نزیکەی ٢٠٠ دوکان و کۆگا بازاڕی چەلێی دهۆک سووتاون
![](https://zedpress.krd/wp-content/uploads/2024/04/bazari-chale-duhok-780x470.jpg)
بەیانی ئەمڕۆ دووشەم، ١ی نیسانی ٢٠٢٤، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی چەلێی دهۆک لە کاتژمێر ٣:٤٣ خوولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم ڕوویداوە.
ڕاگەیەندراوەکەی بەرگری شارستانی هەرێمی کوردستان، وەک زانیاری سەرەتایی ئاماژە بە سووتان و زیانگەیشتن بە زیاتر لە ١٠٠ دوکانی بازاڕەکە دەکات و ڕوونی دەکاتەوە، کە ٣٠ تیمی بەرگری شارستانی لە ١١ بنکەوە بەشدارییان لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەدا کردووە و ئاگرەکەش لەماوەی سێ کاتژمێر و ٢٠ خوولەکدا کۆنتڕۆڵ کراوە.
بەرگری شارستانی هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ڕووداوەکە جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی وەک گیانلەدەستدان بەدواوە نەبوو، بەڵام هەشت بەرکەوتەی هاووڵاتی و سێ کارمەندی بەرگری شارستانی هەبوون، کە ڕاستەوخۆ ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و باری تەندروستییان جێگیرە.
بەگوتەی بێوار عەبدولعەزیز گوتەبێکی بەرگری شارستانی دهۆک، تا ئێستا هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە نەزانراوە و لێژنەیەکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە پێکهێنراوە.
بەگوێرەی لێدوانی خاوەن دووکانەکانی بازاڕی چەلێ، نزیکەی ١٦٠ دووکان و ٢٠ کۆگای ناو بازاڕەکە زیانیان بەرکەوتووە، هێشتا تیمەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی داتا و ئاماری دروستن لەبارەی زەرەروزیانەکانی ڕووداوەکە، کە بە سەدان هەزار دۆلار دەخەمڵێندرێت.