
دڵشاد موانی
وردەکاریی ڕێککەوتنە نوێیەکە؛ هەنگاوێک بەرەو پێشەوە
ڕێککەوتنەکە لەسەر میکانیزمێکی کرداری و ڕوون دامەزراوە:
پەنجا هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ بەکارهێنانی ناوخۆی هەرێم تەرخان دەکرێت، بۆ دابینکردنی پێداویستیی پاڵاوگەکان و وێستگەکانی کارەبا.
ئەوەی دەمێنێتەوە لە بەرهەمی نەوت، بە شێوەیەکی فەرمی بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تەرخان دەکرێت بۆ هەناردەکردن.
بۆ دڵنیابوون لە شەفافیەت، ڕێککەوتن لەسەر ئەوەش کراوە کە پڕۆسەی گواستنەوەی نەوتەکە بە وردی چاودێری بکرێت، لە خاڵی سنووریی پێشخابوورەوە تا دەگاتە کۆگاکانی سۆمۆ لە بەندەری جەیهان. وەزیری نەوتی عێراقیش ڕایگەیاند کە چاوەڕوان دەکرێت هەناردەکردن بە بڕی سەرەتایی هەشتا هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەست پێبکاتەوە.
گرێکوێرەی یەکەم: کلیلەکە لای ئەنقەرەیە
سەرەڕای ئەم ڕێککەوتنە گرنگە، بۆڕیی نەوتی عێراق-تورکیا هێشتا داخراوە. کردنەوەی بۆڕییەکە و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، بەندە بە ڕەزامەندیی دەوڵەتی تورکیاوە. ئەنقەرە دەیەوێت پێش کردنەوەی بۆڕییەکە، بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێ و گشتگیر لەگەڵ بەغدا کە چارەسەری کێشە یاساییەکانی خولی دووەمی دادگای پاریس و داهاتووی بۆڕییەکە بکات. بۆیە، تا ئەو کاتەی ئەنقەرە ڕەزامەندی نەدات، نەوت هەناردە ناکرێتەوە، هەرچەندە سەرچاوەکان لە کەرتی پیشەسازیی نەوتدا ئاماژە بەوە دەکەن کە تا ئێستا هیچ نیشانەیەکی کرداری بۆ ئامادەکاریی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە جەیهان بەدی ناکرێت.
گرێکوێرەی دووەم: پرسیاری ٨٠ هەزار بەرمیلەکە، کێ نەوتەکە دابین دەکات و بە چ نرخێک؟
ئەمە جەوهەریترین و ئاڵۆزترین بەشی هاوکێشەکەیە. ئایا ئەو ٨٠ هەزار بەرمیلە، بەرهەمی ئەو کۆمپانیا بیانییانەیە کە لەژێر چەتری “ئەپیکور”دا کۆبوونەتەوە؟
وەڵامەکە بە ئەگەری زۆرەوە نەخێرە. تا ئێستا، هیچ نیشانەیەک نییە کە گرووپی “ئەپیکور”، کە نزیکەی لەسەدا ٦٠ی نەوتی هەرێم بەرهەم دەهێنن، ڕەزامەندییان لەسەر ئەم ڕێککەوتنە دابێت. هەڵوێستی ئەوان نەگۆڕە و داوای ڕێزگرتن لە گرێبەستەکانیان، گەرەنتیی پارەدان، و دانەوەی قەرزەکانیان دەکەن.
کەواتە، ئەگەر نەوتەکە هیی ئەوان نییە، سەرچاوەکەی کوێیە؟
بە ئەگەری زۆرەوە، ئەو ٨٠ هەزار بەرمیلە لەلایەن یاریزانە بێدەنگەکانەوە دابین دەکرێت؛ واتە ئەو کۆمپانیایانەی کە لە دەرەوەی گرووپی “ئەپیکور”ن. دیارترینیان کارگرووپ (KAR Group)ە، کە وەک کۆمپانیایەکی ناوخۆیی، ڕەنگە نەرمی و ئامادەیی زیاتری هەبێت بۆ هاوکاریکردنی حکوومەتی هەرێم لەم قۆناغە هەستیارەدا.
گرێکوێرەی نرخ: تێچووی هەر بەرمیلێک چەندە؟
تا ئێستا بە فەرمی هیچ نرخێک بۆ تێچووی بەرهەمهێنانی ئەو ٨٠ هەزار بەرمیلە دیاری نەکراوە. ڕاستە بەغدا پێشتر پێشنیاری ١٦ دۆلاری بۆ هەر بەرمیلێک کردووە، هەروەها هەولێر و بەغدا لەسەر دەستنیشانکردنی کۆمپانیای “وود ماکێنزی” ڕێککەوتوون بۆ هەڵسەنگاندی نرخی تێچوو بەتایبەتی بۆ کۆمپانیاکانی گرووپی ئەپیکۆر، بەڵام کاری ئەو کۆمپانیایە هێشتا کاتی دەوێت. بۆیە، ڕەنگە حکوومەتی هەرێم و ئەو کۆمپانیایانەی نەوتەکە دابین دەکەن، ڕێککەوتنێکی ناوخۆیی و کاتییان کردبێت، تا دواتر و دوای دەرچوونی ڕاپۆرتەکەی “وود ماکێنزی”، حیساباتی دارایی نێوانیان یەکلایی بکەنەوە.
کۆتایی: هەنگاوێکی بچووک و هەستیار بەرەو داهاتوویەکی نادیار
دابینکردنی ئەم ٨٠ هەزار بەرمیلە، زیاتر لە هەنگاوێکی سیاسیی “نیەتپاکی” دەچێت لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە، بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ ڕێککەوتنی گەورەتر خۆش بکات. بەڵام ئەمە چارەسەرێکی بنەڕەتی و درێژخایەن نییە.
کێشە ڕاستەقینەکە کاتێک دەست پێدەکات کە بەغدا داوای بڕێکی زیاتر بکات (بۆ نموونە ٢٣٠ هەزار بەرمیل)، چونکە ئەو کاتە حکوومەتی هەرێم ناچار دەبێت بگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیاکانی “ئەپیکور”. ئەوانیش بەبێ جێبەجێکردنی مەرجەکانیان، ئامادەی هیچ هاوکارییەک نابن. بۆیە، ئەم ڕێککەوتنە سەرەتایەکی گرنگە، بەڵام هێشتا ڕێگەیەکی دوور و پڕ لە ئاستەنگ لەپێشە، و سەرکەوتنی کۆتایی، بەندە بە دانوستانەکانی داهاتووی نێوان بەغدا، ئەنقەرە، و کۆمپانیا نەوتییەکانەوە.



