هه‌واڵ

لە پەرلەمانی عێراق ئیمزا بۆ ناساندنی ئێزدی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ کۆدەکرێتەوە

لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ١٨٢ ئەندامی ئەنجوومەنەکە، ئیمزایان لەسەر پڕۆژەیەک بۆ ناساندنی ئێزدی وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ کردووە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی دەست زێدپرێس کەوتوون، پڕۆژەیاسای ناساندنی نەتەوەی ئێزدی، لەلایەن ١٨٢ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئیمزا کراوە.

هەرچەند پڕۆژەیاساکە و ئیمزاکان لە ٨ی نیسانی ٢٠٢٤ەوە لەلایەن نایف خەلەف سیدۆ سەرۆکی لیستی ئێزدییەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بەرزکراوەتەوە، بەڵام لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا و بە نووسراوێکی دیکە لەلایەن نازم ساعدی بەڕێوەبەری نووسینگەی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، ئاڕاستەی فەرمانگەی کاروباری نوێنەرایەتی کراوە و داوای ناردنی پڕۆژەکە بۆ لێژنەی یاسایی ئەنجوومەن کراوە.

ناساندنی ئێزدییەکان وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ، لەکاتێکدا دێت، کە سەرچاوە مێژووییەکان کۆکن لەسەر ناساندنی ئێزدییەکان وەک بەشێک لە نەتەوەی کورد و هەندێکیش ئەوان بە “کوردی ڕەسەن” پێناسە دەکەن.

ئایینی ئێزدی و دەقە پیرۆزەکانی بە زمانی کوردیین و پیرۆزترین پەرستگای ئایینی ئێزدی، کە (پەرستگای لالش)ە، لە قوڵایی خاکی باشووری کوردستانە.

ئێزدییەکان لە مێژووی کۆن و نوێدا ڕووبەڕووی چەندین هەڵمەتی لەناوبردن و قڕکردن بوونەتەوە، کە دوا تاوانی جینۆساید لە دژیان ئەنجامدرا بێت لە ساڵی ٢٠١٤ و لەسەردەستی ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ڕوویدا، کاتێک چەکدارانی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە هێرشیانکردە سەر ناوچە ئێزدینشینەکان لە قەزای شنگال و دەوروبەری و لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتی ئێزدی لە ژن و پیاو، پیر و منداڵ شەهید کران و هەزارانی دیکەیان لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکەوە دەستگیرکران و بەتایبەت کچان و ژنان وەک کۆیلەی سێکسی لە بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتیان پێوە کرا و تا ئێستایش هەزاران ڕفێنراوی بێسەروشوێن یان ڕزگارنەکراو ماونەتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...