هه‌واڵ

٣٢ ساڵ بەسەر یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕ دەبێت

ئەمڕۆ یەکشەم، ١٩ی ئایاری ٢٠٢٤، ساڵڕۆژی ئەنجامدانی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، کە لە ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی باشووری کوردستان بەڕێوەچوو.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و ڕابه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان، له‌ ڕێگای ده‌نگدانی گشتی و نهێنی و ڕاسته‌وخۆ، له ١٩ی ئایاری ١٩٩٢ بە بەشداری نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر، کە نوێنەرایەتی زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو هاووڵاتییان دەکرد، به ‌هاوكاری و پشتیوانی چاودێرانی بیانی و دۆستانی گه‌لی كورد به‌ڕێوه‌چوو.

بۆ ڕێکخستن و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە، سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی كوردستانی، لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تی له (١٥) كه‌س له‌ حاكم و پارێزه‌ر، مافپه‌روه‌ر و نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو به‌ره‌ی كوردستانی پێكهێنا.

لیژنەکە، دوای چه‌ند دانیشتن و کۆبوونەوەیەک له‌ماوه‌ی نێوان ٢٣ی کانوونی یەکەمی ١٩٩١ یا ٢٨ی کانوونی دووەمی ١٩٩٢، پڕۆژە یاسایەکیان پێشکەشی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی کرد و ‌ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٩٢ بەرەی کوردستانی بڕیاری لەسەر پڕۆژەکە دا و بەناوی یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ یاسای هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردستان پەسند کرا.

به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌ر حزبێك ده‌بووایه‌ ٧٪ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت بۆ ئه‌وه‌ی كورسیه‌كی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات.

بەدیاریکراوی ٩٦٧ هەزار و ٢٢٩ دەنگدەر بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکەدا کرد، دوای جیاکردنەوەی دەنگەکان، ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:

پارتی دیموكراتی كوردستان:
٤٣٩ هه‌زار و ٨٨٩ ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، ڕێژەی ٤٥.٥٪ی دەنگەکان.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان:
٤٢٣ هەزار و ٨٣٣ دەنگیان بەدەستهێنا، ڕێژەی ٤٣.٦١٪ی دەنگەکان.

لیستی ئیسلامییه‌كان:
٤٩ هەزار و ١٠٨ دەنگیان بەدەستهێنا، ڕێژەی ٥.٥٪ی دەنگەکان.

یه‌كگرتن: (پارتی سۆسیالیست و پارتی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان):
٢٤ هه‌زار و ٨٨٢ ده‌نگیان به‌ده‌ستهێنا، ڕێژه‌كه‌ی ٢.٥٦٪ی دەنگەکان.

حزبی شیوعی و یه‌كێتی دیموكراتی كوردستان و بێلایه‌نه‌كان:
٢١ هەزار و ١٢٣ دەنگیان بەدەستهێنا، ڕێژەی ٢.١٧٪ی دەنگەکان.

لیستی پارتی گه‌لی دیموكراتی كوردستان:
نۆ هه‌زار و ٩٠٣ ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا، ڕێژەی ١.٠٢٪ی دەنگەکان.

لیستی سه‌ربه‌خۆی دیموكراته‌كان:
٥٠١ ده‌نگی به‌ده‌ستهێنا؛ ڕێژەی ٠.٠٥٪ی دەنگەکان.

لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، تەنیا لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان و لیستی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا. لە کۆی ١٠٥ کورسی پەرلەمانی کوردستان لەوکاتەدا، هەریەک لە پارتی و یەکێتی ٥٠٪ بە ٥٠٪ی کورسییەکانیان بەرکەوت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...