ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

“گەنمی جووتیارانی کوردستان هاوشێوەی جووتیارانی عێراق بە یەکسانی وەربگیرێت”

حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە عێراق دەکات، گەنمی جووتیارانی کوردستان هاوشێوەی گەنمی جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بە یەکسانی وەربگرێت و پارەی پێویستیش بۆ تەواوکردنی چەند بەنداوێک و نۆژەنکردنەوەی بەنداوە گەورەکانی کوردستان دابین بکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ڕۆژی یەکشەم، ٥ی ئایاری ٢٠٢٤، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوونەوە.

کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی عەباس جەبر مالیکی وەزیری کشتوکاڵی عێراق و بەڕێوەبەری گشتی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێڕاق، هەروەها سەرۆکی بەشێک لە فراسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو.

بەگوێرەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە کۆبوونەوەکەدا، دۆخی کشتوکاڵ و ئاو لە هەرێمی کوردستان خراوەتەڕوو و لەلایەن شاندەکەی حکوومەتی هەرێمەوە، چەند داواکارییەک پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە. لەناویاندا، “وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بەشێوەیەکی یەکسان”.

ئەمساڵ دوو ملیۆن و ١٥٥ دۆنم زەوی لە هەرێمی كوردستاندا بە دەغڵودان تۆو كراون، بەڵام وەک مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ: “ئەو ڕێژەیەی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵییەوە دیاری كراوە، زۆر كەمترە بە بەراورد بەو زەوییەی كە چێندراوە”.

هاوکات شاندەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای هاوکاری و کارئاسانییان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان لە پێدانی قەرزی کشتوکاڵی، ئامێر، دەرمان و پەینی کیمیایی هاوشێوەی جووتیارانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کردووە.

وەزارەتی کشتوکاڵ، هەروەها داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ڕەزامەندی بدات لەسەر دابینکردنی بودجەی پێویست بۆ دەستپێکردنی ڕێککارەکانی دروستکردنی هەر چوار بەنداوەکانی (دەلگە، باکرمان، مەنداوە و تەقتەق) و پاڵپشتی دارایی و تەکنیکی بۆ دروستکردنی بەنداو و پڕۆژەکانی ئاودێری و سوودوەرگرتن لەسەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان پێشکەش بکات، لەپاڵ تەرخانکردنی دارایی بۆ نۆژەنکردنەوەی هەرسێ بەنداوە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان؛ دوکان، دەربەندیخان و دهۆک.

سوودانی ئاماژەی بەوە كردووە، “بابەتی دروستكردنی بەنداو وەك پلانێكی ستراتیژی لە عێراق دەبینن، لە گفتوگۆكانی ئەم دواییەشیان لەگەڵ توركیا بە هەمان شێوە باسی دروستكردنی بەنداویان كردووە، بۆیە ئەوان بابەتی دروستكردنی ئەو چوار بەنداوە بەهەند وەردەگرن”، مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی وەزیران وای گوت.

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ڕایگەیاندووە، کە بڕیاردراوە، تیمی تەکنیکی هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵی کوردستان و عێراق کۆببنەوە بۆ مەبەستی دیاریکردنی ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێژەیی بەرهەم بۆ هەر دۆنمێک.

ئەو دیدار و کۆبوونەوانە لەکاتێکدا دێن، کە ئێستا لێژنەیەکی هاوبەشی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، دەستیان بە کەمکردنەوەی ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.

بەگوێرەی ئاگادارییەک کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی ئاڕاستەی جووتیارانی سنوری عەربەتی کردووە، ئاماژەی بەوە کردووە، کە لێژنە هاوبەشەکە، فشاریان دروستکردووە کە دەبێت ڕووبەری زەوییە کشتوکاڵییەکان و ڕووبەری زەوی چێندراو بە گەنم لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە دیاری بکرێت و لەو چوارچێوەیەشدا ١٢ هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە سنوری کشتوکاڵی عەربەت کەم کراوەتەوە.

هەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و یەکێک لە بەشدارانی کۆبوونەوەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەسەر زیادکردنی ڕێژەی پلانی کشتوکاڵی پەیڕەوکراو دەبینێتەوە، وەک وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیاران، بەبێ دیاریکردنی ڕێژەیەک بۆ وەرگرتن، لەکاتێکدا بەپێی خەمڵاندنەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ بگاتە ئاستێکی بەرزتر لە ساڵانی پێشوو.

وەرگرتنی بەرهەمی دانەوێڵە و بەبازاڕکردنی گەنم و جۆ، یەکێک لە گرفتە جددییەکانی بەردەم جووتیارانی کوردستانە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوا لە عێراق دەکەن، تەواوی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سایلۆکان و وەزارەتی بازرگانییەوە وەربگیرێت. ئەوەش پێویستی بە فرەوانکردنی پلانی کشتوکاڵی عێراق هەیە، بە ئاڕاستەی وەرگرتنی تەواوی بەرهەمەکە و لە کۆبوونەکەی شاندی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش داوای زیادكردنی ئەو ڕێژەیە کراوە كە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان دانراوە.

مەریوان قەرەنی جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەبارەی وەڵامی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ: “سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو ڕووپێوەی هەرێمی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق كردوویەتی، بكرێتە بنەما بۆ زیادكردنی ئەو ڕێژەیەی كە دیاریكراوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان”.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی، پڕۆسەی کەمکردنەوەی ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی کە پاڵپشت بە وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە بەڕێوەدەچێت، کەمکردنەوە لە هەموو سنورەکاندا دروست دەکات و ئەوەش وا دەردەکەوێت کاریگەری لەسەر دیاریکردنی بڕی بەرهەم و هەر پاڵپشتییەکی دیکەی کشتوکاڵی هەبێت لە داهاتوودا، کە بنەمای ڕووبەری زەوی تێدا بەبنەما دەگیرێت.

بەگوێرەی هەرێم کەمال ئاغا، لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، یاداشت و داواکارییەکانی جووتیارانی ناوچەی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک پێشکەشی سەرۆکوەزیرانی عێراق کراوە و بڕیاردراوە، “ئەمساڵ هیچ کێشەوگرفتێک لە بەردەم جووتیارانی سەرگەران نەهێڵدرێت  و ڕێگە بدرێت دروێنەی بەرهەمەکانیان بکەن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button