ئابووریشرۆڤه‌

وه‌رزی پێنجه‌م

به‌ركوڵێك له‌باره‌ی پرسی ئه‌مجاره‌ی مووچه‌وه‌

چه‌ند ساڵێكه‌ ئێمه‌ جگه‌ له‌ چوار وه‌رزه‌كه‌ی ساڵ وه‌رزێكی تریشمان هه‌یه، وه‌رزێكی كورت و كاتی و ناوه‌خت‌ كه‌ ناوبه‌ناو دێت و خۆی ده‌خزێنێته‌ ناو ژیانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونیمانه‌وه‌؛ تاوێك ده‌مێنێته‌وه‌ و سه‌رقاڵ و سه‌رگه‌رممان ده‌كات و پاشان تێی ده‌قووچێنێت و ده‌ڕوات.

 

وه‌رزێك كه‌ له‌بری خه‌سڵه‌ته‌ سروشتییه‌كان به‌ خه‌سڵه‌ته‌ سیاسی و سۆزداری و خرۆشانئامێزه‌كه‌ی ده‌ناسرێته‌وه‌، وه‌رزێكی ڕوواڵه‌تی و خه‌ڵه‌تێنه‌ر و ماوه‌ كورت كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌یشتنیدا هه‌گبه‌  پڕ له‌ سه‌رچۆپییه‌كه‌ی واڵا ده‌كات و چۆپییه‌كان ده‌داته‌‌ ده‌ستی ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێی چه‌قه‌نه‌یه‌كن بۆ ئه‌وه‌ی بێنه‌ هه‌له‌كه‌سه‌ما.

ئه‌م وه‌رزه‌ هه‌ندێک جار له‌گه‌ڵ هاتنیدا ئاهێكی كاتی و ساخته ‌و درۆینه‌ ده‌كاته‌وه‌ به‌دڵی ئه‌و مرۆڤه‌ خاوێن و مافخوراوانه‌یشدا كه‌ ڕۆژگار و حكومڕانیی خراپ و ناكۆكی و سیاسه‌تی هه‌لپه‌رستانه‌ی حزبه‌كان و تاڵاوی ده‌ستی گه‌نده‌ڵكاران وای لێی كردوون هه‌موو تارمایی و تراویلكه‌یه‌كیان لێ ببێت به‌ فریادڕه‌س.

ئه‌مجاره‌یان به‌هۆی بڕیاره‌كانی سێ ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ری دادگای فیدڕاڵیی عێراقه‌وه‌ هاتووه‌ته‌وه ‌و له‌گه‌ڵ هاتنیدا و وه‌ك هه‌موو جارێك هه‌ندێكی سه‌رگه‌رمی شایلۆغان و هه‌ندێكیشی سه‌رقاڵی مشتومڕی خۆبه‌خاوه‌نكردنی ده‌ستكه‌وتی هێنانی كردووه‌.

هه‌رچه‌نده‌ مرۆڤ ده‌ستودڵی ناگرێت قسه‌یه‌ك بكات، کە ئه‌و دڵخۆشییه‌ كاتییه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌ تێكبدات، به‌ڵام به‌جێهێشتنیشیان له‌ ناو خه‌ڵوه‌تی هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندندا جۆرێكه‌ له‌ كه‌مته‌رخه‌می و ‌تاوان.

ماوه‌یه‌كه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و هاوڕێیانی ڕاگه‌یاندنكار له ‌گه‌وره‌یی خۆیانه‌وه‌ ڕووی ڕێزم لێده‌نێن و داوای چاوپێكه‌وتن و لێدوانم لێ ده‌كه‌ن له‌سه‌ر پرسی مووچه‌ و بودجه‌، به‌ڵام من‌ له‌به‌ر سه‌رقاڵیی دیکەی خۆم و له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌ی سه‌ره‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ست ده‌كه‌م قسه‌كردن سوودی ئه‌وتۆی نییه،‌ ده‌ستم ناوه‌ به‌ڕوویانه‌وه‌، لێره‌وه‌ جارێكی تر داوای لێبوردنیان لێ ده‌كه‌م.

به‌ڵام خۆ گۆڕه‌پانه‌كه‌ نه‌ك هه‌ر چۆڵ نییه،‌ به‌ڵكو ئه‌وه‌نده‌ قه‌ره‌‌باڵغه‌، کە پێم سه‌یره‌ هێشتا جێگه‌ی كه‌سانی وه‌ك ئێمه‌ی تێدا ماوه‌!

هیچ سه‌یریش نییه‌ كه‌ له‌وڵاتی ئێمه‌دا هه‌موو كه‌سێك ده‌ستبداته‌ شرۆڤه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ و هه‌ر بابه‌تێكی دیکە، وه‌ك ده‌بینین به‌ سیاسی و ڕاگه‌یاندنكار و پیاوانی ئایینی و وه‌رزشوان و گۆرانیبێژانه‌وه‌ به‌رده‌وام خه‌ریكی شه‌نوكه‌وكردنی بابه‌ته‌كه‌ن و میدیا و سۆشیاڵ میدیا ته‌ژی بووه‌ له‌ شرۆڤه‌ی بابه‌ته‌كه‌‌ له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ی كه‌ هیچ سه‌روبه‌رێكی لێ ده‌رناكه‌ن.

ئه‌مه‌ سه‌یر نییه‌، چونكه‌ هێشتا له‌وڵاتی ئێمه‌دا زۆرینه‌ پێیان وا نییه‌ كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ قوڵایی زانستی و هونه‌ری و پراكتیكی هه‌یه‌ و وه‌ك هه‌ر بابه‌تێكی تری زانستی پێویستی به‌قاڵبوونه‌وه‌ی تیۆری و موماره‌سه‌ی پراكتیكی هه‌یه‌، به‌ڵكو واده‌زانن هه‌ر كه‌سێك توانی دوو ژماره‌ كۆبكاته‌وه‌ یان ده‌قی یاسایه‌ك بخوێنیته‌وه‌ ئیدی پسپۆڕی بابه‌ته‌كه‌یه ‌و ده‌بێت شیكاری و پێشبینی بۆ بكات.

من به‌شبه‌حاڵی خۆم كه‌مێك له‌و بابه‌ته‌ ده‌زانم، به‌ڵام مه‌گه‌ر خودا بۆ خۆی بزانێت كه‌ ڕۆژانه‌ چه‌ند له ‌دڵه‌وه‌ نیگه‌ران و هه‌راسان ده‌بم به‌ هه‌ندێک له‌ شرۆڤه‌ و لێكدانه‌وه‌ی به‌شێك له‌و حه‌شاماته‌ ناحاڵییه‌ی به‌ربوونه‌ته‌ سه‌روپۆته‌ڵاكی بابه‌ته‌كه‌.

نامه‌وێت ئێستا‌ شتێكی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ورده‌كارییه‌كانی پرسی ئه‌مجارەی مووچە‌ بڵێم.

ته‌نیا ده‌مه‌وێ بڵێم ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ دراوه‌ نه‌ له‌ ناسینی هۆكاری كێشەكە‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ و نه‌ چاره‌سه‌رێكی دروستیشه‌ بۆ كێشه‌كه‌؛ ده‌یان كۆسپی سیاسی و ئابووری و دارایی و كارگێڕیش له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنیدا هەن.

ئه‌‌گه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ خواست و ویستێك هه‌یه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ و، هه‌روه‌ها به‌هۆی هێزی بڕیاره‌كه‌ی دادگه‌ی فیدڕاڵییه‌وه‌ باز به‌سه‌ر گرفته‌ كارگێڕی و ژمێریاری و ته‌كنیكییه‌كانیشدا بدرێت كه‌ ئاسانیش نییه‌، ئه‌وا هێشتا ئه‌وه‌نده‌ گرفتی سیاسی و دارایی و ئابووری له‌به‌رده‌میدان، كه‌ بابه‌ته‌كه‌ وه‌ك جۆرێك له‌ مه‌حاڵ لێ بكه‌ن، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ به‌و جۆره‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت بابه‌ته‌كه‌ به‌ سوودی هه‌موو مووچه‌خۆران و هه‌رێم به‌گشتی جێبه‌جێ بكرێت.

ده‌نا ئه‌گه‌ره‌ زۆره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ نیوه‌ناچڵی و به‌ گرێوگۆڵ و كه‌موكوڕی و كێشه‌ی زۆره‌وه‌ له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا هه‌وڵ بدرێت بۆ جێبه‌جێكردنی یان له‌باشترین حاڵه‌ت بۆ چه‌ند مانگێكی كه‌م جێبه‌جێ بكرێت.

جیهانگیر سەدیق گوڵپی

پسپۆڕی ئابوری و دارایی گشتی

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...