ئابووریهه‌واڵ
ئاراستەکان

کارگەکانی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی دۆخێکی نالەبار کراونەتەوە

پشتیوان جەلال

 

دوایین کێشە کە بۆ کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دروست کراوە، بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە، بەوەی دەبێت سەرجەم ئەو کارگانەی کە پشت بە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەبەستن، مۆڵەت لە وەزارەتی پیشەسازیی عێراق دەربکەن، ئەوەش وا دەکات ساڵانە مۆڵەتەکە لەوێ نوێ بکەنەوە و باجیش بەوێ بدەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمە هەروا بڕیارێکی ئیداریی ئاسایی نییە، ئەمە کێشەی گەورەی بۆ کارگەکانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە، چونکە ئەوان مۆڵەتیان لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستانەوە پێدراوە و باجەکانیشیان بەوێ دەدەن.

 

ژمارەی ئەو کارگانەی بە بچوصک و مامناوەند و گەورەوە لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان تۆمار کراون و مۆڵەتیان پێدراوە بەم جۆرەیە:

– هەولێر (هەزار و 897 کارگە)

– سلێمانی (هەزار و 844 کارگە)

– دهۆک (94 کارگە)

 

کۆی گشتیی کارگەکان (3 هەزار و 835 کارگە) ژمارەی فەرمی.

“هەموو کارگە گەورە و مامناوەندەکانی هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەی 80% پشت بە ناوەڕاست و خواروصی عێراق دەبەستن”، قسەم لەگەڵ چەند کارگەیەک کردووە و وایان پێ گوتووم.

 

ئێستا ئەگەر کاڵا و بەرهەمێک لە کارگەیەکی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەم هێندرابێت، ناتواندرێت هەناردەی سنووری دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق بکرێت، تەنها دوو ڕێگا لە بەردەستە.

 

ڕێگای یەکەم- دەرکردنی مۆڵەتی وەزارەتی پیشەسازیی عێراق، ئەمەش کاتی زۆری دەوێت و ڕۆژانە هەزاران دۆلار زیان بە کارگەکانی ناوخۆی هەرێم دەکەوێت تا ئەو مۆڵەتە دەردەکەن، ئەگەر دەریشی بکەن، ئەوا دەبێت باج بدەن بە بەغدا؛ ئایا وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم بەوە ڕازییە؟ وەڵامەکە لای خۆیانە.

 

ڕێگای دووەم- لە بازگەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، وەک بەروبوومێکی بیانی حسابی بۆ بکرێت و گومرگ بدرێت، ئەوەش نرخی بەرهەمەکە بەرز دەکاتەوە و لە بازاڕەکانی عێراق کێبڕکێی پێناکرێت و کەس نایکڕێت.

 

هەر ئەمانە نین، تەنها دوو بازگەش دیاری کراون کە لە هەرێمی کوردستانەوە شمەک و کاڵا و بەرهەم هەناردەی عێراق بکرێت ناوخۆ بێت یان هاوردەکراو، ئەوەش کێشەی گەورەی بۆ بازرگانانی هەرێمی کوردستان دروست کردووە.

 

ئەم بڕیارانە لە کاتێکدان، هەرێمی کوردستان، لەڕووی کارگەکانی پێشەسازییەوە ڕووی لە گەشە کردووە و خەریکە ژێرخانی پیشەسازییەکەی بەهێز دەبێت، بەڵام ئەم هەنگاوەی بەغدا دۆخەکە پێچەوانە دەکاتەوە.

 

بڕیارەکە بۆ کارگەکان و دۆخی ئابووریی هەرێمیش ئاسان نییە، چونکە بە پەککەوتنی کارگەکان هەزاران کەس بێکار دەبن و زیانی گەورەش بەر ژێرخانی ئابووریی هەرێم دەکەوێت.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...