هه‌واڵ

کونسوڵخانەی چین لە هەولێر ڕوونکردنەوە لەسەر (شامپۆ) قەدەغەکراوەکە دەدات

کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر، ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ کشانەوە و قەدەغەکردنی جۆرێک شامپۆیەک بڵاوکردەوە، کە پێشتر لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییەوە ڕاگەیەندراوە، چەند ماددەیەکی تێدایە کە هۆکارن لە دروستبوونی شێرپەنجە و دەگوترێت شامپۆکە بەرهەمی چینە.

 

گوتەبێژی کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر، ئەمڕۆ یەکشەم، ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤، لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی لەمەڕ قەدەغەکردنی جۆرێک شامپۆ بەناوی “Brimles Herbal-Bubble” بڵاوکردەوە و دەڵێ: “ئامادەین هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بەمەبەستی زانینی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری سەبارەت بە ئەنجامی پشکنینی کوالیتی”.

گوتەبێژەکە، لە درێژەی لێدوانەکەیدا دووپات لە ئاستی بەرزی کوالێتی بەرهەم و کاڵا چینییەکان دەکات و ڕوونی دەکاتەوە، کە “حکوومەتی چین گرنگییەکی زۆر بە کوالیتی و سەلامەتی کاڵاکانی هەناردەکردنی چین ده‌دات” و زیاتر دەڵێ: “هەر بەرهەمێکی ساختە و خراپ، کاتێک پشتڕاستکرایەوە، پێویستە بە خێرایی لە بازاڕ دەربکرێت و لە ڕێگای هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە دەتوانین بەرژەوەندی و مافی بەكارهێنه‌ران لە پلەی یەکەمدا بپارێزین”.

ئەو لێدوانە لەکاتێکدا دێت، کە لە ٢٨ی ئازاری ٢٠٢٤دا، قایمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی لەمەڕ ئەو جۆرە شامپۆیە بڵاوکردەوە و ڕوونیکردەوە، کە دوای پشکنین دەرکەوتووە، شامپۆکە چەند ماددەیەکی تێدایە کە هۆکارن بۆ شێرپەنجە و ڕووشانی پێست و خوران و هەڵاوسان و بەو هۆیەوە بەرهەمی شامپۆکە لە بازاڕەکانی سلێمانی کۆکرانەوە و فرۆشتن و بەکارهێنانی قەدەغە کرا.

 

دەقی لێدوانی گوتەبێژی کونسوڵخانەی گشتی چین لە هەولێر:

ئێمە سەرنجمان به‌و ڕاپۆرتانە داوه‌ کە لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن له‌ هەرێمی کوردستانی عێراق بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ سەبارەت بە بەرهەمێکی شامپۆ بە ناوی “Brimles Herbal-Bubble”، لێره‌دا ده‌مانه‌وێت هاوسۆزی خۆمان بۆ بەکارهێنه‌رانی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ بگەیەنین. ئێمە نیگەرانی خۆمان به‌م ڕووداوه‌ ده‌رده‌بڕین و ئامادەین هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بەمەبەستی زانینی سەرچاوە و کەناڵی هاوردەکردنی ئەو بەرهەمە و زانیاری سەبارەت بە ئەنجامی پشکنینی کوالیتی.

کاڵا چینییەکان لە ڕووی نرخ و کوالیتییەوە زۆر سەرنجڕاکێشن و هەر بۆیەش لە ڕیزی پڕفرۆشترین بەرهەمەکانن لە سەرانسەری جیهاندا و هەروەها له‌لایه‌ن خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر بەناوبانگن. حکومەتی چین گرنگییەکی زۆر بە کوالیتی و سەلامەتی کاڵاکانی هەناردەکردنی چین ده‌دات. فه‌رمانگه‌كانی ڕێکخستنی بازاڕ و گومرگ بە توندی بڕگە پەیوەندیدارەکانی یاسای کۆماری میللی چین سەبارەت بە کوالیتی بەرهەم و یاسای کۆماری میللی چین سەبارەت بە پشکنینی کاڵای هاوردە و هەناردەکردن جێبەجێ دەکەن. به‌گوێره‌ی ئه‌مانه‌، پشکنین و چاودێری کوالیتی کاڵا بەرهەم هێنراوەکانی چین ئەنجام دەدەن و کوالێتی ئەو کاڵایانە دەپشکنن کە هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێن.

ئێمە پێمان خۆشە هەماهەنگی لەگەڵ لایه‌نه‌ پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بکەین و وردەکاری تەواوی ئەم ڕووداوە وەربگرین بە مەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر کێشەیەک کە لەوانەیە لە پرۆسەی هاوردەکردنی کاڵاکەدا هەبێت. ئێمە پێمان وایە كه‌ هەر بەرهەمێکی ساختە و خراپ، کاتێک پشتڕاستکرایەوە، پێویستە بە خێرایی لە بازاڕ دەربکرێت و لە ڕێگای هەوڵە هاوبەشەکانمانەوە دەتوانین بەرژەوەندی و مافی بەكارهێنه‌ران لە پلەی یەکەمدا بپارێزین.

٣١ی ئازاری ٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...