ئابووریشرۆڤه‌

بازاڕی ئێستای خانووبەرە چۆنە؟

سەردار ئازاد- شارەزای بواری خانووبەرە

 

ئێستا بازاڕی کەرتی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان لە گۆڕانکارییەکی خێرادایە. کاتێک باسی کەرتی خانووبەرە دەکەین، واتە باسی زەوی نیشتەجێبوون و بازرگانی و خانوو و شووقە دەکەین، چونکە ئەم سێ بەشە لە سێکتەری خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان کاریان لەسەر دەکرێت. ئێستا بەشێوەیەکی گشتی بارودۆخی خانووبەرە و زەوی و شووقە باش نییە، هەرچەند دۆخی زەوی و خانوو باشترە لە شووقە، بەڵام کاتی کڕینی زەوی نیشتەجێبوونە لەگەڵ ئەو شووقانەی خاوەنیان دیارە و کوالێتیان باشە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پێشبینی دەکرا دۆخی زەوی و خانوو باشتر بێت لە شووقە، بەڵام بڕیاری دابەشکردنی زەوی، کڕیارانی زەویشی دڕدۆنگ کردووە، چونکە دابەشکردنی زەوی وا دەکات زەویش وەک شووقە نرخی بشکێت بەهۆی زۆر بوونی خستنەڕوو لە بازاڕ و  زۆربوونی فرۆشیاران کە بەخۆڕایی زەوییان وەرگرتووە و بەنرخی هەرزان دەیفرۆشنەوە.

 

دۆخی زەویوزار

ئێستا دۆخی زەویوزار لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو باش نییە، بەڵام هەموو پێشبینییەکان ئەوە دەردەخەن کە داهاتووی زەوی و خانوو لە هەرێمی کوردستان لە شووقە باشترە.

لەو دۆخەدا، کڕینی زەوی باشترە لە کڕینی شووقە، ئەوە بۆ قازانجی درێژخایەن و بۆ ئەو پارەیەی کە پێویستت نەبێت و بتەوێت وەبەرهێنانی تێدا بکەیت. باشترین شوێنیش بۆ کڕینی زەوی نیشتەجێبوون لە نێوان شەقامی 120 مەتری و 150مەتریی هەولێرە، بەتایبەت لە هەولێری نوێ تا بەحرکە.

 

دوخی زەوی بازرگانی

هەر کاتێک هەموو بەشەکانی سێکتەری خانووبەرە تووشی سستی و بێبازاڕی بوون، زەوی و باڵەخانەی بازرگانی دەبوژێنەوە، چونکە داهاتی بەردەوامیان هەیە کە کرێیە. بۆیە کڕینی زەوی بازرگانی باشترین بڕیاری کڕینی موڵکە ئەگەر پارەت هەبێت چ بۆ قازانج کە چەند بەرانبەری زەوی و شووقەیە چ بۆ داهات کە داهاتەکە باشترە.

 

دۆخی شووقە

شووقە دروستکردن لە هەرێمی کوردستان شۆڕشێک بوو کە وای کرد لەماوەیەکی کەمدا چەند هەزار شووقەیەک بفرۆشرێت و خەڵک بکڕێت، بەڵام  خراپی کوالێتی و فڕوفێڵی عەقارات و بێخزمەتگوزاری هەندێک پڕۆژە و وەستان و هەڵاتنی هەندێک وەبەرهێنیی شووقە، دۆخی شووقەیان ئەوەندە خراپ تێکدا، کە پێویستی بە چەندین ساڵە تا بتوانرێت سومعە بۆ شووقە و عەقارات لە هەرێمی کوردستان بگێڕدرێتەوە. ئێستا تەنیا پڕۆژە بەکوالێتی و باشەکان بازاڕیی باشیان هەیە.

ئێستا تەنیا ئەو شووقانە بازاڕیان هەیە و کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت کە تەواوبوونە و خەڵکیان تێدا نیشتەجێە، بەڵام بارودۆخی ئەو شووقانە باش نییە کە هەیکلن یان تازە سەرەتای دروستبوونیانە و کڕیار بە نرخی هەرزانیش بۆ ئەو شووقانە دەست ناکەوێت.

داهاتووی شووقە وابەستەیە بە کوالێتی و سومعەی خاوەن پڕۆژەکە و شوێنگە و کرێی شووقەکە؛ ئەوانە باش بوون داهاتووی باش دەبێت، بە پێچەوانەشەوە خراپ دەبێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...