هه‌واڵ

سەرۆکی دەستەی ژینگە: ساڵانە ڕێژەی سەوزایی لە کوردستان هەڵدەکشێت

زێدپرێس

 

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ساڵانە ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان هەڵدەکشێت و لەگەڵ کەمبوونەوەی هەر ڕێژەیەکی دوانەئۆکسیدی کاربۆنیشدا، پاڵپشتی دارایی لە سندووقی سەوزی جیهانی وەردەگرین.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ چوارشەم ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا چالاکییەکانی ساڵی ٢٠٢٣ی دەستەکەیانی خستەڕوو.

لە سەرەتای کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، سەرۆکی دەستەی ژینگە باسی لەوە کرد، ئەمساڵ بەپێی مادەی ٣٣ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، کە باس لەوە دەکات هەموو تاکێک مافی ئەوەی هەیە لە بارودۆخێکی سەلامەتی ژینگەییدا بژی، لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لێکتێگەیشتنێک واژۆ دەکەن بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەو مادە دەستوورییە بکەن.

عەبدولڕەحمان سدیق گوتی “بایەخی زیاترمان بە پرسی ژینگە لەنێو قوتابخانە و زانکۆکانی هەرێمی کوردستاندا داوه‌ و لە (پەیمانگەی پێشنوێژان و وتارخوێنان)ی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیشدا وانەی هەمیشەیی ژینگە له‌نێو پڕۆگرامی خوێندنیاندا هه‌یه‌”.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، باسی لەوە کرد، کە هەر لەماوەی ساڵی ڕابردوودا، فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌یان له‌ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ كردۆته‌وه، به‌م جۆره‌ش ئێستا له ‌هه‌ر چوار پارێزگا ‌و هەر چوار ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكه‌ی هه‌رێم فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ هەن.

وەک ئاماژەی دا، لەبارەی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلیش بۆ هەرێمی کوردستان وەزیری ناوخۆ گشتاندنی بۆ بڕیارێک کردووە، کە هەر ئۆتۆمبێلێک هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەگەر بەردی گزۆزی دەرهێنابێت، تۆمار ناکرێت.

بەگوتەی سەرۆکی دەستەی ژینگە، ساڵانە ڕێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان ڕوو لە هەڵکشان دەکات و ئەوەش بە واتای کەمکردنەوەی دوانۆکسیدی کاربۆنە و “دەبێت لە بەرانبەر کەمکردنەوەی هەر ڕێژەیەکی دوانۆکسیدی کاربۆنیشدا پاڵپشتیی دارایی لە سندووقی سەوزی جیهانی وەربگرین، بۆ ئەمەش پێویستمان بە کۆمپانیایەکی جیهانیی بێلایەنە لە هەرێمی کوردستان، ئێستاش لە هەوڵی ئەوەداین بۆ ئەم مەبەستە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی جیهانیدا بکەین”، عەبدولڕەحمان سدیق وای گوت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...