هه‌واڵ

کۆمپانیای ئەسترازینێکا بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ڕادەگرێت

کۆمپانیای دەرمانسازی ئەسترازینێکا ڕایدەگەیەنێت بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ڤاکسینی کۆرۆنا لە سەرانسەری جیهان ڕادەگرێت و ئەوەش لە بازاڕەکاندا ماوە، هەمووی کۆ دەکاتەوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە بڕیارەکە تەنیا پەیوەندی بە پرسی بازرگانییەوە هەیە و بەرهەمە نوێیەکان کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا پەرەی پێدراوە، جێگەی ئەو ڤاکسینەیان لە بازاڕەکاندا گرتووەتەوە. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆمپانیاکە، لە نیسانی ٢٠٢٣ەوە، ڤاکسینەکە فرۆشی نەبووە و ماوەیەکە لە بەریتانیا بەکارنەهاتووە و جۆرە پەرەپێدراوەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا هۆکاربوون لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر ئەسترازینێکا.

کۆمپانیاکە لە ساڵی ٢٠٢١دا بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار ئەسترازینێکای لە سەرانسەری جیهاندا فرۆشتووە. بەڵام ساڵی ڕابردوو فرۆشی کۆمپانیاکە تەنیا ١٢ ملیۆن دۆلار بووە.

ڤاکسینی ئەسترازینێکا یەکێک بوو لە یەکەمین ڤاکسینەکان کە لە سەردەمی پەتای کۆرۆنادا بەرهەم هێنرا و بەگوێرەی ئەم کۆمپانیایە تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیار ژەم بەرهەم هێنراوە و لە جیهاندا دابەش کراوە.

ئێستا کۆمپانیاکە، بڕیاری کشانەوەی مۆڵەتەکانی بازرگانی و فرۆشتنی ڤاکسینەکەی لە ناو ئەوروپا داوە. دامەزراوەی دەرمانی ئەوروپایش لە ڕێگەی ماڵپەڕەکەیەوە کشانەوەی ئەو ڤاکسینەی ڕاگەیاندووە، ئەمەش بەو مانایەیە کە چیتر ڕێگەی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی ئەسترازینێکا لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا نادرێت.

دکتۆر مایکل هێد توێژەری باڵای تەندروستی جیهانی لە زانکۆی ساوسهامپتۆن لە ئینگلتەرا، دەڵێ، هۆکاری سەرەکی کشانەوەکە ئەوەیە کە ڤاکسینەکانی کۆرۆنا، لەناویاندا ڤاکسینەکانی (mRNA) لە کۆمپانیای فایزەر و مۆدێرنا، “لە بنەڕەتدا بەرهەمی باشتر بوون”.

پێشبینی دەکرێت ڤاکسینەکەی کۆمپانیای ئەسترازینێکا لە ماوەی پەتاکەدا ژیانی ملیۆنان کەسی ڕزگارکردبێت، بەڵام نیگەرانی هەبووە سەبارەت بە کاریگەرییە لاوەکییەکانی، لەناویاندا دروستبوونی مەینی خوێنی کوشندە لە جەستەدا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتە هەواڵییەکان، کۆمپانیای دەرمانسازی بەریتانیایی-سویدی پێشتر لە دادگا دانی بەوەدانابوو کە ڤاکسینەکە دەبێتە هۆی ئاڵۆزییەکانی وەک خوێن مەین و کەمبوونەوەی ژمارەی پلاکتەکانی خوێن و ئەمەش ژیانی هەندێک کەس دەخاتە مەترسییەوە.

هەروەها ئێستا کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی چەندین داوای یاسایی بووەتەوە سەبارەت بە ڤاکسینی کۆرۆنا.

بەشێک لەوانەی سکاڵایان دژی ئەو کۆمپانیایە تۆمار کردووە، باس لەوە دەکەن کە لە ئەنجامی ئەم ڤاکسینە کەسوکاریان لەدەستداوە؛ یەکێک لە سکاڵاکان کە دژی کۆمپانیاکە لە بەریتانیا تۆمارکراوە، ئاماژەی بە گیان لەدەستدانی ١٢ کەس کردووە، کە گوایە بەهۆی بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینە و تووشبوون بە مەیینی خوێن گیانیان لەدەستداوە. هەندێکی تریش باس لەوە دەکەن کە بەهۆیەوە زیانی گەورەی تەندروستیان بەرکەوتووە.

لە بەیاننامەکەیدا، کۆمپانیاکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ڤاکسینی کۆمپانیاکە ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە کۆتاییهێنان بە پەتای جیهانی کۆڕۆنا و دەڵێت “هەڵسەنگاندنە سەربەخۆکان مەزەندەیان کردووە کە ڤاکسینەکە تەنیا لە ساڵی یەکەمی پەتاکەدا ژیانی شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی ڕزگارکردووە”.

هەواڵی ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی ئەسترازینیکا لەکاتێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە هەندێک وڵات پێشتر کڕین و بەکارهێنانیان ڕاگرتبوو.

دەگوترێت پێشنیازە پزیشکییە فەرمییەکان سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەم ڤاکسینە چەند جارێک گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە.

لە حوزەیرانی ٢٠٢٢دا، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند کە ڤاکسینی ئەسترازینیکا بۆ کەسانی تەمەن ١٨ ساڵ و سەرووتر، سەلامەت و کاریگەرە. لە ٧ی نیسانی ٢٠٢١، لیژنەی هاوبەشی کوتان و بەرگری پێشنیازی کرد کە گەورەساڵانی تەمەن ٣٠ ساڵ و سەرووتر ڤاکسینێکی تر جگە لە ئاسترازینێکا وەربگرن دوای ئەوەی ڕاپۆرتیان پێگەیشت کە حاڵەتی زۆر دەگمەنی خوێن مەین لە ژمارەیەکی زۆر کەمی خەڵکدا ڕوویداوە.

پەتای جیهانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵی ٢٠١٩ لە چینەوە بڵاوبووەوە و بە ملیۆنان قوربانی لە سەرانسەری جیهاندا هەبوو. هێشتا مەترسییەکانی ئەم ڤایرۆسە ماوە و ١٥٪ی زانایانی دیاری پزیشکی لەسەر ئەو بۆچوونەن کە ئەگەری هەیە جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا جارێکی دیکە ببێتە هۆی پەتایەک لە جیهاندا.

 

سەرچاوە: ڤی ئۆ ئەی، سی ئێن ئێن و ڕۆیتەرز.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...