هه‌واڵ

پەرلەمانی لیبیا داوا لە باڵیۆزی وڵاتانی پاڵپشتیکاری ئیسڕائیل دەکات وڵاتەکە بەجێبهێڵن

زێدپرێس

 

ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا داوا لەڕێگەی بەیاننامەیەکەوە، داوا لە باڵیۆزی وڵاتانی پاڵپشتیکاری ئیسڕائیل دەکات، دەستبەجێ لیبیا بەجێبهێڵن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم، ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، پەرلەمانی لیبیا بەیاننامەیەکی لەمەڕ شەڕی ئیسڕائیل و حەماس بڵاوکردەوە.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا، ئاماژەی بەوە کردووە، “ئەوەی لە کەرتی غەززە دەگوزەرێت، جەنگێکی کۆمەڵکوژییە بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا”، وەک ئەوەی لە بەیاننامەکەدا هاتووە.

بەیاننامەکە، دوای کۆبوونەوەیەکی پەرلەمانی وڵاتەکە دێت، کە هەر ئەمڕۆ چوارشەم، لە بنغازی بەڕێوەچوو.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی لیبیا، جەختی لەسەر پێویستی دەستبەجێ ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر غەززە کردەوە و داوای لە باڵیۆزی وڵاتانی پشتیوانی ئیسرائیل کرد، کە “دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵن”.

پەرلەمانی لیبیا، هەروەها، جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی دانیشتنی بەپەلە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوە ئیسلامییەکان کردەوە و داوای کرد دانیشتنێکی بەپەلەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ڕووەوە بەڕێوەببردرێت.

هەروەها، ئەنجوومەنەکە داوای لە حکوومەتی لیبیا کرد کە “هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ ئەو وڵاتانەی پشتیوانی ئیسڕائیل دەکەن ڕابگیرێت، ئەگەر ئەو کۆمەڵکوژییەی ئەم قەوارەیە ئەنجامی دەدات، نەوەستێت”.

ئەنجوومەنەکە بە توندی سەرکۆنەی حکوومەتەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەڕەنسا و ئیتاڵیا دەکات، لە بەرانبەر پشتیوانیکردنیان “لەو تاوانانەی ئیسڕائیل لە کەرتی غەززەدا دەیکات”.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...