ژینگه‌
ئاراستەکان

دیارترین بەڵێنەکانی کەشوهەوا کە لە کۆنفرانسی COP28 ڕاگەیەندراون

زێدپرێس

 

کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان (COP28) لە ٣٠ی مانگی پێشوو، لە دوبەی دەستیپێکرد، بە بڕیارنامەیەکی مێژوویی سەبارەت بە زیانەکانی کەشوهەوا، دواتر زنجیرەیەک ڕاگەیاندنی پەیوەست بە دارایی و وزە ئەنجامدرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسەکە شایەتحاڵی ڕاگەیاندنی بڕیاری بەڕێوەبردنی سندوقی “زەرەر و زیان” بوو، کە تایبەتە بە یارمەتیدانی وڵاتانی لاواز بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەی تێچووناوی و وێرانکەری کارەساتەکانی کەشوهەوا.

 

لە ڕۆژی پێنجشەمەوە وڵاتان یەکەم بەشداری دارایی خۆیان بۆ سندووقەکە ڕاگەیاند و تا ڕۆژی شەممەش ئاستی ٦٥٠ ملیۆن دۆلاریان تێپەڕاندبوو، بەپێی سەرژمێرییەکی ئەنجوومەنی بەرگری لە سامانە سروشتییەکان، هەریەکە لە ئیمارات، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و فەڕەنسا بەڵێنیان دا تا سەد ملیۆن دۆلار یان یۆرۆ دابین بکەن.

 

ڕۆژی شەممە زیاتر لە بیست وڵات لەوان، ئیمارات و ئەمریکا و فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوایان کرد تا ساڵی ٢٠٥٠ سەرچاوەی وزەی ئەتۆمی جیهان بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ سێ هێندە بکەن.

 

ڕۆژی شەممە ١١٨ وڵات بەڵێننامەیەکیان واژۆ کرد کە ئامانج لێی سێ هێندەکردنی تواناکانی وزەی نوێبووەوەی جیهانە تا ساڵی ٢٠٣٠، بەپێی ئەوەی سەرۆکایەتی COP28 ڕایگەیاندووە.

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، ئەم ڕاگەیاندنە “پەیامێکی زۆر بەهێزە” بۆ بازاڕەکان و وەبەرهێنەران.

 

فەڕەنسا و ئەمریکا جگە لە وڵاتانی دیکە لەوانە ئەندەنوسیا و ڤێتنام، ڕۆژی شەممە دەستپێشخەرییەکیان دەستپێکرد بۆ پشتگیریکردن لە خێراکردنی وازهێنان لە خەڵوز، کە ئێستا بۆ بەرهەمهێنانی یەک لەسەر سێی کارەبای جیهان بەکاردەهێنرێت.

 

بە سەرنجدان بەوەی کە گواستنەوەی وزە ڕەنگە بخاتە مەترسی لەسەر هەلی کار و سەقامگیری ئابووری لە زۆرێک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا کە هێشتا پشت بە خەڵوز دەبەستن، بەتایبەتی لە ئاسیا، ئەو وڵاتانەی بەشدارن لەو دەستپێشخەرییە، لەوانە کەنەدا، بەریتانیا، مالیزیا و سەنیگال، داوای “دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی گشتی و پارەدارکردنی تایبەت.” دەکەن.

ئەوان داوایان لە بانکی نێودەوڵەتی کرد کە تێچووی وەبەرهێنان لە وزەی پاک لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا کەم بکاتەوە.

 

لای خۆیەوە ژاپۆن ڕۆژی هەینی بەڵێنیدا وێستگەی نوێی کارەبای خەڵوز درووست نەکات بەبێ ئەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بگرێت یان هەڵیبگرێت کە لە ئەنجامی سووتاندنی ئۆپەراسیۆنەکانەوە دێتە ئاراوە.

 

بەشدارییەکی ئەمریکی لە گەورەترین سندووقی کەشوهەوا

ئەمریکا ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە ٣ ملیار دۆلار بۆ سندووقی سەوزی کەشوهەوا دەبەخشێت.

دوای ئەو هەوڵانەی کە زیاتر لە دوو ساڵی خایاند، ئەمریکا ڕۆژی شەممە ستانداردە کۆتاییەکانی خۆی ڕاگەیاند، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی دەردانی میتانییە لە کەرتی نەوت و گازدا.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای پاراستنی ژینگەی ئەمریکا، ئەم ستانداردانە ڕێگە دەدەن لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٣٨ ڕێژەی دەردانی میتانی بە بڕی ٥٨ ملیۆن تۆن کەم بکرێتەوە.

ئەم بڕە یەکسانە بە یەک ملیار و نیو تۆن دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، کە “بە نزیکەیی هاوتایە” لەگەڵ دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە کەرتی وزەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢١.

 

بەپێی خەمڵاندنەکان، خۆراک و کشتوکاڵ بەرپرسیارن لە نزیکەی یەک لەسەر سێی گازە گەرمخانەییەکانی مرۆڤ، بەڵام بەهۆی گەرمبوونی کەشوهەوا و لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندووەوە تا دێت مەترسییان لەسەرە.

 

بۆ یەکەمجار لە میانی کۆنفرانسی کەشوهەوادا، زیاتر لە ١٣٠ وڵات ڕۆژی هەینی ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لە پلانە نیشتمانییەکانی کەشوهەوادا پێشخەری بەو دوو کەرتە بدەن.

 

ڕۆژی هەینی ئیمارات دامەزراندنی سندووقێکی تایبەتی “چارەسەری کەشوهەوا”ی بە بەهای ٣٠ ملیار دۆلار لە ئاستی جیهانیدا ڕاگەیاند، کە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی دارایی کەشوهەوا و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بەو سندووقە بە تێچووی گونجاو داڕێژراوە.

 

هەروەها ئامانجی سندووقەکە هاندانی کۆکردنەوە و وەبەرهێنانە بە بڕی ٢٥٠ ملیار دۆلار تا ساڵی ٢٠٣٠.

 

ڕێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگه

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...