شرۆڤه‌
ئاراستەکان

ئەم موڵکە نەزمی نابێ بەبێ زەبتی واریسی!

 

لە ماوەی زیاتر لە هەزار ساڵی ڕابردوودا، هەر ئیمپراتۆرییەتێک بەهۆی شەڕی مەزن لەگەڵ ئیمپراتۆرییەتی ترەوە ڕووخابێتن، ئیدی نەتەوەکەی بچووک بوونەتەوە یان بەتەواوی پووکاونەتەوە. لەم ناوچەیەدا، عەرەب بەهۆی ئایینەوە ماونەتەوە. فارس و تورک لەبەر ئەوەی هێزی ناوخۆیی ڕووخاندوونی نەوەک هێزی دەرەکی، یەکسەر خۆیان دروست کردووەتەوە. کورد بەبێ ئەوەی لەم ماوەیەدا هیچ ئیمپراتۆرییەتێکی هەبێت، نەوەک هەر ماوەتەوە، بەڵکوو خاکەکەی لە چیاوە درێژ بووەتەوە و دەشتاییش چوونەتە سەر نەخشە نەنەخشێنراوەکەیەوە. هەر شوێنێک کوردستان بێت و چیا نەبێت، خۆی کوردستان نەبووە، ئەدی چۆن توانیومانە دەست بەسەر خاکی تردا بگرین و خاوەنی پێگەی خۆشمان نەبین!

 

میللەتانی دونیا، بەهۆی یەکگرتوویییەوە ماونەتەوە و بەهۆی لێکترازان تواونەتەوەوە. زیاتر لە هەزار ساڵە کورد یەکگرتوو نەبووە و هەر ماویشتەتەوە، بەڵکوو لە زیادبوونیشدایە. ئەمە چ نهێنییەکە وای کردووە ئەم میللەتە، وێڕای ئەم هەموو داگیرکارییە، لە ژیان کۆڵ نەدات و بەردەوام بێت؟ زۆر بە کورتی، لەبەر ئەوە بووە کە خەونی مەزنمان هەر ئەوەندە بووە، چەندە خۆمان لەگەڵ ئیمپراتۆرییەت و دەسەڵاتەکانی دیکەدا دەگونجێنین.

لەناو دەوڵەتی عەبباسیدا، لە سەردەمی هاروون ڕەشیدەوە تا کۆتایی دەوڵەتەکە، ئەوەی بەڕاستی دەوڵەتیان بەڕێوە دەبرد، ماڵباتی بەرمەکییەکان بوون كە كورد بوون، لە پشت عەبباسییەکانەوە هەموو شتێکیان بەدەست بوو. هەر خۆی دەوڵەتی عەباسییەکان بە ڕووخاندنی ئەمەوییەکان دروست بوو، کە دەستی باڵا تێیدا ئەبوو موسلیمی خوراسانی بوو، کوردێکی هەمەدان بوو، لە سەردەمی ئەمەوییەکاندا کرایە والیی خوراسان و پاشان دەستی لەگەڵ ڕەشیدییەکان تێکەڵ کرد و ئیمپراتۆرییەتی ئەمەوییان ڕووخاند. ئەوە تازەش توێژەرانی کورد خەریکی لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆرن لەسەر ڕۆڵی کورد لە دەوڵەتی عوسمانیدا، دەرکەوتووە، ڕەنگە ڕۆڵی کورد لەناو ئەم دەوڵەتەدا، هێشتا لەو ڕۆڵە زیاتر بێت کە لەناو عەبباسییەکاندا هەیبووە.

 

ئەوەی بەڕاستی دەوڵەتی عه‌بباسی بەڕێوە دەبرد، ماڵباتی بەرمەکییەکان بوون كە كورد بوون، لە پشت عەبباسییەکانەوە هەموو شتێکیان بەدەست بوو

 

بە کورتی، هەر ئیمپراتۆرییەت و دەسەڵاتێک لەم ناوچەیەدا هەبووبێت، هەرگیز نەیتوانیوە خۆی بگرێت، بەبێ کورد. لە کاتێکدا بۆ خۆی هیچ هەوڵێکی نەداوە دەسەڵات بگرێتە دەست، لە سەردەمی سەڵاحەددینی ئەیووبی نەبێت، ئەویش ناسنامەی کوردێتی نەکردووە بە ناسنامەی دەوڵەتەکەی، بەڵکوو سوودی لە ناسنامەی ئایینی وەرگرتووە و بەهۆیەوە توانیویەتی لەژێر سوپا و دەوڵەتەکەیدا، عەرەب و تورک و هەرچی گەلی ناوچەکەیە جێ بکاتەوە.

ئەگەر لەسەر ئاستی سیاسەت و دەوڵەتسازیش بێینە دەر، لەسەر ئاستی زانستیشدا، هەرچی پێشکەوتنی زانستییە لەم ناوچەیە، ئیدی لەژێر پێشکەوتنی زانستە ئیسلامییەکان بێت تا هەموو بوارەکانی دیکە، ناتوانین بەبێ کورد باسی ئەو بوارە بکەین. گەورەترین خزمەت کە کرابێت، زانا و عارف و بیرمەندە کوردەکان کردوویانە، بەبێ ئەوەی باسی کوردێتی بکەن، یان هەوڵ بدەن بە زمانی کوردی زانستەکەیان پێشکەش بکەن.

هەموو جار کە لاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە، گازندە لە ڕابردوومان دەکەین، بۆچی ئەوەندە دەرهەق بە ناساندنی گەل و نەتەوەکەیان بێباک بوون، بەڵام ئەگەر ئەنجام وەربگرین، ئایا کورد، دووەم گەلی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە بە پەنجا ملیۆنەوە، لەپاش عەرەب؟

هۆکارێکی سەرەکیی مانەوەی کورد ئەوە بووە، هەوڵی نەداوە زمان و کولتوورەکەی لەگەڵ گەلانی تری ناوچەکەدا ئاوێتە بکات. هەردەم لەگەڵ هەر گەلێکدا تێکەڵ بووبێت، پێش ئەوەی ئەو هەوڵ بدات خۆی فێری کوردی بکات، کورد خۆی فێری زمانەکەی ئەو کردووە. ئێستەش هەر وایە. ئەم خاڵە کە چەندە بە نەرێیی لێکی بدەینەوە، ئەرێیییەکی گەورەی تێدایە، ئەویش ئەوەیە، قەڵغانێکی پارێزبەندیمان دروست کردووە، ئیدی گەلانی تر (بە زمانی تەکنۆلۆژی بیڵێین) نەیانتوانیوە هاکمان بکەن. بۆ ئەوەی بچینە ناو گەلێکەوە، سەرەتا دەبێت تێی بگەیت. هەزار ساڵ زیاترە، ئەم نەتەوانەی لە ناوچەکەدان خەریکی توانەوەی یەکترن، کەچی کوردییان پێ نەتوایەوە، چونکە لە هەنگاوی یەکەمدا کە پێویستە تێمان بگەن، سەرکەوتوو نەبوون.

 

ئێمه‌ وه‌كوو كورد هەوڵمان نەداوە زمان و کولتوورەکەمان لەگەڵ گەلانی تری ناوچەکەدا ئاوێتە بکه‌ین، به‌مه‌ش قەڵغانێکی پارێزبەندیمان دروست کردووە، ئیدی گەلانی تر نەیانتوانیوە هاکمان بکەن

 

هەڕەشەکانی سەر کورد وەک ناسنامە، لەو کاتەوە دەستی پێ کردووە، کە بیری لەوە کردووەتەوە، خاوەنی دەسەڵات و پێگەی خۆی بێت. کاتێک تۆ وەک نەتەوە، لە چوارچێوەی گوند و هۆز دێیتە دەر و دەتەوێت ببیتە خاوەنی پێگە، مانای وایە دەتەوێت شتێک بیت لە تەنیشت ئەو شتانەی تر لەژێر ناوی دەوڵەتی جیاوە لەمێژە هەن، ئەمەش واتە دەبیتە هەڕەشە بۆ سەریان. لێرەدا دەوڵەتان زۆر زیرەکانە توانیویانە کورد بخوێننەوە، بەهۆی ئەو پێشخانەی هەیەتی.

وەک باسمان کرد، لەسەر ئاستی تاک، کورد ڕاوێژکار و وەزیر و دەمڕاستی هەرچی دەوڵەتی ناوچەکە بووە، کاتێک لەسەر ئاستی نەتەوە دەتەوێت پێگەت هەبێت، دەوڵەتانی تر ئەم سایکۆلۆجیایەیان خوێندووەتەوە و بایەخیان بە تاک تاکی کورد داوە، چونکە زانیویانە ئەو تاکە ئامادەیە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەرژەوەندیی گشتی فەرامۆش بکات. هەڵبەت ئەو تاکە لە مێژوودا هەر کەسێک بووبێت، ڕاستە لە سەرێکەوە بە خائین و ناپاکی نەتەوەیی هەژمار دەکرێت، بەڵام لە سەرێکی ترەوە، بەشێکە لە کولتوورێکی دانەبڕاو.

 

کاتێک لەسەر ئاستی نەتەوە دەتەوێت پێگەت هەبێت، دەوڵەتانی تر ئەم سایکۆلۆجیایەیان خوێندووەتەوە و زانیویانە ئەو تاکە ئامادەیە لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی، بەرژەوەندیی گشتی فەرامۆش بکات

 

بۆ میللەتێکی وەک جوو، زەحمەتە تاکێکیان لە کۆدەنگیی گەلی جوو دەربچێت و ببێت بە نازی یان هەر شتێک، بەڵام بۆ میللەتێکی وەک کورد کە لەوەتەی هەیە فێری ئەوە بووە، هەر تاکێکی خۆی گۆش کردبێت، خۆگۆشکردنەکەی لە بەرژەوەندیی دەوڵەت و ئیمپراتۆرییەتەکاندا بووە، ئاسایییە و بە شتێکی نامۆ هەژمار ناکرێت. من کاتێک پاش هەوڵی سەربەخۆییی کوردستان لە ڕێی ڕیفراندۆمەوە، ڕووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەرم بینی، شۆک نەبووم، چونکە ئەوە ڕێچکە باوەکەیە: کورد ڕێنیشاندەری ئەوی ترە.

هەڵبەت دیسانەوە دێمەوە سەر هەمان قسە، هەردەم ئەو تاکە کوردانەی لەناو دەوڵەتەکاندا جێیان بووەتەوە، هۆکارێكی مانەوەی کۆی کورد بوون وەک نەتەوە. ئەوان لە ڕووی سیاسییەوە خۆیان و تەنانەت خاکەکەیان خستووەتە خزمەتی ئەوی ترەوە، بەڵام هەرگیز هەوڵیان نەداوە ئەوی تر فێری زمان و فەرهەنگی ئێمە ببێت.

پاش ڕووخانی ئیمارەتی بابان، “نالی”ی شاعیر، نامەیەکی درێژ بۆ “سالم”ی هاوڕێی دەنێرێت، ئەویش وەڵامی دەداتەوە و دۆخی شڵەژاوی سلێمانی بۆ باس دەکات و لە دوو بەیتدا دەڵێت:

 

توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی، دەخیلی بم

بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر

ئەم موڵکە نەزمی نابێ، بەبێ زەبتی واریسی

بێ ئەو بە قەسدی ئەم تەرەفە، با نەکا سەفەر

 

ئەگەر لە ڕووی سۆسیۆلۆجییەوە سەیری بکەین، ئەو گوتەیە: “ئەم موڵکە نەزمی نابێ بەبێ زەبتی واریسی”، بۆ هزر و بیرکردنەوەی گەلی کورد نوێیە. وا دیارە ئیدی کوردیش دەیەوێت خۆی خاوەندارێتیی خاک و ئاسمانی خۆی بکات. ئەو خەونەی ئەحمەدی خانی، جیاواز لە شاعیر و زانایانی سەردەمەکەی هەیبوو، کە کوردیش ببێتە خاوەنی پێگە و سەرۆکی خۆی، ئیدی دیارە لە سەردەمی نالییەوە چەکەرەی کردووە، بۆیە ئەگەر لە ئەدەب بێینە دەرەوە و بچینەوە ناو ڕووداوە سیاسییەکانەوە، دەبینین ئیدی لەو سەردەمەوە دەست بە پاکتاوی کورد دەکرێت، چونكە ئیدی مێشکی بۆ خۆبەڕێوەبردن دەڕوات.

نازانم چەند دەیەی ترمان پێویستە، تا سایکۆلۆجیای تاکی کورد وای لێ بێت، ئەو سازشەی ئامادەیە بۆ گەلان و دەسەڵاتەکانی تری بکات، بتوانێت بۆ کەسێک یان سەرکردەیەکی خۆی بکات. ئەمە کاتێک دروست دەبێت کە ئەو هزرە هۆزگەرایییەی کوردی پێ گۆش بووە، بەتەواوی نەمێنێت.

تا ئێستە کورد بریتییە لە کۆمەڵێک هۆز کە بە زمانێکی هاوبەشی چەند شێوەزاری جیاواز قسە دەکەن. هێشتا ناتوانین هەموو پێناسەکانی بۆ نەتەوە دەکرێت، هەڵبەت باسی پێناسە مۆدێرنەکان دەکەین، کوردی تێدا جێ بکەینەوە. لە سایکۆلۆجیای تاکی کورددا، هەموو کوردێک لەگەڵ یەكدی یەکسانن. واتە ناتوانێت قەبووڵی بکات کە کوردێک هەیە سەرۆکە، کوردێک هەیە سەرتیپ و سەرکارە، بەڵام ئاسایییە بەلایەوە کە کەسێکی جگە لە کورد، سەرۆک و ڕابەر بێت و بۆشی دەچەمێتەوە.

 

كوردۆ شابان

نووسەر و وەرگێڕ

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...