هه‌واڵ

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و هاکان فیدان ڕاگەیەنرا

زێدپرێس

ئەمڕۆ پێنجشەم ٢٤ی ئابی ٢٠٢٣، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە. دوابەدوای کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

لە سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە گەرمی بەخێرهاتنی هاکان فیدانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، “هاتنی فیدان و شاندی یاوەری، ئاماژەیە بە گرنگی پەیوەندی نێوانمان”.

مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، “لە کۆبوونەوەکەدا، باسمان لە چۆنیەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بتوانین بەپێی ئەو مافە دەستورییانەی هەرێمی کوردستان هەیەتی و بتوانین لەگەڵ حکوومەتی فیدڕاڵیش ئەم کێشەیە بەجۆرێک چارەسەر بکەین، کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدا بێت”.

سەرۆکوەزیرانی هەرێم، لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، ئاماژەی بە قسەکردن لەسەر بابەتی ئەمنیەت و ئاسایشی ناوچەکە کرد و گوتی “ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان بەپێی دەستور مافی خۆی جێبەجێ دەکات، کە نابێت ببێتە شوێنێک بۆ ناسەقامگیری وڵاتانی دراوسێ و هیوادارین پەیوەندی نێوانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بتوانین ڕووبەڕووی هەموو جۆرە تیرۆرێک و هەموو جۆرە ناخۆشییەک ببینەوە، کە لە ناوچەکەدا هەیە”.

وەک مەسرور بارزانی باسی کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، لەڕووی ئابووریشەوە باسوخواس کراوە، “لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی ئابووری هەردوولا، کە لە بەرژەوەندیماندا بێت و بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی کە ئێستایش هەن، چارەسەر بکرێت”، مەسرور بارزانی وای گوت.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، قسەی کرد. ئاماژەی بەوە کرد، وەک وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدای کردووە و ئەمڕۆیش لە هەولێرە.

فیدان باسی لەوە کرد، “تورکیا لەگەڵ عێراق پەیوەندییەکی داینامیکی هەیە و بەرەو پێش دەچێت، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ بەغدا و هەولێر، هەموو کاتێک و لە هەر زەمینەیەکدا گرنگی خۆی هەیە”.

ئەو، یەکەمجار ئاماژەی بە دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا کرد و گوتی “لەکاتی سەردانەکەم بۆ بەغدا پرسی زۆر گرنگ لە ڕۆژەڤدا بوون، بە نموونە، پرسی بازرگانی، گەشەپێدان، ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی ئاو، هەروەها پرسی دووبارە بونیادنانەوەی عێراق و پڕۆژەکانی ژێرخان”. زیاتر گوتی “لەگەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆکوەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوومەوە و دیدارمان سازکرد، لە بەغدا لەگەڵ لایەنە سیاسییە پێکهێنەرەکانی حکوومەت کۆبووینەوە و لەگەڵ ئەوانیشدا ئاماژەمان بە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا و هەموو ئەو پرسانەی کە لە عێراق هەیە، قسەیان لەسەر کرا”.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ڕوونی کردەوە، “ئەمڕۆیش لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە، کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵی و هەروەها کۆبوونەوەی شاندەکان بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکاندا ئاماژەمان بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پرسی وزە، بازرگانی و چەندین بابەتی دیکە خرانە بەرباس و قسە لەسەرکردنەوە”.

هاکان فیدان ئاماژەی بەوەش کرد “وەک دەزانن لە قۆناغی دۆخی ناهەمواری عێراقدا، هەولێر هەمیشە پارێزگایەکی سەقامگیر و ئارام بووە، ئێمە ئەو سەقامگیری و ئاسایش و بەرەوپێشچوونەی ئابووری بەگرنگ دەزانین، بۆ بەردەوامبوونی ئەوە، هەموو جۆرە هاوکاری و پاڵپشتییەکیان پێشکەش دەکەین و ئامادەین، بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، سوپاسیان دەکەین کە ئەو هاریکارییەیان پێشکەشی تورکیا کردووە و لێرەوە سوپاسیان دەکەم بۆ ڕزگاربوون لە بەڵای تیرۆر، کاری زۆر هەیە بیکەین”.

هاکان فیدان لە درێژەی قسەکانیدا، گوتی “خۆتان دەزانین لە تورکیاش، بەشێوەیەکی ڕەها توانیومانە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین، ئێستا ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە خۆی لە خاکی عێراق حەشارداوە و پشت بە خوا ئەم ڤایرۆسە لە عێراق دووردەخەینەوە”. فیدان بە پێداگیرییەوە گوتی “لەگەڵ حکوومەتی عێراق و بەهەمان شێوە لەگەڵ هەولێر، جددین لەسەر پاککردنەوەی خاکی عێراق لە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان و هەموو پاڵپشتییەکیشیان پێشکەش دەکەین”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...