هه‌واڵ

بانکی ئیسلامیی عێراق بەشداری لە پرۆژەی (ھەژماری من) دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە بانکی ئیسلامیی عێراق (IIB – Iraqi Islamic Bank) دەبێتە یەکێک لەو بانکانەی کە بەشداری لە پرۆژەی (هەژماری من) دەکات، شانبەشانی بانکە بەشداربووەکانی دیکە کە بریتین لە بانکەکانی ( BBAC, Cihan, NBI ،RT) . حکوومەتی هەرێم پێشبینی دەکات تا کۆتایی ئەم مانگە بانکە گەورەکانی دیکەش بەشداری بکەن.

 

بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا زیاتر لە ٢٤٠ هەزار هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی حکوومەتی هەرێم دروست کراون و زیاتر لە ١٢٠ هەزار کارتی بانکی دابەش کراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێم، “هاوبەشیی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بانکەکان، بووەتە هۆی زیادبوونێکی بەرچاوی ئامێرەکانی ATM. هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی پڕۆسەی تۆمارکردنی مووچەجۆران لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان، پڕۆژەکە بەردەوامە لە درێژەدان بە پلانی خۆی کە تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن مووچەخۆری حکوومەتی هەرێم تۆمار بکات”.

زیاتر هاتووە: “ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ دابینکردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی بانکیی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و مووچەخۆران”.

“هەروەها هەنگاوێکە بۆ ڕەخساندنی کێبڕکێی تەندروست لە کەرتی بانکی و خزمەتگوزارییە داراییەکان، بانکەکانیش زیاتر پاڵپشتی دەکرێن بۆ زیادکردنی لقەکانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان”، حکوومەتی هەرێم وا دەڵێ.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات کە هاوبەشی لەگەڵ بانکە بەشداربووەکان بەرفراوانتر بێت، بەتایبەتی چاوەڕێ دەکرێت لە ساڵی داهاتووەوە شێوازی پارەدانی دیجیتاڵی دەستەبەر بکرێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...