هه‌واڵ

ئەپیکور: هیچ دانوستانێک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت نەبووە

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە، هیچ دانوستانێک لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت نەکراوە و لەو ڕوانگەیەشەوە داوای کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت دەکات.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەم، ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٤ وەڵامی ئەو ڕاپۆرت و لێدوانانەی دایەوە کە باس لەوە دەکەن کۆمپانیاکانی نەوت نەرمییەک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نانوێنن و بەو جۆرەیش کۆمپانیاکانی نەوت بە بەرپرس دەزانن لە دواکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت.

ئەپیکور ئاشکرای کردووە، کە لە پاش دوایین دانوستانیان لە نێوان ٧ تا ٩ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، هیچ دانوستانێک لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت نەبووە.

هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان کە هەشت لە کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی کوردستان لەخۆدەگرێت، ئامادەیی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دەربڕیوە، بە مەرجی گێڕانەوەی شایستە داراییەکانیان لەبری ئەو نەوتەی پێشتر هەناردەیان کردووە و هاوکات دڵنیاییش لە شایستە داراییەکانیان لە داهاتوودا بدرێت و مافە گرێبەستییەکانیان پارێزراوبێت.

ڕاگەیەندراوەکە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان پێشنیازی کۆبوونەوەی سێقۆڵی لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت دەکات.

لەوەتەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕییەوە، کۆمپانیا بەرهەمهێنەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیان بە فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی تانکەر کردووە، لەسەر بنەمای پێدانی پارەی کاش و بەو جۆرەیش کۆمپانیا کڕیارەکان دەبێت پارەی کاش بدەن و نەوتەکەیان بە تانکەر بار بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...