای پەیدابوونی مرۆڤی کورد و تێکەڵاوبوونی بە دیاردەکانی سروشت و ڕەنگدانەوەی لەسەر ژیانی مرۆڤی کورد، ئایینیش وەک سیستەمێکی کۆمەڵایەتیی ژیانی خەڵکی ئەم ناوچەیە، دانیشتووانی کوردستان لە سەرەتاوە ھەوڵ و تەقەڵای خۆیان داوە بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ژیان.

لە کوردەواریدا شەوی چلە وەکوو جەژنەکانی دیکەی کوردەواری وەک نەورۆز و چوارشەمەسووری و…. نەریتێکی کۆنە، لەم شەوەدا لە کوردەواری خێزان، خزم و کەسوکار لە دەوری یەکتر کۆ بوونەتەوە و بە دابەشکردنی شەوچەرەی نێو دیوەخان و بەسەربردنی چلەی زستان، شەویان گوزەراندووە. بە گێڕانەوەی حیکایەت و چیرۆکە کۆنەکان کە ئازایی و قارەمانی و لەخۆبووردوویی تێدا ڕەنگی داوەتەوە، یان شکست و تێکشکان و نائومێد و تێهەڵچوونەوە و بەرگریکردن شەرمەشقی کارەکان بووە. زۆربەی جار قارەمانانی ئەو چیرۆکانە کچانی شۆخ و شەنگ و لاوانی قارەمانی نەتەوەکەمان بوون کە لە شۆخ و شەنگی و ئازایی و جوامێرییدا نموونەیان دەگمەنە، بەرھەمی ئەو جوانی و چەلەنگی و لە خۆبوردووییانە چەندان چیرۆکی وەک: خاتوون زین و کاکەمەم، شیرن و فەرھاد، قەڵای دمدم و دوانزە سوارەی مەریوان و چەندانی ترن.

شەوی چلە ھاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی گەڵاڕێزان و ماڵئاوایی دوایین ھەڵوەدابوونی سروشت، بەرەو بەفرانبار و باو بۆران و کڕێوە و باکوت و سەھۆڵبەندان، وەک سروشت لەناو مێژووی ئێمەدا لە خۆگرتن و دان بەخۆداگرتن بەئومێد و بڕوایەکی پتەوەوە چاوبڕینە لە داھاتوو. ئەمەش خەسڵەتێکە ھەمیشە مرۆڤی کوردی لە ھەڵخلیسکان و تەسلیمبوون و وابەستەیی بە شتێکەوە، بە گەورە پیشان داوە، ئیتر بەپشوودرێژییەوە لە داھاتوو ڕاماوە و بەو ھیوایەی بەھار ھەر دێ بە بڕوایەکی بەھێزەوە ھەنگاوی بەرەو گەلویستی و ژیاندۆستی ھەڵێناوە و بە چاوکراوەییەوە لە ئاسۆی ڕوانیوە و ھەوڵی داوە بە ھونەر و زانست و مرۆڤدۆستی، کوانوو و ئاگردانی زستانی نەتەوەکەمان بگەشێتەوە. نەتەوەی ئێمە کاروانێکی دوور و درێژی ناھەمواری تێپەڕاندووە و چەندان ھەزار شەوی چلەی درێژی بە ھیوای خەونە خۆشەکانی، ڕۆژی کردووەتەوە، ئیتر بەئومێدی ئەوەی وزە و گەرمای بەھاری، بە ژیانی داھاتوومان شادی و خۆشەویستی ببەخشێت.

 

سەرچاوە:

کتێبی میترا و بۆنە کۆنەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نووسینی: ئەحمەد یاحەقی.

– مێژووی ئۆڵی و فەلسەفەی نەتەوەیی کورد، لە نووسینی: محەمەد حیجازی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...