ئابووریكۆمه‌ڵایه‌تی
ئاراستەکان

لە ١٠ ڕۆژدا یەک ملیۆن دەرچووی زانکۆ فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە

زێدپرێس

 

وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ٥٠ هەزار هەلی کاری ڕاگەیاند، بۆ دامەزراندنی وانەبێژان بە گرێبەست لە ١٥ پارێزگای عێراقدا. تەنیا لەماوەی ١٠ ڕۆژدا، یەک ملیۆن دەرچووی زانکۆ فۆڕمی دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە.

 

دامەزراندنی وانەبێژان

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ٥٠ هەزار هەلی دامەزراندنی بەگرێبەست بۆ خاوەن بڕوانامەکانی بەکالۆریۆس و دبلۆم ڕاگەیاندووە.

 

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەر پارێزگایەکی عێراق ڕێژەیەکی دامەزراندنی وانەبێژانی بۆ دیاریکراوە. پڕۆسەکە تەنیا ١٥ پارێزگای عێراق، بەبێ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

 

لەکۆی ٥٠ هەزار وانەبێژ، کە بڕیارە بەگرێبەست دابمەزرێنرێن، ٣٧ هەزاریان بۆ ٧ پارێزگا دەبن؛ نەجەف ٦ هەزار، موسەنا ٦ هەزار، کەربەلا ٦ هەزار، سەلاحەدین ٦ هەزار، میسان ٦ هەزار و بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی زیقاڕ و نەینەوایش ٣٥٠٠ وانەبێژ دادەمەزرێن.

 

١٣ هەزار هەلی دیکەی دامەزراندنی وانەبێژان، بەسەر ٨ پارێزگاکەی دیکە دابەشکراون.

 

یەک ملیۆن داواکاری لە ١٠ ڕۆژدا

کەریم ئەلسەید گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لەماوەی تەنیا ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا و لەڕێگەی فۆڕمی ئەلیکترۆنییەوە داواکاری دامەزراندنیان پڕکردووەتەوە، یەک ملیۆن داواکاری تێپەڕاندووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەت بڕیاریدا هەفتەی داهاتوو لە ڕۆژی یەکشەم ١٠ی مانگەوە تا ڕۆژی پێنجشەم ١٤ی ئەیلوول لینکی فۆڕمەکە بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دەرفەتێک بدرێت بەو کەسانەی لە ماوەی پێشوودا نەیانتوانیوە فۆڕمەکانیان تەواو بکەن”.

 

چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی داواکاران زیاتر بەرزببێتەوە، بەڵام لە ئێستاوە ژمارەی زۆری ئەو دەرچووانەی زانکۆ و پەیمانگاکان کە داواکارییان پێشکەش کردووە، نیشاندەرێکی بەهێزە لە هەڵکشانی ڕێژەی بێکاری لە عێراق و بەدیاریکراوی لە گرووپەکانی خاوەن بڕوانامەدا.

دامەزراندنی ٥٠ هەزار کەس لە سێکتەری پەروەردەدا و بەشێوەی گرێبەست، هێشتا ناتوانێت قەیرانی بێکاری لە ڕیزی گەنجانی خاوەن بڕوانامەدا تێپەڕ بکات، سەدان هەزار دەرچووی دانەمەزراو لە عێراقدا هەن.

 

پێشخەری دامەزراندن بە چەند گرووپێک دەدرێت

لەگەڵ ڕاگەیاندنی هەلی دامەزراندنەکەدا، هێشتا گرفتێکی دیکە لەبەردەم دەرچووانی دانەمەزراودا هەیە؛ پێوەرەکانی دامەزراندن هەندێک پێشخەری بە چەند گرووپێکی دیاریکراو دەدەن. لانیکەم ٢٥٪ی هەلی دامەزراندنەکە بۆ ئەندامانی بنەماڵەی “شەهیدان بەگشتی و شەهیدانی حەشدی شەعبی و هەروەها قوربانیانی تیرۆر دەبێت”.

 

جیاوکێک بۆ ئەم گرووپانە هەیە؛

  • بنەماڵەی شەهیدان و شەهیدانی حەشدی شەعبی ١٥٪ی کورسییەکانیان بۆ تەرخانکراوە.
  • قوربانیانی تیرۆر ١٠٪ی کورسییەکان.
  • خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان ٥٪ی کورسییەکان.
  • کەمینەکان ٢٪ی کورسییەکان.

 

پێوەرەکانی هەڵبژاردن

هەڵبژاردن و وەرگرتن لە کێبڕکێی دامەزراندنەکە، پشت بە کۆمەڵێک پێوەری دیاریکراو دەبەستێت، داواکار بە پڕۆسەی تاقیکردنەوەی نووسراو و زارەکیدا تێپەڕ دەبێت. بەڵام خاڵی زیادە بۆ هەندێک لە داواکاران هەژمار دەکرێت، لەسەر بنەمای ساڵانی خزمەت و باری خێزانی و هەبوونی منداڵ و چەند تایبەتمەندییەکی دیکە.

 

  • داواکارێکی خێزاندار کە هاوسەرەکەی دامەزراو نییە و منداڵی هەیە، ١٠ خاڵی زیادە وەردەگرێت.
  • داواکارێکی خێزاندار کە هاوسەرەکەی دامەزراو نییە و منداڵی نییە، ٥ خاڵی زیادە وەردەگرێت.
  • داواکارانی سینگڵ یان هاوسەردار ٢ خاڵی زیادە وەردەگرن.

 

مووچە و دەرماڵە

ئەو وانەبێژانەی گرێبەستی دامەزراندنیان لەگەڵ دەکرێت، بە مووچەی مانگانەی ٣٠٠ هەزار دینار دادەمەزرێنرێن، جگە لە دەرماڵەکانیان و هەروەها بیمەی تەندروستی و کۆمەڵایەتییان بۆ تەرخان دەکرێت. وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەڵێ، دامەزراوان مافی خانەنشینبوونیان هەیە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکە.

 

پێوەست بە مووچەی وانەبێژەکان، ئەوەی ئاشکراکراوە، ٣٠٠ هەزار دینار مووچەی بنەڕەتییە و ڕوون نییە بڕی دەرماڵەکانی دیکەی زیادکراو چەند دەبێت.

 

بێکاری لە ناو گەنجاندا

بەگوێرەی دووایین ئامار، کە لەلایەن ناوەندی ئامار و سەرژمێری عێراق و بە هاوکاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار بۆ ساڵی ٢٠٢٢ ئەنجامدراوە، ڕێژەی بێکاری لە عێراق ١٦.٥٪ە، لەناو هێزی چالاکی ئابووری کە گرووپەکانی تەمەن ١٨ تا ٦٧ ساڵ دەگرێتەوە. ئەوەش بەرزبوونەوەیەکە بۆ نزیکەی دوو هێندە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٠ەوە، لەکاتێکدا ئەوساڵە ڕێژەی بێکاری لە عێراق بە ٨.٣٤٪ دەستنیشانکرا بوو.

 

ڕێژەکە تەنیا ژمارەی ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کە لە ناو هێزی کاردان؛ بێکارن و هەروەها بەدوای کاردا دەگەڕێن و کاریان دەست ناکەوێت. نەک گرووپەکانی قوتابیان یان ژنانی ماڵەوە، یان بەگشتی ئەوانەی خوازیاری کارێک نین، واتە بەدوای کاردا ناگەڕێن.

 

بەگوێرەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجانی تەمەن ١٨-٣٥ ساڵ نزیکەی ٢٢٪ دەبێت. لەکاتێکدا بەگوێرەی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی ڕێژەی بێکاری لەناو گەنجانی تەمەن ١٥-٢٥ ساڵ لە عێراق بۆ ساڵی ڕابردوو لە ٣٤٪ زیاترە. ئەوانە، ئەو گەنجانەن کە بێکارن و بەدوای کاردا دەگەڕێن.

 

بەشێکی گرفتەکە بۆ نەبوونی پلانی دامەزراندن و بەگەڕخستنی دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەگەڕێتەوە.

 

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی پلاندانان، ساڵانە لە نێوان ١٤٠ تا ١٥٠ هەزار دەرچوو زانکۆ و پەیمانگا لە عێراق تەواو دەکەن، کە دەرفەتی دامەزراندنیان لەناو وەزارەتەکانی دەوڵەتدا نییە.

 

عەبدولزەهرا هنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان دەڵێ، “ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتە ١٦.٥٪، ئەوەش بەرزبوونەوەیە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، لەکاتێکدا ڕێژەی بێکاری لە ساڵی ٢٠١٨دا، تەنیا ١٤٪ بوو”.

 

لەگەڵ هەڵکشانی زیاتری ڕێژەکانی بێکاری، بەتایبەت لەناو گرووپی گەنجاندا، لە بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، هەوڵدراوە سەدان هەزار کەس لە ڕیزەکانی هێزە چەکدارەکاندا دابمەزرێنرێن، لەناویاندا سوپا و حەشدی شەعبی، لەکاتێکدا بێکاری داپۆشراو وەزارەتەکانی عێراقی داپۆشیوە.

 

بەگوێرەی گوتەبێژەکەی وەزارەتی پلاندانی عێراق، تا نیسانی ئەمساڵ، ٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار فەرمانبەر لە چوارچێوەی پلاتفۆڕمی دیجیتاڵیدا تۆمار کراون و پڕۆسەکە هێشتا بەردەوامە، “ژمارەی فەرمانبەران لەوە زیاترن، بەڵام هێشتا تۆمار نەکراون”، گوتەبێژەکە وای گوت.

 

ژمارەی دامەزراوانی کەرتی گشتی لە دەوڵەتی عێراق ڕێژەی نزیکەی ١٣٪ی دانیشتووانی عێراق دەکات، ئەوەش ژمارەیەکی خەیاڵی و بەرزە، بەراورد بە وڵاتانی دیکە.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق، ناوی یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار گەنجی تۆمار کردووە، کە بێکارن و بەدوای کاردا دەگەڕێن. هەموو ئەوانە، هەڵگری بڕوانامەن.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button