
بەگوێرەی دەرخستەکەی، پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر توانای هەیە لە یەک کاتژێردا ٢٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەولێر دابین بکات کە دەکاتە ٦٠٪ـی پێویستیی هەولێر بە ئاو و ٤٠٪ەکەی دیکەش لە ڕێگەی هەرسێ پڕۆژەی ئیفراز (یەک، دوو، سێ) دابین دەکرێت.
پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی دا، تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ هەموو پڕۆژەکە تەواو دەبێت. تاوەکوو سەرەتای مانگی حەوتیش یەک هێڵی پڕۆژەکە تەواو دەبێت و دەتوانێت ئاو بنێرێت بۆ ژمارەیەک گەڕەکی نێو هەولێر.
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر بە گوژمەی نزیكەی ٤٨٠ ملیۆن دۆلار جێبەجێ دەکرێت و بەپێی پارێزگای هەولێر، کۆتایی مانگی شەش یان سەرەتای مانگی حەوت، ئاوی هێڵی یەکەمی پڕۆژەکە دەگاتە گەڕەکانی هەشتی حەسارۆک، دارەتوو، قەتەوی، بنەسڵاوە، باغولمنارە و ژیان. بەگشتی گەڕەکەکانی سنووری شارەوانی چوار، پێنج و شەش ئاویان پێدەگات.
بڕیارە بە تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، کێشەی چەند ساڵەی کەمیی ئاو لە هەولێر کۆتایی بێت.
پارێزگای هەولێر زیاتر دەڵێ: “کارەکان زۆرباش بەڕێوەدەچن، کاری شارستانیی ٩٠٪ـی تەواو بووە، کاری میکانیکی و کارەباییش زۆر بەخێرایی بەڕێوەدەچن و زۆرینەی ئامێرە پێویستییەکان کڕدراون”.
پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر لە هێڵە جیاوازەکانییەوە ئاو دەگەیێنێتە چوار حەوزی گەورە و لەوێوە ڕەوانەی هەولێر دەکرێت. هێڵی یەکەم لە شەقامی ١٥٠ مەتری لە نزیک گەزنەوە دەستپێدەکات تاوەکوو ڕێگەی کەسنەزان. هێڵەکانی دوو، سێ و چوار بۆ نێو شارە، نێو شەقامی ١٢٠ مەتری و دەرەوەی شەقامەکەش.
بەشێکی هەولێر ساڵانە لە وەرزی هاویندا کێشەی کەمئاوی بۆ دروست دەبێت. بۆ بنبڕکردنی کێشەکە، لە ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٤ مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان بهردی بناخهی پڕۆژهی فریاگوزاریی خێرای ئاوی ههولێری دانا.
ئێستا جگە لە پڕۆژەکانی ئیفراز، هەولێر پشت بە ئاوی بیرەکان دەبەستێت و بڕیارە دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فریاگوزاریی ئاوی هەولێر، زۆرینەی بیرەکان دابخرێن.