ئەمە لە کاتێکدایە لە فڕۆکەخانەکانی بەسڕە و بەغدا و نەجەف (ئەم بانکە و بانکە حکومییەکانی تری وەک ڕافیدەین) ئەم دۆلار دابینکردنەیان بێ سنورە بۆ هەموو ئەو کەسانەی بەپێی ڕێنماییەکان مافی سوودمەندبوون-یان هەیە لە دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی عێراق.
ئەمە جیاکارییەکی ڕوون و ئاشکرایە لە دژی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی لە سلێمانی و هەولێرەوە گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، ئیتر بەمەبەستەوە بێت یان لەبەر هەر هۆکارێکی تر. ئینجا پێشێلکردنێکی ئاشکرای دەستووری هەمیشەیی عێراقە و کاتی ئەوەیە نوێنەرەکانی کوردستان لەسەری بێنە دەنگ.
دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی عێراق ($١=١٣٢٠)، لە کاتێکدا نرخی بازاڕی دۆلار ($١=١٥٠٠)، کەواتە جیاوازییەکە نزیکەی ١٣.٦%ی بەهای هەموو پارەکەیە. بەشی گەشتیارێک لە دۆلاری فەرمی ئەگەر ٣ هەزار دۆلار بێت (٣٠ گەڵا)، بۆ هەر کەسێک ٥٤٠ هەزار دینار قازانج دەکات لە هەر گەشتێکدا، کە خەڵکی ناوچەیەکی عێراق بێ سنور دەرفەتی سوود وەرگرتنیان هەیە لەم ئاڵوگۆڕەی دراو و هی ناوچەیەکی تر بێ بەشدەکرێت، ئەمە تاوانە.
بەگشتی بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان لە دۆلار بە نرخی فەرمی سەر دەکێشێت بۆ زۆر گومان و پرسیار لەسەر کۆی گشتی پڕۆسەکە، هیوادارم بانکی بازرگانیی عێراق و بانکی ناوەندی-ش هۆکاری ئەم جیاکارییەمان بۆ ڕوون بکەنەوە و دواجار سنورێکیشی بۆ دابنێن.
ئەمە دەبێتە فاکتەرێک بۆ تێکدانی هاوسەنگی نێوان خواست و خستنەڕوی دۆلار لە کوردستان. ئەوەی لە فڕۆکەخانەکان دۆلاری دەست ناکەوێت دێت لە بازاڕە ڕەشەکەدا دەیکڕێت، لە دواجاردا دۆلار گران دەکەن. ئینجا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی گەشتیاریش لە فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر و لە زۆر ڕووەوە زیانی دەبێت بۆ ئابووری و بازاڕی کوردستان.
بانکی ناوەندیی عێراق و هەموو بانکەکانی تریش دەبێت بە یەک دوورایی سەیری هەموو فڕۆکەخانە و ناوچەکانی عێراق بکەن، نەک لە شوێنێک خزمەتگوزارییەکەیان بۆ هەزاران کەس بێت و لە شوێنێکیش تەنها ٢٠ کەس. ئەم جیاکارییە ئەگەر بەهۆی گەندەڵییەوە بێت، یان سیاسەت، هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە پێشێلکردنێکی ئاشکرای مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە.