ئاسایشی سلێمانی وردەکاری دەستگیرکردنی دێرین عوزێری ڕاگەیاند

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی ڕایگەیاند، دێرین عوزێری دەستگیرکراوە و ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە.
عەقید سەلام عەبدولخالق گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم/ سلێمانی ئەمڕۆ ٥ی ئایاری ٢٠٢٥ ڕاگەیاند، دێرین ئەحمەد محەمەد ناسراو بە (دێرین عوزێری)، لە ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠٢٥ دەستگیرکراوە و ئەمڕۆ خراوەتە بەردەم دادوەر.
ڕوونیکردەوە، “ناوبراو لەماوەی ڕابردوودا فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و ڕووبەرووی یاسا کرایەوە”.
لە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٤ ئاسایشی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی دێرین عوزێری بڵاوکردەوە کە بە “کوێخا دێرین” ناودەبردرا و باڵەخانەیەکی گەورەی لەسنووری گوندەکەیان بەناوی “قەڵای عوزێری” بونیادنابوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەوکاتی ئاسایشی سلێمانیدا هاتووە، کە دوو تۆمەتبار لە دۆسیەی تەقەکردن لە “ئەحمەد کامیل فەقێ” سەرمایەداری شاری سلێمانی دەستگیرکراون و دانیان بەوەدا ناوە، کە بە فەرمانی “کوێخا دێرین” کارەکەیان ئەنجامداوە.
لەو ڕوانگەیەوە، وەک لە ڕوونکردنەوەکەی دەزگای ئاسایشدا هاتووە، دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی کوێخا دێرینی دەرکردووە، کە کێشەکەی پێوەستە بە داواکردنی سەرانە و پارەوەرگرتن و هەڕەشەکردن لە سەرمایەدارێکی سلێمانی و زیاتر لەوەیش دادوەر بڕیاری دەستگرتن بەسەر سامانی گوزراوە و نەگوزراوەی داواکراو داوە.
هەمان ڕۆژ، قەڵاکەی دێرین عوزێری لە گوندی گورگەدەر لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن هێزێکی ئەمنییەوە دەستی بەسەردا گیرا و ڕووخێندرا.
هەر ئەوکات زێدپرێس ئاشکرای کرد، دێرین ئەحمەد ناسراو بە کوێخا دێرین عوزێری، پلەی نەقیبی هەیە لە هێزەکانی یەکەی حەفتا.
هەر لەگەڵ گەمارۆدانی قەڵاکەی دێرین عوزێری، ناوبراو ڕایکردە دەرەوەی کوردستان و بەگوێرەی زانیارییەکانی زێدپرێس، دوێنێ لەکاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی دەستگیر کراوە.