هه‌واڵ

هەردوو بەرپرسی دارایی و پەیوەندییەکانی حەماس کوژران

زێدپرێس

 

وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل کوژرانی هەردوو بەرپرسی دارایی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە ڕادەگەیەنێت.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

ئەمڕۆ سێشەم ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو لە هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە کەرتی غەززە، بەرپرسی ئابووری حەماس و ئەندامێکی دیکەی باڵای مەکتەبی سیاسی حەماسیان کوشتووە.

یەکەمیان، جەواد ئەبوشمالە، دارایی بزووتنەوەی حەماسی بەڕێوەبردووە و “پارەی بۆ ئاڕاستەکردنی تیرۆر لە کەرتی غەززە و دەرەوەی غەززە تەرخانکردووە.”

دووەمیان زەکەریا ئەبو موعەمەر بەرپرسی پەیوەندییە ناوخۆییەکانی “گرووپە تیرۆریستییەکە” بووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، “زەکەریا ئەبو موعەمەر بڕیاردەرێکی باڵای حەماس و ڕێکخەری نێوان گرووپە تیرۆریستییەکانی کەرتی غەززە بوو”.

بەگوێرەی سوپای ئیسرائیل، زەکەریا موعەمەر کەسێکی متمانەپێکراو بووە لەلای بەرپرسی یەکەمی حەماس لە کەرتی غەززە، بەشێک بووە لە “سەرکردایەتی باڵای گرووپە تیرۆریستییەکە و بەشداربووە لە بڕیاردانی بزووتنەوەکە و پلاندانان بۆ چەندین چالاکیی تیرۆریستی دژی دەوڵەتی ئیسرائیل”.

لەلایەکی دیکە، ناوەندی ڕاگەیاندنی فەڵەستین، ڕاگەیەنراوێکی بزووتنەوەی حەماسی بڵاوکردەوە، کە تیایدا ددان بە کوژرانی هەردوو سەرکردە باڵاکەی حەماس دادەنێت، کە تەمەنی هەردووکیان ٥٠ ساڵە.

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕایگەیاندووە، تا پێشنیوەڕی ئەمڕۆ سێشەم، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بۆ ٧٦٥ کوژراو بەرزبووەتەوە و چوار هەزار کەسیش بریندارن.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوی وەزارەتەکە، لەناو کوژراوەکاندا، ١٤٠ منداڵ و ١٠٥ ژن هەن، لەکاتێکدا زیاتر لە ١٥٪ی بریندارەکان منداڵ بوون.

لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوام بووە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...