ئەمریکا: لە کشانەوەی کارمەندەکانمان لە عێراق بەردەوامین

ئەمڕۆ یەکشەم، ٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، هەردوو باڵیۆزخانەی گشتی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، هاووڵاتییانی ئەمریکاییان لە هەڵکشانی مەترسییەکان ئاگەدار کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە هەردوو باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکە بڵاویان کردووەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، بە ڕەچاوکردنی هەستیاری دۆخەکە، لە ١٢ی حوزەیرانەوە، پڕۆسەی کشاندنەوەی کارمەندە لاوەکییەکانیان دەستپێکردووە و لە ڕۆژانی ٢١ و ٢٢ی حوزەیرانیشدا کارمەندە لاوەکییەکانیان بەردەوام بوون لە جێهێشتنی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە ئەگەری هەڵکشانی توندوتیژی یان هێرشکردنە سەر ئەو شوێن و ناوەندانە کراوە کە هاووڵاتییانی ئەمریکایی بەزۆری سەردانیان دەکەن. لەو ڕوانگەیەشەوە باڵیۆزخانەی گشتی ئەمریکا لە بەغدا و کونسوڵخانە گشتییەکەی لە هەولێر، داوا لە تەواوی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق دەکەن خۆیان لەو شوێنانە بەدوور بگرن کە بیانییەکان زۆر سەردانیان دەکەن و لە هەمانکاتدا خۆیان بەدوور بگرن لە هەر قەرەباڵغی و کۆبوونەوەیەکی گەورە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، بەرچاوڕوونی بە هاووڵاتییانی ئەمریکایی دراوە، کە دەتوانن بە ڕێگەی وشکانی و لە دەروازە سنوورییەکانی تورکیا و کوێتەوە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەردەوامی بە هۆشداری ئاستی چوارەم دەدات “گەشت بۆ عێراق مەکە” دەدات و دەڵێ: “هاووڵاتییانی ئەمریکایی نابێت بە هیچ هۆکارێک گەشت بکەن بۆ عێراق”.



