هه‌واڵ

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکاتەوە

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و وەزیرێکی حکوومەتی هەرێمیش دەڵێ، بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو کێشە تەکنیکییانەی هەن.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێکدا ئەمڕۆ پێنجشەم، ٩ی ئایاری ٢٠٢٤ ڕایگەیاند، “حکوومەتی هەرێم ئەوەی لەسەری بووە، بە زیادەوە کردوویەتی، ئێستا چاوەڕێ دەکەین بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن.”

گوتیشی: “لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبین و دڵنیایین دەتوانین کێشەی مووچە و زۆر کێشەی دیکە چارەسەر بکەین. لەو ڕۆژانەیش شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا بۆ ئەو بابەتە تەکنیکییانەی هەن”.

پشتیوان سادق کە هاوکات ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە، گوتی: “ئەو لایەنانەی ئێستا دەسەڵاتی عێراقیان لەدەست گرتووە، بڕوایان بە دەستوور نییە، دەبوو نموونەیەکی جیاواز لەوانەی پێشوو پێشکەش بکەن، بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق هیوایان بە داهاتوویان هەبێت و چیتر بیر لە جێهێشتنی وڵات نەکەنەوە”.

دوێنێ چوارشەم، ٨ی ئایاری ٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەوە کراوەتەوە، کە حکوومەتی هەرێم سەرجەم ئەرک و پابەندێتییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و چاوەڕوانن حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق شایستە داراییەکان و لە پێش هەر شتێکیش مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

پشتیوان سادق، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، باسی لە ڕەخساندنی دەرفەتی کار بۆ هێزی کاری خۆماڵی کرد و ئەو بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بیرخستەوە، کە خاوەنکار و پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت ناچار دەکات ڕێژەی زیاتر لە ٧٠٪ی کارمەند و کرێکارەکانیان خۆماڵی بن، وەک گوتی: “بەوە دەتواندرێت دەرفەتێکی زۆر باشتری کار بۆ خەڵکی خۆمان دروست بکەین”.

بەگوتەی ئەو وەزیرەی حکوومەتی هەرێم، “زیاتر لە ٢٠٠ هەزار بیانی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن”.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...