هه‌واڵ

دوو کرێکار لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون گیانیان لەدەستدا

دوو کرێکاری بیناسازی لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی لەناو بەرزکەرەوەیەک کەوتنە خوارەوە و گیانیان لەدەستدا.

 

ئەمڕۆ یەکشەم، ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤، عوسمان زیندانی سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی کوردستان بە زێدپرێسی ڕاگەیاند، چوار کرێکاری بیناسازی لەکاتی کارکردن لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بەناوی دەروون سیتی لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی، لەناو بەرزکەرەوەیەک کەوتوونەتە خوارەوە و دوو لە کرێکارەکان گیانیان لەدەستداوە.

تەرمی هەردوو کرێکارەکە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی گواستراونەتەوە و لێژنەیەکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی لە پزیشکی دادوەریین بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە.

عوسمان زیندانی کە لەبەردەم پزیشکی دادی سلێمانییەوە قسەی بۆ زێدپرێس کرد، گوتی، هەردوو کرێکارەکە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانن.

هەرچەند هێشتا، وردەکاری تەواو لەسەر دۆسیەکانیان نییە، بەڵام وەک سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی کوردستان ئاماژەی بۆ کرد، “بەدڵنیاییەکی زۆرەوە هیچ کام لە کرێکارەکان دەستەبەری کۆمەڵایەتییان نییە”.

ساڵی ڕابردوو، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تاوەرێک لە هەمان پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەروون سیتی، چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا.

کرێکارانی بیناسازی لە هەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای ژمارەی زۆریان و وێڕای ئەوەیش زۆرترین قوربانی لە شوێنکاردا، هەر لە ڕیزی کرێکارانی بیناسازییدایە، بەڵام بەپاساوی نەبوونی خاوەنکارێکی جێگیر و بەردەوامەوە، سوودمەند نەبوون لە یاسای دەستەبەری کۆمەڵایەتی و خانەنشینی کرێکاران، هەرچەند یاساکە جەخت لەسەر دەستەبەرکردنی کرێکارانی ڕۆژانە دەکاتەوە، لەناویاندا کرێکارانی بیناسازی، بەڵام ئەو پڕۆسەیە پێویستی بە دەرکردنی ڕێنماییەک هەیە لەلایەن وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە و لەوەتەی زیاتر لە ١٢ ساڵی ڕابردووەوە، ئەو ڕێنماییە لەلایەن وەزارەتەکەوە دەرنەکراوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...