هه‌واڵ

پارتی ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ڕاگەیاند

گوتەبێژی فەرمی پارتی ڕایدەگەیەنێت، دوای ڕاگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە، دەست دەکەن بە ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

مەحموود محەمەد گوتەبێژی پارتی ڕاگەیەندراوێکی وەک هەڵوێستی حزبەکەی لەمەڕ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و ئامادەیی پارتی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی دیاریکراودا کردەوە.

ڕاگەیەندراوەکەی پارتی، دوای ئەوە دێت کە هەر ئەمڕۆ چوارشەم ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کرد.

گوتەبێژەکەی پارتی لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە بەشێک لەو تێبینییانەی پێشتر حزبەکە لەسەر شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە هەیبووە، چارەسەر کراون.

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

 

جەماوەری خۆشەویستی کوردستان…

 

لە ساڵی 2022 پارتیمان زۆر هەوڵی دا کە پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان ڕێکارەکانی پێویست بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست پێبکرێت، بەڵام بەداخەوە زۆر ئاستەنگ دروستکران، کە ئەو ئاستەنگانە بە زیانی پرۆسەی سیاسی و یاسایی بۆ هەرێمی کوردستان شکانەوە و رەنگدانەوەی خراپیان بەرامبەر دەسەڵات و مافەکانی هەرێمی کوردستان بەدوای خۆدا هێنا. لە دوای ئەوەش هەوڵماندا ئەو پێشنیارانەی هەبوون، بۆ پەرلەمانی هەڵبژێردراو جێبێڵین بۆ چارەسەرکردنیان بە شێوەیەکی یاسایی کە ئەمەش ڕێگری لێکرا.

 

بۆیە لە 18-03-2024 پارتیمان هەڵوێستی خۆی بۆ جەماوەری تێکۆشەری کوردستان راگەیاند لەگەڵ دیاریکردن و ئاماژەدان بەو کەموکوڕی و نادادپەروەریانەی کە هەبوون چ لە مافی پێکهاتەکان هەتا کێشەی پەنجەمۆر و هەوڵی بێبەشکردنی سەدان هەزار کەس لە دەنگدان. ئەمانە و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندار بە رێکارەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، کە دوای ئەم هەڵوێستەی پارتیمان بەشێک لەو تێبینی و کەموکوڕییانە چارەسەرکران و بەشێکیشیان لە چارەسەرکردن دان، هەرچەندە هەموو چارەسەرییەکان لەسەدا سەد نەبوون، بەڵام بەشێک لە مافەکان بۆ پێکهاتەکانی کوردستان گەڕایەوە و، بابەتەکانی دیکەش بەشێکی باشیان چارەسەرکراون، بۆیە دوای راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پارتیمان دەستدەکات بە ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان. هیوادارین هەڵبژاردنێکی دیموکراسیانە و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت کە ئاکامەکەی لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان دابێت.

 

مەحموود محەممەد

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

26-06-2024

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button