ئاسایشی سلێمانی: دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران لەپێناو پاراستنیان بوو

ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەیداوە “پارێزگای سلێمانی هەمیشە مەڵبەندی ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی خۆپیشاندان و ئازادیی کار و چالاکیی سیاسیی بووە و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیش شانازی بەوەوە دەکەن کە هەرگیز لە هیچ هەوڵێک درێخییان نەکردووە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ناڕازی لە چین و توێژە جیاوازەکان”.
ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی سلێمانی، دوای ئەوە دێت، لە شەوی ڕابردووەوە تا پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە و چەندین مامۆستا، چالاکی مەدەنی و سیاسییان دەستگیر کرد کە هەوڵی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکەیان دابوو.
ئاسایشی سلێمانی، سەربازی داننان بە دەستگیرکردنی ئەوان، بەبیری دەهێنێتەوە، کە لە ڕاگەیەندراوی پێشوویاندا، ئاماژەیان بەوەدابوو، کە ئەم ماوەیە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە، زەمینەی خۆپیشاندان لەبار نییە و ئێستایش بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن کە “لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە وردی ئاگاداری پیلانێکی دەستێکی گێرەشێوێن بووین کە بەنیاز بوون خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خۆشەویستی سلێمانی وەک دەرفەتێک بقۆزنەوە بۆ تێکدانی ئارامی و سەقامگیری پارێزگاکەمان و لە ڕێگەی گێرەشێوێنییەوە لەناو خۆپیشاندەران و داواکارانی هەق، مەرامە سیاسییەکانی خۆیان بەدی بهێنن”.
زیاتر دەڵێ: “بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەم پیلانگێڕییە، بە داخەوە ناچاربووین لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەستگیر بکەین کە هیچ ئاگاداری پیلانگێڕییەکە نەبوون و ئامانجی ئێمەش لە دەستگیرکردنیان تەنها پاراستنی گیانی ئەوان و خۆپیشاندەران و خەڵکی ناڕازی بوو بۆ ئەوەی هیچ کەسێک نەبێتە قوربانی”.
ئاسایشی سلێمانی، ئاماژەی بەوەکردووە، کە لەگەڵ ئەوەی هێزەکانیان “بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا کردووە”، بەڵام “بە پێویستی دەزانین داوای لێبووردنیان لێ بکەین و دڵنیایان بکەینەوە کە ئەم هەوڵەمان تەنها بۆ پاراستنی خۆیان و پاراستنی ئارامی شار بووە”.
زیاتر دەڵێ: “ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانیش وەک هەموو مووچەخۆرانی بەڕێز ناڕازین لە دواکەوتن و نەناردنی مووچە و دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ هەموو دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەرکی هێزە ئەمنییەکان پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ژیانی هاووڵاتییانە و بە دڵنیاییەوە لەم بوارەشدا لە هیچ هەوڵێک درێخی ناکەین”.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا دووپاتیان کردووەتەوە، “هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە سلێمانی وەک هەمیشە مەڵبەندی ئازادییەکان دەمێنێتەوە و هێزە ئەمنییەکانیش پارێزەری ئازادی و سەربەستی هاووڵاتییانن”.



