هه‌واڵ

مامۆستایەکی زانکۆ لەسەر کۆمێنتی فەیسبووک دەستگیر کرا

مامۆستایەکی زانکۆی هەڵەبجە، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زانکۆکە و لەسەر نووسینی پۆست و کۆمێنت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەستگیر کرا.
بۆ هەواڵ و زانیاری بەردەوام زێدپرێس لە تێلیگرام وەربگرە

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە زانکۆی هەڵەبجە بۆ زێدپرێس ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ سێشەم، ٧ی ئایاری ٢٠٢٤، ئوسامە ئەشرەف مامۆستا لە بەشی جوگرافیای زانکۆی هەڵەبجە، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زانکۆکە و بەتۆمەتی تەشهیرکردن لەڕێگەی نووسینی پۆست و کۆمێنت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەستگیر کراوە.

دوابەدوای دەستگیرکردنی مامۆستاکە، ژمارەیەک لە مامۆستا و قوتابیانی زانکۆی هەڵەبجە و چالاکانی دەڤەرەکە، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایەتی و نیگەرانی بەرانبەر دەستگیرکردنی مامۆستاکە کردووە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەکەن.

ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن، مامۆستا دەستگیرکراوەکە، کە بەپێی بەدواداچوونی زێدپرێس، لەشێوەی تەنز و توانجدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەنووسێت، تەشهیری بە کەسێکی دیاریکراو نەکردووە و دەستگیرکردنیشی لەسەر نووسین، وەک پێشێلکاری بەرانبەر بە ئازادی ڕادەربڕین و مافەکانی مرۆڤ لێکدەدەنەوە.

هەر ئەمشەو، ڕێکخراوی سروشتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا، بەئاماژەدان بەوەی کە مامۆستا دەستگیرکراوەکە، ئەندامێکی ڕێکخراوەکەیانە، ڕایگەیاند، مامۆستا ئوسامە ئەشرەف، ئەندام و بەڕێوەبەری ناوەندی ڕاوێژکارانی ڕێکخراوی سروشتی کوردستان، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و بەهۆی چەند پۆست و کۆمێنتێکی تەنزئامێز و دژە گەندەڵی لە فەیسبووک و بە ماددەی دی مۆبایل دەستگیرکراوە.

ڕێکخراوی سروشتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێ: “ئەمەی ڕوویداوە پێشهاتێکی مەترسیدارە و خنکاندنی دەنگە ئازاد و خاوەن هەڵوێستەکانە و مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە کوردستان”.

لەو ڕوانگەیەوە، وێڕای داوای دەستبەجێ ئازادکردنی مامۆستاکە، داواش لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مامۆستایانی هاوپیشەی دەکەن، “بێدەنگ نەبن لەئاست ئەم پێشهاتە مەترسیدارە، و هەوڵەکان چڕکەینەوە کە زیندان نەبێتە جێگەی کەسانی ئەکادیمی و چالاکوان و پارێزەرانی ژینگە.”

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار

سه‌رنجێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button
Loading...