سیاسیشرۆڤه‌

ئایندەیەکی تەماوی

سەلاح ڕەشید

 

ئەوەی زۆر ڕوونە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئاشکرا دەبێت، ئەوەیە کە بارودۆخی کوردستان، عێراق، ناوچەی ناوەڕاست و زۆر شوێنی تر بەرەو نادیاری و گرژی و ئاڵۆزی دەچێت و دیار نییە سبەینێ چی ڕوودەدات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هێزە دەستڕۆیشتووەکانی ئەم هەرێمە بەم عەقڵیەتەی حوکمڕانییە، نە ئێستا و نە لە ئایندەیەکی نزیکدا ناتوانن چارەسەری بنەڕەتی کێشە گرنگ و چارەنووسسازەکان بکەن، خەمی سەرەکی ئەوان هەوڵدانە بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵە و کەسانی دەوروپشتیان.

بە ئاشکرا هەردوو هێزی سەرەکی بەسەر دوو بەرەی جیاوازی دژ بەیەکدا دابەش بوون.

پارتی خۆی لە میحوەری تورکیا و ئەمریکی و یەکێتی لە هیی ئێرانیدا دۆزیوەتەوە، ئەم دوو هێزە هاوپەیمانی ئەم دەوڵەتانە نین، بەڵکو کار بۆ بەرژەوەندی ئەوان دەکەن و هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر بڕیاری سیاسی ئەم دوو دەوڵەتە نییە.

پارتی خۆی خستۆتە ئەو بەرەیەی کە پێویستە کار و چالاکی حزبی و حکومی لە بەرژەوندی تورکیادا بێت، دۆست و دوژمنی پارتی لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تورکیاوە دەستنیشان دەکرێت، بێ ئەوەی تورکیا گرنگی بەو هەڵوێستانەی بدات و زۆر بێمنەتە. داخستن و پەکخستنی ناردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگای تورکیاوە بۆ دەرەوە و بۆردمانی ڕۆژانەی فڕۆکەی تورکی بۆ سەر شار و شارۆچکەکانی هەرێم، نیشانەیەکی دیارە بۆ بایەخنەدانی ئەو وڵاتە بە بەرژەوەندییەکانی ئەم هەرێمە. تورکیا نە لە ڕابردوودا و نە لە ئایندەیەکی نزیکدا نابێتە دۆستی ڕاستەقینەی کورد، بەڵام دراوسێیەکە و گرنگ و پێویستە هەوڵبدرێت پەیوەندییەکی تەندروستی لەگەڵدا دروست بکرێت.

ئەمریکا مێژوویەکی هەمەڕەنگ و دێرین و تاڵی لەگەڵ کوردا هەیە، هەرەسی ١٩٧٥ نێشانەیەکی زیندووی ئەو پەیوەندییەیە، ئەمانیش وەک هەر وڵاتێکی تری سەر ئەم زەمینە، بەرژەوەندی سەرەکی خۆی لە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە دەبینێت، ئەمە وڵاتێکی زلهێزە نەک ڕێکخراوێکی خێرخوازی تا هاوکاری گەلان و وڵاتانی دنیا بکات و لەبەر خاتری پێشێلنەکردنی پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بەزەیی بە میللەتانی ژێردەستدا بێتەوە.

کورد نە خاوەنی ‌هێزی ئەتۆمییە و نە خاوەن تەکنەلۆجیای نوێی جیهانییە و نە لەشکری سوری سۆڤێتی هەیە تا بتوانێت هاوکاری ئەمریکا بکات، کورد چاوەڕێی ڕەحمەت و پارە و چەک و پشتگیری سیاسییەتی.

ئەمریکا لەبەر بەرژەوەندی خۆی پشتگیری سنورداری ڕۆژئاوای کوردستان دەکات، ئەویش لەبەر دژایەتی دەسەڵاتی ئێرانی و ڕووسی و سووریا، ئەگینا فڕۆکەی جەنگی تورکی ناوبەناو هێرش دەکەنە سەر دامودەزگا جیاوازەکان و کێڵگە نەوتییەکان و ژێرخانی ئابووری ئەو ناوچەیە و ئەمان ئامادەنین نەک بەرگریان لێبکەن، بەڵکو ئیدانەی زارەکی ئەو هێرشانەش ناکەن.

هاوکاری و پشتگیری ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان، بە هەمان شێوەی وڵاتانی ترە، ئەم هاوکارییە لەبەر خاتری کورد نییە، بەڵکو لە دژی پەرەسەندنی هەژموونی ئێرانە لە کوردستان و عێراق.

کەمکردنەوەی ٢٥٪ هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، کۆتایی هێنانی لە ٢٠٢٦، نیشانەی دیاری سیاسەتی ئەو زلهێزەیە.

بێگومان نە کوردستان و نە عێراق لەو ناوچە گرنگانە نین بۆ ئەمریکا کە لە پێشەوەی ئەجێندای ئەودا بێت، زۆر وڵات و جێگای تر هەن کە زۆر لە پێش ئێمەوەن، ئەوە ئۆکرانیا، فەڵەستین و غەززە، چین و سۆڤیەت و کۆریای باکوور و وا کێشەی دەریای سور (یەمەن)ی بۆ زیاد بوو، ئەمانە هەمووی لە کاتێکدایە کە لە ٤ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام دەدرێت و دەسەڵاتی بایدن کێشەی نوێ بۆ خۆی زیاد ناکات.

ئەم ڕاستیانە ئەوە ناگەیەنێت کە کورد دژایەتی ئەمریکا بکات، گرنگە هەموو هەوڵێک بدرێت دۆستایەتی لەگەڵ ئەوان و هەموو وڵاتانی تر قوڵتر و فرەوانتر بێت، بەیادنەکردنی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە.

 

ئێران: پەیوەندی کوردستانی باشور و ئێران زۆر دێرینە و ئەوانیش وەک هەموو وڵاتێکی تر، هەموو جموجۆڵ و پەیوەندیان لەگەڵ دنیای دەرەوە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیانەوە دەبینن.

دەسەڵاتی فیعلی  ئێستا لە عێراقدا نە بەدەست سەرۆکوەزیرانە و نە بەدەست هاوپەیمانی شیعەوەیە و نە پەرلەمان و حزبەکان ڕۆڵیان هەیە، دەسەڵاتی ڕاستەقینە بەدەست ئێرانەوەیە، ئەوان فەرمان دەردەکەن و ئینجا هێزە شیعییەکان و حەشدی شەعبی وەک لقێکی سوپای پاسداران ئەرک و فەرمانەکان جێبەجێ دەکەن.

با بە‌هەڵەدا نەچین، هیچ هێزێک (نە کورد، نە سووننە، نە شیعەی سەدر) ناتوانێت ئەمڕۆ کارێکی گرنگ لە عێراقدا بکات بەبێ ڕەزامەندی ئێران، ئەوان ئێستا دەسەڵاتیان بەسەر هەموو گرووپەکان هەیە، بەشێک لە سووننەکان و کلدانییەکان بەدەرنین لەو ڕاستییە، هەڵنەبژاردنی شەعلان کەریم بە سەرۆکی پەرلەمان لە ١٣/١/٢٠٢٤ بە دەنگی ١٥٢ پەرلەمانتار نیشانەیەکی نوێی هەژموونی ئێرانە.

کوردستان سنورێکی زیاتر لە ٦٣٠کم درێژی لەگەڵ ئێران هەیە، ناچار و پێویستە کە پەیوەندییەکی باش و گونجاوی لەگەڵدا هەبێت، ئێران کەم بوار هەیە لە کوردستان ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ دەستی تێوە نەدابێت، ئەمە کاری ئەمڕۆیان نییە، بەڵکو ئەمە کەلتووری ئەو وڵاتەیە و چەندەها ساڵە بەو شێوەیە دەڕوات.

پەیوەندی مێژوویی یەکێتی و ئێران وای کردووە، کە ڕەنگدانەوەشی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ هێزە شیعەکان و هەموو گرووپەکانی ئەو فەلەکە لە عێراق بداتەوە، بانگهێشتکردنی نوێنەرانی ئێران بۆ کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی وەک تاقە نوێنەری وڵاتانی دەرەوە، نیشانەی ئەو پەیوەندییە تایبەتەیە.

گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، بە ئارەزووی خۆیان هێرش دەکەنە سەر هەرێم بە گشتی و شوێنەکانی هاوپەیمانان و فڕۆکەخانەی هەولێر بە تایبەتی، ئەمە هەندێک دەزگای نە شارەزا، باس لەوە دەکەن کە ڕەنگە ئێران ئاگای لێ نەبێت، تا کار گەیشتە ئەوەی کە شەوی ١٤/١/٢٠٢٤ ماڵی پێشڕەو دزەیی بە مووشەک بۆردمان بکرێت و ئێران بە ئاشکرا خۆی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت.

بێگومان ئەمە یەکەمجار نییە کە هەولێر بە ئاشکرا بۆردمان دەکرێت، ئەوە بوو لە ١٣/٣/٢٠٢٢ ماڵی شێخ باز بەرزنجی بە هەمان شێوە مووشەکباران کرا.

ئێران دەیەوێت پارتی وەک یەکێتی لێ بکات و بیخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، و تورکیاش بە هەمان شێوە دەیەوێت یەکێتی دژایەتی پارتی کرێکاران بکات وەک چۆن پارتی دەیکات، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبینین چۆن فڕۆکەی تورکی بۆردمانی شوێنی گرنگی ناوچەی سەوز دەکات.

بێدەنگی هەندێک هێزی ناوچەی سەوز، کە ئامادە نەبوون (بێگومان لە ترسا) ناوی ئێران بهێنن کە هێرشەکەی کردووە، ئەوە زەمینەیەکی زۆر خراپ و ناتەندروست دروست دەکات، بۆ ئەوەی ئەگەر سبەینێ ناوچەی سلێمانی بەر هێرشی تورکی کەوت، هێزەکانی ناوچەی زەرد بە هەمان زمان مامەڵە بکەن!!

بێگومان لە ناوەڕۆکدا ڕۆڵی تورکیا هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تر نییە، بەڵکو زۆر دژوارتر و توندتر و ڕەگەزپەرسانەتر پەلاماری کورد دەدات و دروشمی (یان لەگەڵمدایت یان دوژمنیت) بە کردار بەکار دێنێت، هێرشی ١٨/٩/٢٠٢٣ بۆ سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی لە عەربەت نیشانەیەکی کۆن نییە کە ئەوان ئامادەن هەر شوێنێکیان بوێت بۆردمانی بکەن.

 

چارە:

کێشە قوڵ و دێرین و مەترسیدارەکان، پێویستیان بە چارەسەری ئازایانە و لەخۆبوردووانە و هەمیشەیی و دیراسەکراو هەیە، ئەوەی ئێستا دژ بە کورد دەکرێت، دژ بە پارتی و یەکێتی نییە، ڕەنگە ئەمڕۆ دژ بە لایەکیان بێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە سبەینێ دژ بە لاکەی ترە، ئەگینا مووشەکبارانی ئێران بۆ سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی یان شێخ باز، هەموو کەس دەزانێت، کە پەیوەندی بەوەوە نییە کە ئەم شوێنە بارەگای موسادی لێیە، ئێران باش دەزانێت بارەگای ڕەسمی و ئاشکرای موساد لە کوێیە، بۆ ناچن ئەوێ بۆردمان بکەن؟

ئەوەی کە ڕوونە حکوومەتی هەرێم ئەو دەسەڵات و هێزەی نییە وەک پاکستان کە دوای چەند کاتژمێرێک بە هەمان شێوە هێرش بکاتە سەر سیستان و بلوجستان لە ئێران.

ئەمڕۆ لە هەر کاتێکی تر کورد پێویستی بەوەیە کە ناوماڵی خۆی پتەو بکات، پێویست و گرنگە، کە یەکێتی و پارتی زۆر زیاتر لە ئێستا لەیەک نزیک ببنەوە، یەک هەڵوێستی کورد، باشترین وەڵامە بۆ ئەو هێرشانەی دوێنێ کرا و سبەینێش دەکرێت، دەبێت ئەو دوو هێزە لەبەر بەرژەوەندی گشتی و مانەوەی خۆیان، هەنگاوی بوێرانە بنێن؛ هێزە سەربازی و ئیدارییەکانیان بە تەواوی تێکەڵاو بکەن و واز لە یەکەی٧٠ و ٨٠ و زۆنی ڕەنگاوڕەنگ بهێنن.

زۆر گرنگیشە هاوپەیمانێتی لەگەڵ هێزە میانڕەوە شیعی و سووننی و کلدانی و کۆمەڵگای مەدەنی ببەسترێت. هەروەها گرنگە پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندی لەگەڵ ئێران و تورکیا بکرێت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانان ئەپدێت بکرێنەوە، دەبێت هەموو ئەم پەیوەندییانە لە ڕوانگەی بەرژەوەندی میللییەوە دابڕێژرێنەوە، بە مانایەکی تر هاوسەنگی پێویستە لە هاوپەیمانێتی و دۆستایەتیدا، یاخود وەک هەندێک ڕۆشنیری کورد نامەیەکیان ئاڕاستەی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە و داوا دەکەن کە ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارێک دەربکەن وەک بڕیاری ٦٨٨ی ١٩٩١ بە پاراستنی کوردستان لە نێوان هێڵی ٣٢-٣٦.

کوردستان جوگرافیایەکی زۆر ناگونجاوی هەیە، چی بکەین کە سنورمان لەگەڵ نەرویج و سوید و نەمسا نییە، دەوروپشتمان وڵاتانی نادیموکرات و دۆستانی کورد نین، مادەم ناتوانین جوگرافیای خۆمان بگۆڕین، پێویستە ڕێگایەکی گونجاو بۆ مامەڵەکردنێکی ئاشتیخوازانە و باشتر لە ئێستا لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا بدۆزینەوە.

 

تۆ بڵێی چارەی تر هەبێت؟

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...