ئابووریهه‌واڵ

ڕێباز حەملان: چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لە کۆتا ڕۆژەکانیەتی و یەکلا دەبێتەوە

ڕێباز حەملان بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق، ئاشکرای دەکات، بەغدا قۆناغ بە قۆناغ پیلانگێڕی لە دژی هەرێمی کوردستان دەگێڕێت، بەڵام زۆر پێشتر کە ئەو باسی ئەو پیلانانەی کردووە، هەندێک بەرپرسی باڵای کورد لە حکوومەتی عێراق، لەپێناو ئەوەی بەرژەوەندییە تایبەتەکانیان لێ تێکنەچێت، نکوڵیان لەو پیلانانە کردووە.

 

ڕێباز حەملان، لە هەماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاند، “چارەسەرکردنی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم لە کۆتا ڕۆژەکانیەتی و یەکلا دەبێتەوە”.

 

حەملان بە ئاماژەدان بە مشتومڕێکی توند کە دەگوترێت لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەنێوان هەریەک لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و د. فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر پرسی مووچە و بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ڕوویداوە، باس لەوە دەکات کە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، لە ڕێگەی نامەیەکی دوور و درێژ و بەوردەکارییەوە، سەرکردایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگەدار کردووەوە و زانیاری و بەڵگەنامەی پێویستی پێشکەش کردوون و ڕوونیکردووەتەوە کە ئەم پێشهاتانە ڕوودەدەن.

 

حەملان ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە نامەکەدا، ئاماژەی بە “نیەتی خراپ”ی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان کردووە، “ئەگەر ئەم بابەتەیان بۆ بچێتەر، قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێی دەکەن”.

 

زیاتر دەڵێ: “من چەند مانگێك لە بەغدا بووم، پیلان و عەقڵیەتی ئەوانم خوێندەوە كە نیەتیان چییە بەرانبەر بە هەرێم و دەستكەوتەكانی، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی وەزیرە کوردەکان لە بەغدا و بەشێک لە سەرۆکی کوتلە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران بە وردی ئەم دۆخەی ئێستام بۆ باسکردن کە ڕوودەدات”.

 

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوە دەکات: “ئەو کاتەی من باسم لەم پیلانانە کرد کە دژی هەرێم بەڕێوەیە، هەندێک بەرپرسی باڵای کورد لە حکوومەتی بەغدا و هەندێک پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا، لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کە لێیان تێکنەچێت، پێچەوانەی من قسەیان کرد”.

 

ئەو، ڕوونی دەکاتەوە، ئەوەی ئێستا لە بەغداوە بەرانبەر بە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، سێ هۆکاری هەیە:

 

یەکەم؛ پیلانێکی سیاسی زاڵمانەیە و بڕیارێکی نادەستووری و نادادییە.

 

دووەم؛ بانگەشەی پێشوەختەی لایەنەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

 

سێیەم: دەستی هەندێک کەس و لایەنی ناوخۆیی ناو هەرێمە، کە بەردەوام جێبەجێکاری پیلانەکانی هەندێک لایەنی شۆڤێنی عێراقین لە هەرێم.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button