هه‌واڵ

گوتەبێژی پارتی: هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکووک یاسایی نییە

مەحموود محەممەد ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە گۆڕانکاری و دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دیاریکردنی پارێزگاری کەرکووک یاسایی نییە.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی گوتەبێژی پارتی:

 

سەبارەت بە گۆڕانکاری و دوا پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک، ئێمە ھەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی کەرکووک ئەو تێبینییەمان ھەبوو کە ئەنجامەکان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتووانی کەرکووک نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کەرکووک و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو شارە و کۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان کرد. لەو کاتەوە ھەوڵی زۆر درا بۆ ئەوەی لە کەرکووک ھەموو لایەک بگەنە ئەنجام و چارەسەرێکی گونجاو، چونکە دۆخی کەرکوک دۆخێکی ئیستسنائییە و چارەسەرەکەشی دەبێ چارەسەرێکی ئیستسنایی بێت و لە خزمەت بووژانەوە و سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ئەو شارەدا بێت.

 

لە درێژەی ئەو ھەوڵانە، لەگەڵ لایەنە عەرەب و تورکمانەکان چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دران. لە دوایین کۆبوونەوەدا لە ٤ی ئابی ٢٠٢٤ لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانیدا کە سەرجەم نوێنەرانی عەرەب و تورکمان ئامادەی بوون، جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە چارەسەرەکان بە ئاڕاستەی ڕەچاوکردنی مافی سەرجەم پێکھاتەکانی کەرکووک و لە چوارچێوەی تەوافوق و کۆدەنگیی نیشتیمانیدا بێت و ھەموو لایەک لەسەر ئەوە ھاوڕا بوون کە نابێ ئەزموونەکانی پێشوو دووبارە ببنەوە و ڕەئیی جەنابی سەرۆکیش ئەوە بوو کە بۆ دڵنیایی ھەموو لایەک پارێزگارێکی کورد و بێلایەن دیاری بکرێت کە لە لایەن ھەموو لایەنە براوەکان پەسەند بێت.

 

لەدرێژەی ڕاگۆڕینەوەکان و لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کرا کە پارێزگاری کەرکووک بە شێوەی (پلاپی) بێت. ئەوە بوو ھەر لایەک داوای دەکرد کە پێویستە بۆ یەکەم کەڕەت پارێزگار لە پێکھاتەی ئەوان بێت و جەنابی سەرۆکیش پێداگر بوو لەوەی کە دەبێ بۆ یەکەمجار پارێزگار کەسێکی کورد بێت. ھەروەھا سەرۆک بارزانیش داوای لێیان کرد ئەگەر بەو مەرجە ڕازی نین کە بۆ جاری یەکەم پارێزگار لە کوردێکی بێلایەن نەبێ ئەوە دەتوانن بچن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی ڕێک بکەون، کەچی ھەر ھەموویان ڕەتیان کردەوە لەگەڵ یەکێتی لەسەر دانانی پارێزگار ڕێک بکەون. لەدوای ئەوە چەندین کۆبوونەوەی تر ئەنجام دران، ھەرچەندە ھەموو جاریش نیسابی یاسایی بۆ دیاریکردنی پارێزگار تەواو بوو، بەڵام ڕەچاوی ڕۆڵی ھەوڵ و نێوەندگیرییەکانی بەڕێز سوودانی دەکرا، چونکە دۆسیەکە لەدەستی ئەودا بوو و ھەوڵێکی زۆری بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی گونجاو بۆ کەرکووک دابوو.

 

ئەوەشی لە ڕۆژی ١٠ی ئاب لە ھۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکوومەتی خۆجێیی کەرکوک بەبێی ئاگادارکردنەوەی ھەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نییە و گرفتی ھەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نییە. پێمانوایە ئەوەی کراوە ناتوانێ ببێتە چارەسەرێکی دروست بۆ تێپەڕاندنی کێشە و گرفتەکانی شاری کەرکووک.

 

چارەسەرکردن و نەھێشتنی کێشەکانی ئەو شارە و ساڕێژکردنی ژان و ئازارەکانی خەڵکی کەرکووک بە موزایەدات و عاتیفە و یاریی سیاسی ناکرێن. چارەسەر ئەوەیە تاکڕۆیی نەکرێت و ھەوڵی پەراوێزخستنی لایەنەکان نەدرێت و ھەموو لایەک بە نیازپاکییەوە و لەپێناو خزمەتکردنی خەڵک لە بەڕێوەبردنی کەرکووکدا بەشداربن.

 

مەحموود محەممەد

گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان

١٢-٠٨-٢٠٢٤

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...