هه‌واڵ

پارتی بۆ یەکێتی: تەجاوز بۆ سەر مەسرور بارزانی تەجاوزە بۆ سەر هەموو پارتی

پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشێک لە بەرپرسان و میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ” هەڵوێستی نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکاری و هەواڵی بێ بنەما، بەدژی مەسرور بارزانی بڵاودەکەنەوە”.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤، ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە لێدوانەکانی “بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان”، لەمەڕ مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا و ڕوو لە بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانی یەکێتی دەڵێ: “دژ بە مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتیمان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکاری و هەواڵی بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە”.

گوتەبێژەکەی پارتی، وەک دواترینی ئەو هەڵوێستانە، ئاماژەی بە ڕاگەیەندراوێک کردووە، کە دوێنێ ٢٦ی ئاب بەناوی “سەرچاوەیەک لە یەکێتییەوە” لە ماڵپەڕی فەرمی حزبەکە بڵاوکرایەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەی دوێنێ، میدیاکانی یەکێتی بڵاویان کردەوە و هاوپێچی ئەم هەواڵە کراوە، بەتوندی ڕەخنە لە مەسرور بارزانی دەگرێت و بانگەشەی ئەوە دەکات، کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی باڵێکی ناو پارتی دەکات، کە ئەویشی بە “باڵی دەستڕۆیشتوو و خۆسەپێنی ناو پارتی” پێناسە کردووە و دەڵێ، لەڕێگەی میدیای فەرمی و نافەرمییەوە، پەلاماری یەکێتی دەدەن.

لە بەرانبەردا گوتەبێژەکەی پارتی، هەر لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەکەیەوە دەڵێ، ئەو بەشە لە بەرپرس و میدیاکانی یەکێتی، “لە ڕوانگەی دۆخی ناوخۆیی خودی یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن”. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هەبوونی باڵ و باڵباڵێن لەناو یەکێتی و ڕەتکردنەوەی بانگەشەکانی یەکێتی کە جەخت لەسەر هەبوونی باڵی جیاجیا لەناو پارتی دەکاتەوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پارتی؛

 

ڕاگەیاندراوێک لە گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

ماوەیەکە، بەشێک لە بەرپرس و میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوور لە پرەنسیپ و ئەتەکێتی سیاسی و لە ڕوانگەی دۆخی ناوخۆیی خودی یەکێتییەوە لە پارتیمان دەڕوانن و دژ بە ڕێزدار (مەسرور بارزانی) جێگری سەرۆکی پارتیمان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵوێستی نەیارانە و قین لە دڵانە و چەواشەکاری و هەواڵی بێ بنەما، بڵاودەکەنەوە. دواترینی ئەو چەواشەکاریانەشیان، ڕۆژی ٢٦ی ٨ی ٢٠٢٤، لە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتییەوە ڕاگەیاندراوێک بەناوی سەرچاوەیەک لە یەکێتییەوە بڵاوکراوەتەوە.

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ڕای گشتی و خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دووپاتی دەکەینەوە کە نووسەران و هاندەرانی پشت ئەو ڕاگەیاندراوەی یەکێتی، لە ڕوانگەی دۆخی باڵباڵێنی ناو خودی خۆیانەوە، دەیانەوێت وێنای پارتیمان بکەن! پارتیمان خاوەن ڕێبازێکی ڕاست و دروست و، خاوەن ڕابەر و مەرجەعێکە کە سەرۆک (مەسعود بارزانی)یە و هەموومان ڕێبورا و خەباتگێڕی ڕێبازی بارزانین و لە سایە و چەتری جەنابی سەرۆک بارزانیدا بۆ یەک ئامانج و یەک ڕێباز تێدەکۆشین.

ڕێزدار کاک مەسرور بارزانی کار و هەڵوێست و بۆچوون و سیاسەتەکانی لە حوکمڕانی و کاری سیاسیدا لە چوارچێوەی بەرنامە و هەڵوێستی پارتی دیموکراتی کوردستانە و هەر جۆرە تەجاوزێک بۆ سەر کەسێتی (مەسرور بارزانی)، بەلای پارتی و پارتییەکانەوە تەجاوزە بۆ سەر سەرجەم پارتییەکان و جەماوەی بەهەڵوێستی پارتی.

ئەوانە هێشتا پارتیان نەناسیوە و پەند لە مێژوو وەرناگرن، زۆرێک پێشتر خەونیان بەوەوە دەبینی کە پارتیش وەکو خۆیان لێ بکەن، بەڵام هەروەک چۆن پێشتر ئەو خەون و خەیاڵەیان نەهاتە دی، دڵنیایان دەکەینەوە پارتی و پارتییەکان بەهێز و باوەڕبەخۆبوونەوە ئەو خەون و خەیاڵەیان جارێکی دیکە دەخەنەوە ژێر گڵ.

پارتیمان بە هەموو هێز و توانا و جەماوەرەکەیەوە پشتیوانی هەڤاڵ مەسرور بارزانیە بۆ بەردەوامی جێبەجێکردنی سەرجەم ئەرکەکانی.

مەحمود محەمەد

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٧ـی ٨ـی ٢٠٢٤

 

 

دەقی پەیامەکەی یەکێتی؛

 

سەركەوتنە یەك لەدوای یەكەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ئاستی ناوخۆیی و عیراقی و هەرێمی و تەنانەت نێودەوڵەتیش، كە دواهەمین پرسی پارێزگای كەركوك بوو كە پاش حەوت ساڵ لە ئاستەنگ دروستكردن لەبەردەم دانانی پارێزگارێكی كوردا یەكلاییكردنەوەی ئەم پرسە لەبەرژەوەندی هەموو پێكهاتەكانی كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو شارە بە ئامانج گەیشت، لەدوای ئەم سەركەوتنەی یەكێتی وەك هەمیشە پەیامێكی راشكاوانەی بڵاوكردەوە و دەستی تەبایی و هەماهەنگی بۆ هەموو هێزەكان درێژكردەوە، تا ئەو سەركەوتنانە بكەین بە فاكتی بەهێزكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و دوورخستنەوەی مەترسیەكان لەسەر كوردستان و ئاساییكردنەوەی ناوچە دابڕاوەكان و چارەسەركردنێكی ریشەییانەی كێشەكانی هەرێم و بەغداد و هەر پرسێكی دیكە.

كەچی بەداخەوە لە پێش هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنیش بەهۆی رق و كینەی ئەستووری باڵێكی ناو پارتی كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات، زەمینە نەڕەخسا كە كورد بە تەبایی و یەكڕیزی بەشدار بێت و بە یەك تیمیش دانووستان بكات، سەرەڕای ئەوانەش باڵی دەستڕۆیشتوو و خۆسەپێنی ناو پارتی، نەك پێشوازی لەم نیازپاكیەی یەكێتی نەكردوە، بەڵكو بە رق و كینەیەكی ئەستوورەوە لەرێگەی میدیای فەرمی و سێبەرەوە رۆژانە پەلاماری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەدات و كۆمەڵێك تۆمەتی نابەجێ و پڕ لە درۆ هەڵدەبەستێت و دەخاتە پاڵ یەكێتی، هەر بەوەش نەوەستان، بەڵكو لە دوێنێوە بابەتی جوڵەپێكردنی هێزێكی حەشدی شەعبی لە دەڤەری كوڵەجۆی گەرمیان كراوەتە كەرەستەیەكی دیكەی تۆمەت هەڵبەستن و ئەمجارە بە فەرمانی راستەوخۆی مەسرور بارزانی، میدیای ئەو باڵە خۆسەپێن و شكستخواردووە پەیامێكی چەواشەكارانە كە دوورە لە هەر ئاكارێكی میدیایی و سیاسی و كۆمەڵایەتی بڵاودەكەنەوە، كە گوایە ئەو هێزەی حەشد بە رێككەوتنی پێشوەختە لەگەڵ یەكێتی و بە ئاگاداری سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هاتوون، هەرچەندە هەر زوو چەواشەكارییەكەیان بوو  بە بڵقی سەر ئاو و ریسی درۆیان بوو بە خوری، چونكە هەر زوو یەكێتی پەیامێكی راشكاوانە و بەرپرسانەی بڵاوكردەوە و تێیدا رایگەیاند كە نە ئاگاداری هاتنی هێزەكەی حەشدین و نە قبوڵی دەكەین بمێَننەوە، پاشانیش بە هەوڵ و دیپلۆماسیەتی یەكێتی هێزەكە پاشەكشەی كرد، هەر زووش لێداونەكەی حەشدی شەعبی خۆیان، كە دوپاتیان كردەوە هاتنەكەیان پەیوەست بووە بە زانیارییەكی هەواڵگریی بۆ كێوماڵكردنی چەكدارانی تیرۆرستی داعش، تەنها مایەپوچی بۆ میدیای درۆی ئەم باڵە هێشتەوە.

ئەوەی لە هەمووی ناخۆشترە ئەوەیە كە هاوكات لەگەڵ ئەم چەواشەكارییانەی ئەوان لەسەر جوڵەی هێزێكی حەشدی شەعبی، ئاگرێكی بێ ئامان لە دەڤەری بەرواری باڵا لە بادینان تەڕ و ووشكی چوار گوندەكەی سوتاند و لە پاڵ كارەساتە ژینگەیی و سروشتیەكەی ناوچەكە خەریك بوو هاوڵاتیانی ئەو گوندانە هاوشێوەی رەز و باخیان ببنە قوربانی و كارەساتێكی مرۆییش رووبدات.

بۆیە ئەگەر راستە مەسرور بارزانی و میدیا چەواشەكارەكەی خەمی هاوڵاتیان و خاكی كوردستانیان هەیە، دەبوایە لە جیاتی پەیامی چەواشەكاریی و ئەو هات و هاوارە لەسەر كوڵەجۆی دەڤەری گەرمیان، پەیامێكی كورتیان هەبووایە و تێیدا داوای یارمەتی و بەهاناوەچوونی لە خەڵكی كوردستان كردبایە، بەتایبەتی خەڵكی دەڤەری بادینان كە بەهانای هاوڵاتیانی ئەو گوندانەوە بچن و ژیانیان لە مەترسی رزگار بكەن، ئەوكاتە بەدڵنیاییەوە دڵسۆزان و خێرخوازانی دەڤەری بادینان بە هانای خەڵكە لێقەوماوەكە دەچوون و ئەو زیانە زۆرە بەر گوندەكانیان نەدەكەوت و ئاوارەی شوێنەكانی دیكە نەدەبوون، كەچی لەسەر ئەم روداوە دڵتەزێنە مێش میوانیان نەبوو.

بۆیە ئێمە رایدەگەیەنین كە پشوو درێژیمان بەرامبەر رق و كینەو چەواشەكارییەكانی ئەم باڵە شەرەنگیزییەی ناو پارتی سنووری خۆی هەیە و لێرە بەدواوە بێدەنگی دەشكێنین نەك هەر وەڵامی چەواشەكارییەكانیان دەدەینەوە، بەڵكو هەموو ئەو راستیانە دەخەینەڕوو، كە مەسرور بارزانی هۆكاری تێكچوونی دۆخی سیاسی و ئەمنی ‌و حكومڕانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕێنراوەكانە و لەو ساتەوەختەوەی دەسەڵاتی گرتۆتەدەست دەستكەوتەكانی هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ كەوتونەتە مەترسیەوە و تەنانەت شیرازەی ناوخۆیی پارتیشی تێكداوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی ناوچە دابڕێنراوەكان هەر ئەوە دەیسەلمێنێت، كە بەهۆی سیاسەتی تاكڕەوانەی مەسرور بارزانیەوە حزبەكەیان خەریكە دەبێتە حزبێكی لۆكاڵی.

لەلایەكی دیكەوە ئەگەر مەرامێكی دیكەی باڵە خۆسەپێنەکەی ناو پارتی لە خوڵقاندنی كەشێكی ناسەقامگیری  سیاسی و میدیای لە هەولێر  بۆ ئەو مەرامە بێت، كە جارێكی دیكە بە خەیاڵی خۆی هەڵبژاردن دوابخرێت و لەسەر كورسی حوكم بمێنێتەوە، ئەوە ئێمە دژی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانین و دەبێ تاڵاوی ئەو شكستە بچێژن زوو بێ یا درەنگ، دوا پەیامیشمان ئەوەیە كە ئەوەی ماڵی لەشووشە بێت باشترە بەرد نەگرێتە قەڵایەكی پۆڵاین.

 

سەرچاوەیێک لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

٢٦/٨/٢٠٢٤

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...