هه‌واڵ

وەزارەتی ئەوقاف ڕێنوێنییەكانی مانگی ڕەمەزانی بڵاو كردەوە

لە نووسراوێكدا كە بۆ گشت بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان و هەڵەبجە گشتێندراوە، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی، چەند ڕێنماییەكی لەبارەی مانگی ڕەمەزانەوە گشتاندووە كە دەبێت هەموو لایەك پێیەوە پابەند بن.

 

یەكێك لەو ڕێنماییانە ئەوەیە كە كورته‌وتاره‌كانی دوای عەسر، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی ڕۆژووەوانان، ٢٠ خوولەك بخایەنێت و تەنیا مامۆستای مزگەوت پێشكەشی بكات، بە بەكارهێنانی مایكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، بابەتەكانیش بریتی دەبن لە خواپەرستی و مامەڵە و بابەتی پەروەردەیی و هۆشیاریی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و هاندانی پێكەوەژیان.

لە خاڵێكی دیكەدا هاتووە، ماوەی نێوان ئیمساك و بانگدانی بەیانی بەپێی خشتەی پارێزگاكە دەبێت، كە دەبێت پێیەوە پابەند بن.

هەروەها تەنیا لە ١٠ شەوی كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزان، دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن، تا نوێژی بەیانی بە مەرجی ڕەزامەندیی پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوت.

ئەوەش باس كراوە هیچ كەس بۆی نییە جگە لە پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمیی مزگەوت، مەراسیمە ئایینییەكان و تەراویح بە تایبەتی ئەنجام بدات.

لە ڕێنماییەكی دیكەشدا دەڵێت: پاش بانگی شێوان (عیشا)، لە نێوان ١٥-٢٠ خوولەك دواتر نوێژ بكرێت، لەبەر بارودۆخی ڕۆژووەوان، ڕەچاوی كاتی گونجاو بكرێت لە ڕووی درێژی و كورتیی تەراویح، كە لەسەر بنەمای شەرعیی دروست ئەنجام بدرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵێك ڕێنماییی كارگێڕی بڵاو كردووەتەوە، كە ئاڕاستەی چێشتخانە و كافتریا و دەزگاكانی ڕاگەیاندن كراوە و داوا كراوە بە هەڵسوكەوتی دروست ڕێز لە مانگەكە بگرن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...