هه‌واڵ

دوایین ئاماری زیانەکانی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر

پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، (227) دوکان و (7) کۆگایی بازاڕی قەیسەری سووتان و زیانیان پێگەیشتووە و (132) کەس لە ئەندامانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و تەندروستیان تێکچووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ دووشەم، ٦ی ئایاری ٢٠٢٤، پارێزگای هەولێر ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر بڵاوکردەوە و ئاماژەی دا، کە دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە لیژنەیەکی تایبەت بە خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنرا و بەپێی دواین ئامار لە کۆی زیاتر لە (4000) دوکان، (227) دوکان و (7) کۆگایی بچووکی بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانەکان دەست بە پاککردنەوەی تەواوی بازاڕەکە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لە ڕووداوەکە نەکەوتووەتەوە، بەڵام “بەهۆی قەرەباڵغییەکی زۆری هاووڵاتییان لە شوێنی ڕووداوەکە، (132) کەس لە ئەفسەر و کارمەندانی بەرگری شارستانی، ئاسایش، پۆلیس، کاسبکار و هاووڵاتی، بریندار بوون و بەشێکیشیان بە هۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو”.

تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە (117) كەسیان چارەسەرکردووە و (15) كەسی تریشان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن گواسترانەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە و خەمڵاندنی قەبارەی زیانە ماددییەکان پێکهێنراوە و لەو نزیکانە دەرەنجامەکانی ئاشکرا دەکرێت”.

لەلایەکی دیکە، هەر ئەمڕۆ دووشەم، وەزارەتی کارەبا، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لێژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەری پێکهێناوە و دوای سەردانیکردنی شوێنەکە و بەگوێرەی ئەنجامە سەرەتاییەکان: “بەڵگە و ئاماژەی وا لەبەردەستدا نییە کە هۆکاری سووتانی قەیسەری هەولێر، پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت”.

ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا، بەدوای ئەوەدا دێت، کە دوای ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە، گومانی ئەوە هەبوو، ڕووداوەکە بەهۆی شۆرتی کارەباوە ڕوویدابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...