بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئاسایشی ناڵپارێز هاووڵاتییەکیان دەستگیر کرد کە خەریکی ڕاوکردنی باڵندەی کێوی بووە و هاوکات دەستیشیان بەسەر پێنج باڵندەی کێوی لە جۆری (بووکە سوورە) و داوێکی ڕاوکردن و ئۆتۆمبێلی ڕاوچییەکەدا گرتووە.
دەستگیرکراوەکە، لەلایەن ئاسایشەوە ڕادەستی بنکەی پۆلیسی دارستانی ناڵپارێز کراوە، بەمەبەستی کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی .
هەر ئەمڕۆ دووشەم، ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، دەستگیرکردنی هاووڵاتییەکی دیکەی لە سنوری بنکەی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ کەسێکیان بەتۆمەتی بڕینەوەی دارێکی بەتەمەن لە سنوری زەلان (گوندی سەرخوان) دەستگیر کردووە، پاش ئەوەی بەتۆمەتی داربڕینەوە سکاڵا لە دژی ئەو هاووڵاتییە تۆمارکراوە.