هه‌واڵ

هێشتا ئاگرەکەی پاڵاوگە نایاساییەکەی هەولێر کۆنتڕۆڵ نەکراوە

نزیکەی ١٤ کاتژمێر بەسەر ئاگرکەوتنەوە لە دوو کۆگای سووتەمەنی پاڵاوگەیەکی نایاسایی لە سەر ڕێگای هەولێر-گوێڕ تێپەڕدەبێت و هێشتا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئێوارەی دوێنێ چوارشەم، ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ئاگر لە دوو کۆگای سووتەمەنی پاڵاوگە نایاساییەکانی سەر ڕێگای هەولێر-گوێڕ کەوتەوە. لەدوای ڕووداوەکەوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی هەولێر، سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام تا ئێستا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

بەگوێرەی ڕوونکردنەوەکانی بەرگری شارستانی، ئەو ماددە قیڕییەی لە کۆگاکاندا هەیە، کاتێک گڕ دەگرێت، کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نابێت. تیمەکانی بەرگری شارستانیش هەوڵیانداوە، ڕێگری لە تەشەنەسەندنی ئاگرەکە بکەن.

سەرچاوە میدیاییەکان دووپات لە برینداربوونی ١٠ کەس بەهۆی ئاگرەکەوە دەکەنەوە، بەڵام سەرجەمیان تەندروستییان باشە و چارەسەرییان بۆ کراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم، ١٣ی حوزەیران، لێژنەی چاودێری پڕۆژە پیشەسازییەکانی سەربە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، بەدواداچوونی مەیدانییان بۆ شوێنی ئاگرکەوتنەوەکە کردووە.

فەرمانگەی ژینگەی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێ، ئاگرکەوتنەوەکە بووەتە هۆی پیسکردنی بەرگە هەوا و ژینگەی شار بە گشتی.

“ئەم پاڵاوگانە هیچ مەرجێکی سەلامەتی و ژینگەییان تێدا نییە”، فەرمانگەی ژینگەی هەولێر وا دەڵێت.

ساڵی ٢٠١٥ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان فرمانێکی وەزاریی دەرکرد بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاگە نایاساییەکان لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام دوای نزیکەی ١٠ ساڵ هێشتا پاڵاوگە نایاساییەکان وەک خۆیان کاردەکەن و لەماوەی ساڵانی ڕابردووشدا چەندین ڕووداوی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوە لەو پاڵاوگە نایاساییانەدا ڕوویداوە و زۆرجاریش قوربانی لێ کەوتووەتەوە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...