کاتێک لاهور پەیدا دەبێت، خۆبەخۆیی کاری بۆ دروستکردنی هەمان هەرەم دەکرد، بەڵام ئەو تەنیا کوتلەکانی نەدەسڕیەوە؛ بەڵکوو بافڵ تاڵەبانیشی بەهەمان ئەو شێوەیە پەراوێز دەخست، کە خۆی پێ پەراوێز خرا لاهور تاخیر بوو، بافڵ زوو فریای خۆی کەوت، بە گڵۆپی سەوزی هێزە ئیقلیمییەکان.
دوای دەرکردنی لاهور پڕۆسەی بنیاتنانی “تاكڕەوی” بافڵ دەستی پێکرد. ئەم تاكڕەوییە، بۆ ئەوەی ببێت بە هەرەم، پێویستی بەوە بوو لە ڕووی مەعنەوییەوە هەموو ئەو کۆسپانە لابدات کە “یەکێتی”ی بافڵ دەبەستێتەوە بە دەم و چاوەکانی کوتلەکاری بێ هەرەمی.
نەوە کۆنەکەی یەکێتی ئەوەی لە سیاسەتدا بە “حەرەسی قەدیم” ناودەبران و پۆلین دەکران، دەمێكە وەکوو بەلەمی بێ سەوڵیان لێهاتبوو، نە نفوزێکی ڕێکخستنیان مابوو، نە نفوزێکی کۆمەڵایەتی لە دەرەوەی یەكێتی، لە هەمووشی خراپتر هەندێکیان بە زمانی “نیمچە پارتییەك” لەگەڵ حزبە کۆنەکەی خۆیان دەدوان، هەندێکیان بەهەمان ئەو زمانەی تەشهیریان بە پارتی دەکرد، تەشهیریان بە بافڵ یان بە قوباد دەکرد، ئەمە وای کردبوو ببنە ئامانجێكی ئاسان و چاوەڕوانکراوی بافڵ، مەعلوم نییە بافڵ بە چ بیرکردنەوەیەك لێدانی ڕاستەوخۆی لەوان تاخیر کرد، بەڵام دەمێکە ئەو هەل و دەرفەتەی بۆ دروست ببوو، بەدڵنیایش لێدان لە حەرەسی قەدیم لەم ئان و ساتەدا چەند هەنگاوێکی تر هەرەمە تاکڕەوەکەی نووك تیژتر کرد، ئەم تیژکردنە چەند چووە لە گیانی حەرەسی قەدیم، ئەوەندەش دەچێتە ناو چاوەڕوانی هەر هێزێکی سیاسی نەیاری یەکێتی کە گرەوەی لەسەر ئەم حەرەسانە کردبێت.
دروستبوونی هەرەمی سیاسی تاکڕەو لە کوردستان بێ پێشینە نییە، بەڵام لەم دۆخەی کوردستان بە دڵنیایی باجی ئەم تاکڕەوییە کە دەچێتە سەر “خەرمان”ی هەموو تاکڕەوییەکانی تر، شەپازلەیەکی نوێ لە ئازادییەکان دەدات.
ئێمە لە دۆخی بەرامبەرکێیەکی تەئجیلکراو دەژین، بەڵام مانای ئەوە نییە ئاگری ئەم بەرانبەرکێیە بەر لەدەستپێکردنی، داخمان نەکا!