فراکسیۆنە کوردستانییەکان: ڕاگرتنی مووچە سزایەکی بەکۆمەڵە

دەقی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە:
بە شۆکێكی زۆرو ئازارێكی سەختەوە، بڕیارەكەی ئەم دواییەی وەزارەتی دارایی فیدراڵیمان پێگەیشت، بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە، كە لە كۆتاییەكەیدایە و لە سەروبەندی جەژنی قوربانی پیرۆزدا.
بە لە بەرچاوگرتنی ئەو دۆخە مرۆیی و هەلومەرجە سەختەی فەرمانبەرانی هەرێم پێیدا تێپەڕدەبن، كە گەیشتووتە ئاستی برسیكردن و دژایەتیكردنی قووتی ڕۆژانەیان، بەهۆی سیاسەتەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، ئەم بڕیارە بە ئامانجگرتنی سیاسی و پێشێلکردنی دەستوری عێراقە، کە جەخت لەسەر زامنكردنی شكۆی هاووڵاتییان دەكاتەوە لە هەر بارودۆخێکدا بێت، پاڵپشت بە ئەحكامەنی مادەی (37/یەکەم/أ)، كە زیانگەیاندنی بە شكۆی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان تێپەڕاندووە.
بەهۆی ئەو سیاسەتە ستەمكارانەیەی وەزارەتی دارایی پیادەی دەكات، بە تایبەت سەبارەت بەو پرسانەی پەیوەستن بە هەرێم و، بەهەند وەرنەگرتنی ئەحكامەكانی مادەی (١٤)ی دەستور، کە زامنی مافی هاووڵاتییانی عێراقی كردووە لە یەکسانی و دادپەروەری بە شێوەیەكی هاوتا، لە سەرتاسەری وڵات.
ئێمە، لە سۆنگەی ویژدانی نیشتمانی و ئەرکی مرۆیی و بەرپرسیارێتی ئەخلاقیمان، ئەمڕۆ بە فەرمی داوامان لە سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵی کرد، بەپەلە دەستوەردان بکات، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق و، نە بەستنەوەی مافی هاووڵاتییان بە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و تەکنیکییەوە.
مووچە منەت نییە، بەڵکوو شایستەیەکی دەستووری و مرۆییە و بە دەستوور و یاسا بۆ خاوەنەكەی زامنكراوە، دواخستنی یان ڕاگرتنی سزایەکی بەکۆمەڵە کە تەنها فەرمانبەر باجەكەی دەدات، هاوكات داوای چارەسەری ڕیشەیی و هەمیشەیشمان بۆ کێشەی مووچە کردووە.
بۆیە هەڵوێستی ئێمە وەک فراكسیۆنە کوردستانیەكان، بەندە بە وەڵامدانەوەی بەڕێز سەرۆکی حکومەتەوە، بۆ گرتنەبەری هەنگاوی تر کە هاوتەریبی قەبارەی نەهامەتییەكانی فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها فراكسیۆنە کوردستانییەكان داوا لە بەڕێز سەرۆک کۆمار و وەزیرە کوردەکان دەكات لە حکوومەتی فیدڕاڵی، هەڵوێستی ڕوون و ڕاشكاوی خۆیان ڕابگەیەنن سەبارەت بەوەی دژی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
فراكسیۆنە کوردستانییەكان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
٢٩ی ئایاری ٢٠٢٥