هه‌واڵ

عەبدوڵای حاجی مەحموود لە ڕیزەکانی پارتی سۆسیال دیموکرات دوورخرایەوە

بەبڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، عەبدوڵای حاجی مەحموود لە ڕیزەکانی حزبەکە دوورخرایەوە.

 

ئەمڕۆ ٥ی ئازاری ٢٠٢٤، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکە لە گوندی گوڵەخانە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی محەمەد حاجی مەحموود سەرۆکی حزبەکەیە، کۆبوونەوەیەکی بەرفرەوانیان کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پرسێکیان کردووە، لەناویاندا ئامادەکاری بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

هاوکات، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی حزبەکە، بڕیاری لەسەر دوورخستنەوەی عەبدوڵای حاجی مەحموود جێگری سەرۆکی حزبەکە، لە پۆستی جێگری سەرۆکی حزب و لە ئەندامێتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان داوە و بەگوێرەی بڕيارەکەیش ناوبراو هەر موڵک و ماڵێکی حزبەکەی لەلایە، پێویستە بۆ حزبەکەی بگێڕێتەوە.

گوتەبێژی حزبەکە هەروەها ڕایگەیاند، عەبدوڵای حاجی مەحموود لە پشکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پۆستی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی وەرگرتووە و دوای لە ئەندامێتی خستنی ناوبراو، لە ڕۆژانی داهاتوودا، ناوی کاندیدانی نوێیان بۆ پۆستەکە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن تا بڕیار لەسەر یەکێک لە کاندیدەکان بدات بۆ پۆستی وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان.

ماوەیەکە پەیوەندییەکانی نێوان محەمەد حاجی مەحموود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و عەبدوڵای حاجی مەحموود جێگری سەرۆکی حزبەکە گرژی و ئاڵۆزی زۆری تێکەوتووە و تا گەیشت بە دەرکردنی جێگری سەرۆکی حزبەکە لە ڕیزەکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...